حكومەتی هەرێم سەبارەت بە كۆچبەرانی كورد لە بیلاڕووسیا ڕێكار دەگرێتە بەر

03-11-2021 05:20

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دان بەوەدا دەنێت كە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی "سستە" و جەختیش دەكاتەوە كە "دەبێت هەر خانەوادەیەك پشكی نەوتی سپیی بەر بكەوێت". سەبارەت بە كۆچبەرانی كوردیش لە بیلاڕووسیا، حكومەتی هەرێم دەڵێت "ڕێكاریی قانوونی لە بەرامبەر ئەو كەس و باندانەی كە بازرگانی بە ژیان و سەلامەتیی گەنجانەوە دەكەن" دەگرێتە بەر.

پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێككەوتنمان كردووە كە 150 هەزار لیتر نەوتی سپیمان بۆ بنێرێت، بەڵام ئێمە بەر لەوە 100 هەزار لیترمان بە نرخی پاڵپشتیكراو دابین كردووە"

لەگەڵ ئەوەی وتەبێژی حكومەت جەختی كردەوە كە "نەوتی سپی دابین دەكەین و دەبێت هەر خانەوادەیەك پشكی نەوتی سپیی بەر بكەوێت"، هاوكات دانی بەوەدا نا كە لە ئێستادا "پرۆسەی دابەشكردنەكە سستە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا "سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، باسی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو كۆچبەرانەی هەرێمی كوردستان كە لە وڵاتی بێلاڕووسەوە دەچنە وڵاتانی ئەورووپا".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپاردووە بۆ "وەرگرتنی ڕێكاریی قانوونی لە بەرامبەر ئەو كەس و باندانەی كە بازرگانی بە ژیان و سەلامەتیی گەنجانەوە دەكەن، هەروەها بەردەوامیدان بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم، بۆ چارەسەری كێشە ئەو كۆچبەرە كوردستانییانەی كە لە دەرەوە گیریان خواردووە".

هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی كوردستان پەسەند كرا.

سەبارەت بە وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردووەتەوە لەسەر "ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ خوێندن بە پێی كۆنمرە و شایستەبوون لەگەڵ پاراستنی كوالیتی خوێندن لە زانكۆ وپەیمانگاكان و برەودان بە تواناكان".

سەبارەت بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەولێریش، ئەنجومەنی وەزیران "وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد، بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕوودانی ئەو زیانانە و چۆنیەتی چارەسەركردنیان. بڕیاریش درا لە نزیكترین كاتدا دەست بە خەرجكردنی قەرەبوو بۆ ئەو خێزانە زیانلێكەوتووانە بكرێت".