لاهور شێخ جەنگی: بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی ڕەت دەکەمەوەو دەسەڵاتەکانم وەک ھاوسەرۆک بەکاردەھێنمەوە

04-11-2021 07:08

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی لە نوسراوێكدا بۆ سکرتاریەتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەكێتی، ئاگاداریان دەکاتەوە کە بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی ڕەتدەكاتەوە و دەسەڵاتەكانی خۆی وەك هاوسەرۆك بەكار دەهێنێتەوە.

لاھور شێخ جەنگی نووسراوەکەی وەک ھاوسەرۆک ئاڕاستەی سەرکردایەتی حزبەکەی کردووەو تێیدا دەڵێت: ھەموو ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە خۆم و چەند ھاڤاڵێکی تری سەرکردایەتی دراون دراون ڕەت دەکەمەوە، بەھۆی ئەوەی نا پەیڕەوین و لە دەرەوەی کۆبوونەوەی فەرمیی سەرکردایەتی دراون.

لە نووسراوەکەیدا کە دەست پەرەگراف کەوتووە، لاھور شێخ جەنگی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئایندەی یەکێتی لەبەردەم لێکترازاندایەو لە پێناو پاراستنی کەرامەتی یەکێتی"، بڕیاردا ھەموو ئەو دەسەڵاتە تەنفیزییانەی بە شێوەیەکی کاتیی و تا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی کردبوو، سەرجەمیان بەکار دەھێنێتەوە کە پەیڕەوی ناوخۆ بۆی دیاری کردووە.

لاھور شێخ جەنگی بڕیاری بەکارھێنانەوەی دەسەڵاتەکانی، بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێنێتەوە؛ پابەند نەبوون بە خاڵ و بڕگەکانی ئەو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی کە تێیدا دەسەڵاتەکانی ڕادەست کردووە ھەروەھا ڕێگریی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی.

"پێتان ڕادەگەیەنم کە گشتاندنی ئەم نوسراوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی حزب بکرێت" لاھور شێخ جەنگی وادەڵێت.

نووسراوەکەی لاھور شێخ جەنگی دوای ئەوەدێت بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، بە نووسراوێك بڕیاری "دەركردن"ی بۆ لاهور شێخجەنگی و چوار ئەندام سەرکردایەتی نزیک لە ئەو دەرکرد.

ئەو ماددە و بڕگانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی كە بۆ بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی پشتی پێ‌ بەستراوە، باس لە (ناپاكی، كاركردن بۆ پارتەكانی تر لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، كاركردن دژ بە بەرژەوەندییەكانی گەل و سیاسەتی یەكێتی، ئەنجامدانی بازرگانی و بەكارهێنانی پێگەكەی بۆبەرژەوەندیی خۆی، دركاندی نهێنی) دەكەن.