دوای ڕووداوەكانی بەغداد؛ حكومەت لێكۆڵينەوە دەكات و خەزعەلیش بەڵێنی وەڵامدانەوە دەدات

06-11-2021 06:34
خێمەی خۆپیشاندەران لە بەغداد

پەرەگراف

سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بەرەیانی ڕۆژی شەممە دەستی كرد بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی ڕۆژی هەینی بەغداد، كە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك قوربانیی لێ كەتەوە.

ئاژانسی فەرمیی عێراق ڕایگەیاندووە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران فەرمانی كردووە بە "دروستكردنی لیژنەیەكی باڵا كە لەنێوان ئەندامەكانیدا چەند ئەندامێكی حەشدی شەعبی هەیە".

سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "لیژنەكە ڕاستەوخۆ دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە بۆ زانینی دیوی پشتەوەی ڕووداوەكان و كاردانەوەكانی، كە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان". بەڵام بەیاننامەكە بەشێوەیەكی فەرمی باسی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی نەكردووە.

"ئەوانەی كەمتەرخەم بوون دەبرێنە بەردەم یاسا، بۆئەوەی لێپێچینەوە لە كەموكوڕیەكانیان بكرێت، چونكە فەرمانی سەركردەی باڵای هیزە چەكدارەكان بەوە بوو كە لە هیچ دۆخێكدا گوللـە بەرامبەر خۆپیشاندەران نەتەقێندرێت"، بەباننامەكە وا دەڵێت.

هەروەها مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران فەرمانی كردووە قەرەبووی قوربانییەكان بكرێتەوە، خۆیشی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان دەكات.

ئەمە یەكەم پێكدادانی توندی نێوان هێزە ئەمنییەكان و لایەنگرانی ئەو حیزبانە بوو كە هێزی چەكداریان لە پشتە و بە هاوپەیمانی ئێران دادەنرێن، ئەوەش دوای ئەوە لە هەڵبژاردنەكانی 10 تشرینی یەكەم كورسییەكی كەمیان بەدەست هێنا و ژمارەی ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە دەیان كەس كەمی كرد.

سەرچاوە ئەمنییەكان دەڵێن، پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی بەكار هێناوە و گوللـەی بەرەو ئاسمان تەقاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەران بەردبارانیان كردن و هەوڵیان داوە بچنە ناوچەی سەوز كە فەرمانگە حكومییەكان و باڵوێزخانەی وڵاتانی لێیە.

لای خۆیەوە قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، كە یەكێكە لە لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنانی حەشدی شەعبی، بەڵێنی بە مستەفا كازمی داوە وەڵامی خۆیان دەبێت بۆ دەركردنی لایەنگرەكانیان لەبەردەم ناوچەی سەوز.

خەزعەلی لە وتەیەكیدا لەناو خەپیشاندەراندا ئاماژە بەوە دەكات، وەڵامیان بۆ ئەو كارە دەبێت، لە شوێنی كوژرانی خۆپیشاندەرانیش پرسە دادەنێن و خۆی بەشداریی پرسەكە دەكات.

لای خۆیەوە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانیی دەربڕیوە لە پەرەسەندنی دۆخەكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لێكەوتنەوەی قوربانی، داوایشی كردووە هەمووان خۆڕاگربن و دووربن لە توندوتیژی.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبارەی ئاماری قوربانییەكانەوە ئاشكرای كردووە، دوو خۆپیشاندەر كوژراون و 125 كەسی دیكەش بەریندار بوون كە زۆرینەیان ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان.

ڕەەوتی سەدر كە زۆرینەی كورسییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بردووەتەوە، لەبارەی بارگرژییەكانی ڕۆژی هەینیی ناو خۆپیشاندانەكان دەڵێت "ئەو بارگرژییەی لایەنە دۆڕاوەكان دروستیان كردووە، كارێكی مەترسیدارە".

لای خۆیشیەوە موقتەدا سەدر جەختی كردووەتەوە كە "خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێكی یاسایی و شەرعییە"، بەڵام دەشڵێت "ناكرێت خۆپیشاندانی ئاشتییانە لەپێناو تانەی هەڵبژاردن، بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانی توندوتیژی و بچووككردنەوەی دەوڵەت".

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، كە ناڕازیترین لایەنی هەڵبژاردنەكانە و لە پشت خۆپیشاندانەكانەوەیە، دەڵێت "لەگەڵ ئیدانەكردن بە توندترین شێوە، بە تووڕەییەوە چاودێریی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران لەلایەن لایەنە حكومییەكانەوە دەكەین كە بەشێوەیەكی ئاشتییانە ناڕەزایی بەرانبەر دزینی دەنگەكانیان و ئەنجامی ساختەی هەڵبژاردن دەردەبڕن".

"داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەكەین كە دەستوەردانی بەپەلە بكات بۆ تۆڵەكردنەوە لەوانەی كە فەرمانی تەقەكردنیان بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران داوە"، عامری وا دەڵێت.

هەروەها نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە یەكێكە لە سەركردەكانی پشت خۆپیشاندان، داوای لە خۆپیشاندەران كرد گرژی و ئاڵۆزی دروست نەكەن و خۆیان لە بەریەككەوتن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەدوور بگرن.

هاوكات عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی جەختی لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ئاشتییانە كردەوە و داواشی لە "كۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی دادوەری كرد بەدواداچوون بۆ تەواوی تانەكانی هەڵبژاردن بكەن".

هێزە سیاسییەكانی عێرق، بە تایبەت ئەوانەی ناڕازین لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆكتۆبەری پەرلەمان، بە تووندی ئیدانەی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەكانیان كرد و پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكەو كەمبونەوەی ژمارەی كورسییەكانی هاوپەیمانی فەتح كە باڵی سیاسی حەشدی شەعبییە، ناڕەزاییەكان سەریانهەڵداو خۆپیشاندان دەستی پێكرد، ڕۆژی هەینیش لە ناوچەی سەوزی بەغداد درێژەی هەبوو كە توندیژی و پێكدادانی لێكەوتەوە.