كۆنترین كارگەی دروستكردنی شەراب لە هەرێمی كوردستان دەدۆزرێتەوە

03-11-2021 05:26
پاشماوەی كارگە دۆزراوەكەی شەراب لە دهۆك

پەرەگراف

چەند زانایەكی شوێنەوارناسی ئیتاڵیی، كارگەیەكی بەرهەمهێنانی شەرابیان لە شاری دهۆك دۆزیوەتەوە، كە پێشبینی دەكرێت كۆنترین شوێنەواری وڵاتی ڕافیدەین بێت و مێژووەكەی بۆ 2700 ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە.

زاناكان 14 حەوزی لەبەرد دروستكراویان دۆزیوەتەوە كە بەشێكیان بەشێوەی چوارگۆشە دروستكراون، پێشبینی دەكرێت كرێكارەكان بۆ گوشینی ئاوی ترێ بەپێ بەكاریان هێنابێت، دواتر ئاوی ترێكە لەڕێی بۆرییەكەوە دەچێتە ناو چەند حەوزێكی خڕ كە لە نزیك حەوزە چوارگۆشەكەوە دروستكراون.

زانا شوێنەوارناسەكان پێشبینی دەكەن لەو سەردەمەدا خەڵك ئاوی ترێیان لە چەندین بتڵدا كۆكردۆتەوە‌و دوای ترشاندنی فرۆشتویانە، شەراب لەو سەردەمەدا لەسەر ئاستێكی فراوان بەكارهێنەری هەبووە.

بەپێی هەواڵێكی تۆڕی سی ئێن ئێن، شوێنەوارەكە لەلایەن چەند زانایەكی شوێنەوارناسی زانكۆی ئۆدینی ئیتاڵیا، بەهاوكاری دەستەی شوێنەواری دهۆك دۆزراوەتەوە.

دانیێل مۆراندی بۆناكۆسی مامۆستای شوێنەوارەكانی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات لە زانكۆی ئۆدینی، دەڵێت "ئەم دۆزینەوە شوێنەوارییە هاوشێوەی نییە، چونكە بۆ یەكەمجارە زانایانی شوێنەوارناسی شوێنی بەرهەمهێنانی شەراب لە باكوری وڵاتی ڕافیدەین دەدۆزنەوە".

"لەكۆتاییەكانی سەردەمی ئاشورییەكاندا، لەنێوان هەشتەم و حەوتەمی پێش زایندا، زیادبونێكی زۆر لە داواكاریی سەر شەراب و بەرهەمهێنانیدا هەبووە" پسپۆڕە شوێنەوارناسە ئیتاڵییەكە وادەڵێت.

پێشتر لە دەستنووسە ئاشورییەكاندا، باس لە زیادبونی داواكاریی لەسەر شەراب كراوە، بەتایبەت لەنێوان ئەندامانی چینە خانەدانەكاندا، چونكە لە چەند شێوازێك لە ئاهەنگ و مەراسیمی دەوڵەمەندەكاندا بەكارهاتووە.

سی ئێن ئێن باسی لەوەكردووە، ئەو ناوچەیەی شوێنەوارەكەی تێدا دۆزراوەتەوە لەكاتی خۆیدا ڕوبەرێكی فراوانی مێو بووە و هەوڵدراوە ڕێژەیەكی زۆر ترێ لە ناوچەكە بەرهەم بهێنرێت.

زاناكان دەیانەوێت لەڕێی داواكارییەكی فەرمییەوە كە پێشكەشی ڕێكخراوی یونسكۆ دەكرێت، ئەو شوێنە بخەنە لیستی ناوچە كلتورییە جیهانییەكانی یونسكۆوە.

ئیمپراتۆریەتی ئاشوری بە یەكێك لە كۆنترین ئیمپراتۆرییەتەكانی جیهان دادەنرێت، كە لە باكوری وڵاتی ڕافیدەین گەشەی كردووە، كە زۆرینەی عێراقی ئێستاو بەشێكی ئێران و كوەیت و سوریا و توركیای گرتووەتەوە.