یەكێتی گۆڕانكاریی لە لوتكەی حیزبەكەیدا دەست پێ دەكات

06-11-2021 02:04

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوەو بڕیار لە كۆبوونەوەی فراوانی سەركردایەتی دەدات كە دەبێتە یەكەم كۆبوونەوەی دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمووز.

یەكێتی پلانی گۆڕانكاریی ڕیشەیی داڕشتووە كە لە لوتكەی حیزبەكەوە دەست پێ دەكات‌و ئۆرگانەكانی دیكەی ئەو حزبە دەگرێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆخی ناوخۆی یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی دەبێت، تێیدا سەركردایەتی ڕادەسپێردرێت تا ئامادەكاریی بكرێت بۆ كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتی".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەرنامەیەی دانراوە بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لە ناوخۆی یەكێتی، دەبرێتە كۆبوونەوەی فراوانی سەركردایەتی بۆ گفتوگۆو بڕیاری كۆتایی.

"بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، سیستمی هاوسەرۆكی نامێنێت، ئەنجومەنی سەركردایەتی بچووك دەكرێتەوەو لەسەر ئاستی هەموو ئۆرگانەكان گۆڕانكاریی دەكرێت، بۆچوونێك هەیە كۆنگرەیەكی پێشوەخت بكرێت‌و گۆڕانكارییەكان ببرێنە ئەو كۆنگرەیە، بۆچوونێَكی دیكەیش هەیە كە پێویست بە كۆنگرە ناكات" سەرچاوەكە وای وت.

لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمووز‌و گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی، تائێستا كۆبوونەوەی فراوانی سەركردایەتی ئەو حیزبە نەكراوە، ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە داواكاریی بەردەوامی لاهور شێخ جەنگی بووە، بەڵام ئێستا كاتێك كۆبوونەوەكە دەكرێت كە لاهور شێخ جەنگی بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لە یەكێتی "دەركراوە".

لاهور شێخ جەنگی بڕیاری دەركردنی خۆی ‌و ئەو ئەندام سەركردایەتییانە ڕەت دەكاتەوە كە نزیكن لێیەوە، لە نووسراوێكدا بۆ سەركردایەتی حزبەكەی ئاگاداری كردوونەتەوە كە پابەندی ئەو بڕیارە نابێت‌و ئەو دەسەڵاتانەیشی پێشووتر ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كردبوو وەریان دەگرێتەوەو بەكاریان دەهێنێتەوە.

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، ئەو نووسراوەی لاهور شێخ جەنگی بۆ سەركردایەتی یەكێتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باس دەكرێت‌و "پێدەچێت وەڵام بدرێتەوە".

ئەو ماددە و بڕگانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە بۆ بڕیاری دەركردنی لاھور شێخ جەنگی پشتیان پێ‌ بەستراوە، باس لە (ناپاكی، كاركردن بۆ پارتەكانی تر لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، كاركردن دژ بە بەرژەوەندییەكانی گەل و سیاسەتی یەكێتی، ئەنجامدانی بازرگانی و بەكارهێنانی پێگەكەی بۆبەرژەوەندیی خۆی، دركاندی نهێنی) دەكەن.