ئێران داخستنی گەرووی هورمز وەك كارتێكی بەهێز پیشانی ئەمەریكا دەدات

28-04-2019 07:19
ئێران داخستنی گەرووی هورمز وەك كارتێكی فشار بەكار دەهێنێت.


پەرەگراف

جارێكی دیكە ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەكات‌و وەك كارتێكی بەهێز پیشانی دەدات لە بەرامبەر سزاكانی ئەمەریكا كە ئامانجیان سفر كردنەوەی فرۆشی نەوتی ئێرانە. سەرۆكئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەڵێت، ئەگەر نەوتی وڵاتەكەی لەو گەرووەوە تێنەپەڕێت، نەوتی وڵاتانی دیكەش تێناپەڕێت.

محەمەد باقری، سەرۆكئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران، لە كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی وڵاتەكەی، وتی "ئەگەر لایەنێك بیەوێت ئاسایشی گەرووی هورمز بخاتە مەترسییەوە، ئەوا ڕووبەڕووی دەبینەوە."

باقری لەگەڵ ئەوەی ڕایگەیاند كە ویستی داخستنی گەرووی هورمزیان نییە، لە هەمان كاتدا جەختی لەوە كردەوە "ئەگەر دوژمنكاریی دوژمنەكانمان بگاتە ئاستێك كە چارەیەكی دیكەیان نەبێت، ئەوا توانای ئەوەمان هەیە كە گەرووی هورمز بە تەواوی دابخەین."

سەرۆكئەركانی سوپای ئێران هۆشداریشی دا كە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بكرێت، ئەوا بێگومان وڵاتەكەی ڕێگری لە هەناردەی نەوتی وڵاتانی دیكە دەكات.

ئەوەش دوای ئەوەدێت ڕۆژی 22ی ئەم مانگە ئەمەریكا كۆتایی بەو ماوەیە هێنا كە بۆ پەیداكردنی جێگرەوەی نەوتی ئێران بە هەشت وڵاتی دابوو. بەپێی مۆڵەتەكەی ئەمەریكا لە دوای سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاكان بەسەر ئێراندا كە كەرتی وزەی ئەو وڵاتەی كردە ئامانج، ڕێگە بە هەریەكە لە چین، هیندستان، یابان، كۆریای باشوور، توركیا، یۆنان و ئیتاڵیا درابوو بۆ ماوەی 180 ڕۆژ نەوت لە ئێران بكڕن، بەڵام ئەو وادەیە كۆتایی هاتووەو ئەمەریكا دەیەوێت فرۆشی نەوتی ئێران سفر بكات.

لە دوای ئەو بڕیارە، بەرپرسانی ئێران چەند جارێك هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزیان كردووە. لای خۆیەوە ئەمەریكا داوای لە ئێران كردووە خۆی لە هەنگاوێكی لەو شێوەیە بەدوور بگرێت كە هێرشە بۆ سەر ڕێڕەوێكی ئاوی جیهانیی.

پێدەچێت هەنگاونان بۆ داخستنی گەرووی هورمز كە گرنگترین ڕێڕەوی بازرگانیی نەوتی جیهانە، لە تووندترین كاردانەوەكانی تاران بێت بەرامبەر سزاكانی ئەمەریكا.

ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران كشایەوەو سزاكانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆككۆماری ئێران هۆشداریی دایە ترەپ لە هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ وڵاتەكەی‌و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كرد.

هەنگاوێكی لەو جۆرەی تاران دەبێتەهۆی خنكاندنی وڵاتانی كەنداوی عەرەب كە ئەو گەرووە تاكە ڕێڕەویی بازرگانیی دەریاییانە.

گەروی هورمز بە "دەم"ی كەنداوی عەرەب(یاخود كەنداوی فارس) دادەنرێت‌و گەورەترین ڕێڕەوی جیهانییە بۆ هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكان، دەوروبەری لەسەدا 30 بازرگانی دەریایی نەوت لەو گەرووەوە ئەنجامدەدرێت.

هێڵە سوورەكە تێپەڕبوونە بە گەروی هورمزدا

گەروی هورمز شوێنێكی ستراتیژییە بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەب بەوپێیەی تاكە ڕێڕەوی دەرچوونە لە كەنداوەكە، ئەگەر ئەو گەرووە دابخرێت، ئەو وڵاتانە ڕوبەڕوی كێشەی قورسی ئابوری دەبنەوە كە بریتین لە؛ عێراق، كوەیت، سعودیە، بەحرەین‌و قەتەر.

گەرووەکە دەكەوێتە نێوان پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران و پارێزگای موسەندەمی عوممان، دەریای عوممان و کەنداوی فارس پێکەوە دەبەستێت.

ئێران لە ڕێگەی بەلەمی تیژڕەو و کەشتیی جەنگی و ژێردەریایی و مووشەکی کرووزی دژەکەشتی و مووشەکی بالیستی و تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کۆنتڕۆڵ و چاودێریی گەرووەکە دەکات. هەر لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانێت ڕێگری لە تێپەڕینی کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکان بکات.