بنكەی ئەنچەرلیك و سیستمی ئێس 400؛ قەیرانێكی نوێی نێوان توركیاو ناتۆ

04-11-2021 05:54

پەرەگراف

وەزارەتی بەرگری توركیا ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە ئەگەری گواستنەوە سیستمی موشەكی S400ی بەرگریی ڕوسیادەكەن بۆ بنكەی ئەنچەرلیك، كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە بە ناوەندی هاریكاریی نێوان سوپای توركیا و هێزەكانی ئەمریكا و چەند هێزێكی تری وڵاتانی ناتۆ دادەنرێت.

دەنگۆكان تا دێت زیاتر دەبن تا گەیشتووەتە ئەوەی باس لەوە دەكرێت ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانی ناتۆ كەلوپەلە سەربازییەكانیان لە بنكەكەی توركیاوە بەرەو یۆنان دەگوازنەوە، لەنێوانیاندا ئەو موشەكە ستراتیژیانەی لە بنكەی ئەنچەرلیك دانراون، ئەوەش پرسیار لەبارەیڕۆڵی ئەو بنكە سەربازییە دەهێنێتە كایەوە بەتایبەت بەهۆی ڕووداوی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا ناتۆ، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر هەیە ئەنچەرلیك ببێتە ناوەندی هاوكاریی سەربازیی نێوان ڕوسیا و توركیا، لەكاتێكدا بۆ چەندین ساڵ هێمای هەماهەنگی و هاوكاری نێوان توركیاو هاوپەیمانی ناتۆ بووە.

گرفتەكە لەو كاتەوە سەریهەڵداوە كە باس لە ئەگەری گواستنەوەی موشەكە ڕوسییەكان كراوە بۆ بنكەی ئەنچەرلیك، لەبەرامبەردا چەكەكانی دیكەی بنكەكە دەبرێنە دەرەوەی توركیا، ئەوەش لە كاتێكدایە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانی ناتۆ لە هەردوو ڕووی سیاسیو سەربازییەوە لەوپەڕی خراپیدایە.

دواین دیداری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، كە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەچوارچێوەی لوتكەی20 چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەڕێوەچوو، هیچ ڕێكەوتنێكی دووقۆڵی لێنەكەوتووتەوە، بەتایبەت كە توركیا داوای وەشاندنی گورزی سەربازی كردبوو بۆ سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕۆژئاوای کوردستان كە لە واشنتۆنەوە نزیكن.

هاوكات لە كاتێكدابوو كە توركیا بەتەواوی لە گفتوگۆ فەرمییەكان سەبارەت بە پرۆگرامی فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریکی هاتووەتە دەرەوە، دەنگەكانیش لە كۆنگرێسی ئەمریكا تا دێت بەرزتر دەبێتەوە بۆ ئەوەی توركیا نەبێتە خاوەنی فڕۆكەی ئێف ٣٥ی ئەمریكی.

بنكەی ئەنچەرلیك لەسەرەتای ساڵی چلەكانی سەدەی ڕابردوودا دروستكرا، دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری ئەدەنە لە باشوری توركیا،چەندین ساڵە بۆتە بنكەیەكی هەماهەنگی و هاریكاریی سوپاكانی وڵاتانی ناتۆ و توركیا، پێشتر ناوەندی سەرەكی چاودێریكردنی چالاكییە سەربازییەكانی یەكێتی سۆڤیەت و هێزەكانی هاوپەیمانی وارسۆ بووە.

ئەنچەرلیك.. ئیستفزازكردنی ناتۆ

چەندینجار توركیا دۆسیەی بنكەی ئەنچەرلیك و ئەو مۆڵەتەی دەیدات بە فڕۆكەكان بۆ چاودێریكردن لەناو وڵاتەكەیدا، بۆ فشار و ئیستفزازكردنی هاوپەیمانی ناتۆ بەكارهێناوە، هەوڵیداوە لەو ڕێیەوە فشاری سیاسی و سەربازی دروست بكات و چەند ئامانجێك بەدەست بهێنێت.

