دوو خۆپیشاندەر لە بەغداد کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون

05-11-2021 06:16

پەرەگراف

خۆپیشاندان لە بەغداد دژی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن گرژیی لێکەوتەوەو پێکدادن لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان ڕوویدا، دوو خۆپیشاندەر کوژران و ١٢٥ کەسیش برینداربوون کە زۆرینەیان لە ھێزە ئەمنییەکانن، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ بکرێت و داوا لە ھێزە سیاسییەکان دەکات دۆخەکە ھێور بکەنەوە.

کازمی داوا لە خۆپیشاندەران دەکات بە شێوازێکی مەدەنی و ئاشتییانە ناڕەزاییەکانیان دەربڕن و ھێزە ئەمنییەکانیش پیشەییانە مامەڵەبکەن و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن لە ناویاندا مافی خۆپیشاندان.

ڕەوتی سەدر لەبارەی بارگرژییەكانی ئەمڕۆی ناو خۆپیشاندانەكان دەڵێت "ئەو بارگرژییەی لایەنە دۆڕاوەكان دروستیان كردووە، كارێكی مەترسیدارە".

لای خۆیشیەوە موقتەدا سەدر جەختی كردووەتەوە كە "خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێكی یاسایی و شەرعییە"، بەڵام دەشڵێت "ناكرێت خۆپیشاندانی ئاشتییانە لەپێناو تانەی هەڵبژاردن، بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانی توندوتیژی و بچووككردنەوەی دەوڵەت".

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، كە ناڕازیترین لایەنی هەڵبژاردنەكانە و لە پشت خۆپیشاندانەكانەوەیە، دەڵێت "لەگەڵ ئیدانەكردن بە توندترین شێوە، بە تووڕەییەوە چاودێریی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران لەلایەن لایەنە حكومییەكانەوە دەكەین كە بەشێوەیەكی ئاشتییانە ناڕەزایی بەرانبەر دزینی دەنگەكانیان و ئەنجامی ساختەی هەڵبژاردن دەردەبڕن".

"داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەكەین كە دەستوەردانی بەپەلە بكات بۆ تۆڵەكردنەوە لەوانەی كە فەرمانی تەقەكردنیان بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران داوە"، عامری وا دەڵێت.

هەروەها نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە یەكێكە لە سەركردەكانی پشت خۆپیشاندان، داوای لە خۆپیشاندەران كرد گرژی و ئاڵۆزی دروست نەكەن و خۆیان لە بەریەككەوتن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەدوور بگرن.

هاوكات عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی جەختی لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ئاشتییانە كردەوە و داواشی لە "كۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی دادوەری كرد بەدواداچوون بۆ تەواوی تانەكانی هەڵبژاردن بكەن".

ھێزە سیاسییەکانی عێرق، بە تایبەت ئەوانەی ناڕازین لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمان، بە تووندی ئیدانەی توندوتیژیی ھێزە ئەمنییەکانیان کرد و پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکەو كەمبونەوەی ژمارەی كورسییەكانی هاوپەیمانی فەتح كە باڵی سیاسی حەشدی شەعبییە، ناڕەزاییەکان سەریانھەڵداو خۆپیشاندان دەستی پێکردو ئەمڕۆش لە ناوچەی سەوزی بەغداد درێژەی ھەبوو.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، فەتح 17 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بووە خاوەنی 48 كورسی و براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكە بوو.

لە پاڵ خۆپیشانداندا، هەڕەشەو زمانی تووندی لایەنە دۆڕاوەكان كە خاوەنی هێزی چەكدارین، مەترسیی لای هەندێك كەس دروست كردووەكە سەربكێشێت بۆ شەڕو ڕوبەڕوبوونەوەی چەكداریی.