كۆرۆنا لە ئێران بە خێرایی تەشەنە دەكات؛ لەسەدا 8ی پەرلەمانتاران تووش بوون

03-03-2020 05:27


پەرەگراف

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران بە خێرایی تەشەنە دەكات، تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە ژمارەیەكی بەرزتری تۆمار كرد، ڕێژەی لەسەدا 8ی پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە هەڵگری كۆرۆنان.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 835 تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا لە ئێران تۆمار كراوەو ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتووەتە 2 هەزارو 336 كەس، ئەمەش بەپێی دواین ئامار كە عەلیڕەزا ڕەئیسی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند.

عەلیڕەزا ڕەئیسی ئەوەشی خستە ڕوو، هەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 11 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ 77 كەس.

هەروەها 235 كەس كە هەڵگری كۆرۆنابوون لە ئێران چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووەو نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئێران زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای ھەیە لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست، لە زۆریی ژمارەی مردن بەو ڤایرۆسە ئێران لە دوای چین پلەی دووەمی هەیە، ڤایرۆسەكە زۆربەی پارێزگاكانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوەو چەندین پەرلەمانتارو بەرپرسی حكومیی لەناو تووشبوواندان‌و لەناو ئەو كەسانەشی كە بە كۆرۆنا مردوون بەرپرسی باڵا هەن، وەك محەمەد میرمحەمەدی ئەندامی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێمی ئێران كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

عەبدولڕەزا میسری، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ ڕایگەیاند، 23 پەرلەمانتاریان لەناو تووشبووانی كۆرۆنادان لە كۆی 290 ئەندامەكەی پەرلەمانی ئێران. بەوپێیەش ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لەناو پەرلەمانتارانی ئێراندا دەكاتە لەسەدا 8.

بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە چەندین پارێزگای ئێران، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە، ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایانە بە مادەی پاككەرەوەو دژە ڤایرۆس خاوێن دەكرێنەوە.

لەسەر ئاستی جیهان ڤایرۆسەكە بە خێرایی تەشەنە دەكات‌و لە زیاتر لە 70 وڵات‌و ناوچە تۆمار كراوە، تووشبوون بە كۆرۆنا 92 هەزاری تێپەڕاندووەو زیاتر لەسەدا 95یان لە چینن، دوای چین زۆرترین تووشبوو لە كۆریای باشوورە كە 5 هەزاری تێپەڕاندووەو دوای ئەویش ئێران پاشان ئیتاڵیا دێت.

مردن بەو ڤایرۆسە لە جیهاندا 3 هەزارو 100 كەسی تێپەڕاندووەو زۆرینەیان لە چینن، دوای چین زۆرترین حاڵەتی مردن لە ئێرانە كە 77 حاڵەتەو پاشان ئیتاڵیا پلەی سێیەمی هەیە كە 52 حاڵەتی مردن بە كۆرۆنای هەیە‌و دواتر كۆریای باشوور دێت بە 28 حاڵەت، لە هەریەكە لە ئەمریكا 6 حاڵەت‌و یابانیش 6 حاڵەتی مردنی هەیە.