لە ساڵی حەفتاكان بۆ یەكەمجار توركیا هەڕەشەی داخستنی بنكەكەی كرد، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانی ناتۆ دژی داگیركاری توركیا بوون بۆ دورگەی قوبرس لە ساڵی 1974، بەڵام پێوستی توركیا بە ناتۆ لەو كاتەدا كە ساڵانی جەنگی ناوخۆی نێوان چەپڕەو و ڕاستڕەوەكان بوو لەو وڵاتەدا، ڕێگربوو لەوەی ئەو كارە بكات.

دواتر توركیا لە جەنگی عێراقدا ڕێگری كرد لەوەی بنكەكە بۆ هێرشەكانی ڕوخاندنی رژێمی سەدام بەكاربهێنرێت.

ساڵی 2007 توركیا ناتۆی توشی شۆك كرد، كاتێك ڕایگەیاند، بەنیازە سیستمی موشەكی HQ9ی بەرگری ئاسمانی لە بنكەكە دابنێت، بۆ ئەوەش ساڵی 2013 بەفەرمی ڕێكەوتنی لەگەڵ چیندا ئەنجامدا، بەڵام دوای ساڵێك بەهۆی فشارەكانی ناتۆ و تێكچونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕوسیادا پاشگەزبووەوە.

دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی تورکیا لە 2016 و ڕەتكردنەوەی ئەمریكا بۆ ئەوەی عەبدوڵا گولەن ڕادەستی تورکیا بكات كە بەكەسی پشت كودەتاكەی ناودەبات، جارێكی دیكە ئەنقەرە هەڕەشەی داخستنی بنكەكەی كرد.

ئۆزگور جەنمبلی توێژەری بواری سیاسەت لەبارەی بەكارهێنانی بنكەی ئەنچەرلیك وەك كارتێكی فشار بەرامبەر بە ناتۆ، دەڵێت "بنكە سەربازییەكە یەكێكە لەو كارتە كەمانەی بەدەست توركیاوە ماوەتەوە بۆ ئەوەی خۆی بە ناتۆوە ببەستێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا سەرجەم كارتە بەهێزەكانی لە جەنگی ساردی نێوانیاندا سوتاند".

 

"هەڕەشەكانی توركیا و ئیستفزازكردنی ناتۆ، وەك یاریكردنی لێهاتووە بە لێواری بابەتەكە، چونكە بژاردەكان لە بری بنكەكە ئێستا زۆرن، چەند جارێكیش سەركردەكانی ناتۆ باسیان كردووە كە بژاردەی دیكەیان هەیە لە یۆنان و ئوردن و چەند وڵاتێكی دیكە، هەروەها ئێستا توركیالەڕووی سەربازی و سیاسییەوە قورساییەكی بۆ سەر ناتۆ دروستكردووە لەبەرامبەر چەند سودێكی كەم كە ئەو وڵاتە پێشكەشی دەكات" جەنمبلی وادەڵێت.

لەئێستادا چەند دۆخێك هەیە كە توركیا زۆر پێی هەستیارە و ئەگەر هەیە بەستنەوە سەربازییەكەی لەگەڵ ناتۆدا هەڵگێڕێتەوە، بەتایبەت دوای ڕێكەوتنی بەرگری ستراتیژی نێوان یۆنان و ئەمریكا كە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو واژۆكرا، هاوكات یۆنان هەمان ڕێكەوتنیشی لەگەڵ فەرەنسا هەیە.

پێش ئەو ڕێكەوتنەش ئەمریكا چەند گرێبەستێكی فرۆشتنی چەكی ستراتیژی لەگەڵ چەند وڵاتێكی ناوچەكە واژۆكرد، بەڵام توركیا یەكێك نەبوولەو وڵاتانە.