ڕۆژئاوای كوردستان ئامادەیە بۆ ڕێككەوتن لەسەر نەوت‌و گاز لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد

06-11-2021 03:25
ئاڵدار خەلیل - بەشار ئەسەد

پەرەگراف

ڕۆژئاوای كوردستان خوازیاری گفتوگۆو ڕێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی سوریا لەسەر دۆسیە جیاوازەكان لە ناویاندا نەوت‌و گازو سامانی سروشتیی.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) كە حزبی دەسەڵاتدارە لە ڕۆژئاوای كوردستان، باس لە گفتوگۆی ئیدارەی خۆجێی كورد دەكات لەگەڵ ڕژێمی سوریا، هەروەها چارەنوسی كێڵگەكانی نەوت و گاز لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی كوردیدا ئاشكرا دەكات.

ئاڵدار خەلیل لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ڕوسیا الیوم، دەڵێت "دەبێت ڕێكەوتنێك هەبێت لەگەڵ ڕژێمی سوریا، بەڵام لە جنێف نا بەڵكو لە دیمەشق، دەبێت چ شتێك ڕێگربێت ئێمە وەك سورییەكان دابنیشین و گفتوگۆ بكەین؟ چارەسەرەكان بۆ سەرجەم كێشەكانی سوریا بخەینەڕوو".

ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە، لەبارەی چارەنوسی كێڵگەكانی نەوت و گاز، دەڵێت "دۆسیەی سامانی سروشتی و كیڵگەكانی نەوت و گاز بەشێك دەبێت لە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی سوریا. ئەو سامانەی لە ناوچەكەیە، تەنها بۆ ئەم ناوچەیە نییە، ئێمە نامانەوێت ئەو سامانە قۆرغ بكەین، بەڵكو بە سامانێكی نیشتمانی دادەنێین بۆ سەرجەم سورییەكان و تەواوی سوریا".

ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای كوردستان جەختدەكاتەوە لەوەی، ئەگەر ئەوان لەگەڵ حكومەتی سوریا لەسەر دۆسیەی سیاسی و ئیداریی ڕێكەوتن بكەن، ئەوا زۆر بە ئاسانی لەسەر دۆسیەی نەوتیش ڕێكدەكەون.

لەبارەی ئەگەری هێرشێكی نوێی توركیا بۆسەر ئیدارەی خۆجێی لە ڕۆژئاوای كوردستان و ڕێگرییەكانی ئەمریكا و ڕوسیا لە كارێكی لەو شێوەیە، خەلیل ئاماژەی بەوەكرد، توركیا هەمیشە ویستویەتی قەیرانەكانی سوریا بكاتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی ناوچەكانی باكور داگیر بكات، ئەگەر ڕوسیا و ئەمریكاش جدی بوونایە لە ڕێگریكردن لێی، ئەوا دەیانتوانی بە ڕستەیەك بە ئەردۆغان بڵێن "ڕێگەت پێنادەین" ئەوەش بەسبوو، بەڵام دیارە لایەنی ئەمریكی و ڕوسیی خۆیان یەكلانەكردۆتەوە بۆ ڕێگریكردن لە ئەردۆغان.