ڕاوێژكارێكی بارزانی: بەرهەم ساڵح بۆ لێدان لە یەكێتی‌و پارتی لەگەڵ سەدرو عامری ڕێككەوتبوو

03-03-2020 08:21


پەرەگراف

ڕاوێژكارێكی مەسعود بارزانی دەڵێت، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە ئامانجی تۆڵە سەندنەوە لە هاوڕێكانی لە ناو یەكێتی‌و تۆڵە سەندنەوە لە پارتی، بەشداریی كردووە لە ڕێككەوتنی نێوان سەدرو هادی عامری بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كە لە ئێران پلانی بۆ دانراوە.

مەسعود حەیدەر، ڕاوێژكاری مەسعود بارزانی لە وتارێكدا زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكات لەبارەی ڕێككەوتنەكان بۆ ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی تا حكومەتێكی نوێ لە عێراق پێكبهێنێت، شكستی عەللاویش كە نەیتوانی كابینەكەی پێكبهێنێت‌و داوای لێبوردنی كرد، بە سەركەوتنی دیموكراسیی‌و شكستی "كودەتا" ناودەبات.

لە سەرەتای وتارەكەیدا مەسعود حەیدەر نووسیویەتی: بەھۆی نزیك بوونمان لە ناوەندی بڕیاری سیاسی، ئەوەی نووسیومە زانیارییە نەوەك خوێندنەوەو لێكۆڵینەوە.

ئەو ڕاوێژكارەی بارزانی لە بەشێكی وتارەكەیدا دەڵێت: ھەردوو سەركردەی شیعە، سەدرو عامری لە شاری قوم ڕێككەوتن لەسەر ڕاسپاردنی محەمەد توفیق عەللاوی بۆ پێكھێنانی حكومەت و سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر بەرھەم ساڵحیش بەشداری ئەم ڕێكەوتنە بووە.

مەسعود حەیدەر دەشڵێت، سەرۆك كۆمار دوو ئامانجی سەرەكی ھەبوو لەم پڕۆسەیە، "أ- تۆڵە سەندنەوە لە ھاورێكانی لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ھۆكاری ھەڵنەبژاردنی وەكو سەرۆك یاك سكرتێری یەكێتی. ب- تۆڵە سەندنەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر پشتیوانی نەكردنی لە رووی سیاسیەوە".

بەوتەی ئەو ڕاوێژكارەی بارزانی، بەرهەم ساڵح ویستوویەتی، ئەو پەیامەش بنێرێت بۆ سەركردایەتی كورد كە مافی كورد و شایستەكانی، لای ئەو یەكلادەبێتەوە، مەسعود حەیدەر دەڵێت "دكتۆر بەرھەم ساڵح لەگەڵ سەدر رێكەوتنی كردووە كە كاندیدی وەزارەتەكانی كورد و عەرەبیش ئەو دیاری دەكات و بە فلتەری سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار تێدەپەڕێت و بەشێكی زۆری ئەم رێكەوتنە جێبەجێ كرا".

دەقی وتارەكەی مەسعود حەیدەر

سەركەوتنی دیموكراسیەت و شكستی كودەتای سپی لە عێراق

لای ھەمووان ئاشكرایە كە دەوڵەتی عێراق لەسەرتای درووستبوونیەوە بە چەندین كۆدەتای خوێناوی تێپەڕیوەو پێكھاتەكانی عێراق تووشی نەھامەتی گەورە بوونەو ووڵات وێران كراوەو داھاتەكەی بەھەدەر چووەو خەڵكەكەی سەرگەردان بووە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ قۆناغێكی نوێ لە عێراق دەستیپێكرد و بە ھەوڵ كۆششی تێكۆشەرە نیشتمانپەروەرەكان سیستمێكی سیاسی نوێ دارێژرایەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ ئامانجەكانی گەلانی عێراق بە نووسینەوەی دەستورێك كە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤی دێتە چەسپاو و بنەمایەكی بتەو بێت بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی فیدراڵی.

لە ماوەی ١٦ ساڵی حوكمڕانی لە بەغداد، حكومەتە جیاوازەكان نەیانتوانی تێڕوانینێكی روون دابرێژن بۆ بوژانەوەی ئابووری و ژێرخانی ووڵات و باشكردنی ژیانی خەلك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارێ بنەرەتێكان و بەرجەستەكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان، لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ خۆپیشاندانەكان بەرپابوویەوەو داواكاری خۆپیشاندەران لەناوبردنی گەندەلی و ژیانێكی شایستەو رەخساندنی ھەلی كار بوو كە ھەمووی داواكاری بە جێیەو دەستورین.

لە ئەنجامی كێشەو گۆرانكارێكانی دوای خۆپیشاندانەكان محمد تۆفیق عەللاوی راسپێردرا بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق وەكو كەسایەتیەكی سەربەخۆ بۆ حكومەتێكی سەربەخۆ، ھەم شەخسی عەللاوی و ھەم خانەوادەكەی جێگەی رێزو تەقدیری سەرۆك مەسعود بارزانی و سەركردایەتی سیاسی كوردن. عەللاوی بە شێوەیەك وێنا كرا كە سەربەخۆیەو دەبێتە كلیلی چارەسەری كێشەكانی عێراق كە گەلانی عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنن ھەروەھا و داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ دەكات.

پاش ئەو ھەموو ئاڵۆزیە عەللاوی راسپێردرا بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێ لە بەغدا، پاش راسپاردنی و لە ئەنجامی ھەڵسوكەوت و لێدوانەكانی بۆ ھەموو لایەك روون بۆوە كە سەربەخۆ نییەو زانیاری وردمان دەسكەوت كە ھیچ سەربەخۆبوونێكی نییەو سێبەری خستە سەریان.

پرسیارەكەش ئەوەیە كە چۆن و بە چی شێوەیەك راسپێردرا بۆ پێكھێنانی حكومەت؟

بە پێی زانیارێ وردەكان پڕۆسەكە لە دەرەوەی عێراق پلانی بۆ دارێژراو بەم شێوەی خوارەوە:

١- ھەردوو سەركردەی شیعە سەدرو عامری لە شاری قوم رێككەوتن لەسەر راسپاردنی محمد توفیق عەللاوی بۆ پێكھێنانی حكومەت و سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر بەرھەم ساڵحیش بەشداری ئەم رێكەوتنە بووە.
لێرەدا پێویستە بپرسین چۆن ئەم رێكەوتنە كراوەو چۆن دەكرێ سیفەی سەربەخۆ بدەین بە عەللاوی؟

٢- دكتۆر بەرھەم ساڵح لەگەڵ سەدر رێكەوتنی كردووە كە كاندیدی وەزارەتەكانی كورد و عەرەبیش ئەو دیاری دەكات و بە فلتەری سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار تێدەپەڕێت و بەشێكی زۆری ئەم رێكەوتنە جێبەجێ كرا.

سەرۆك كۆمار دوو ئامانجی سەرەكی ھەبوو لەم پرۆسەیە:

أ- تۆڵە سەندنەوە لە ھاورێكانی لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ھۆكاری ھەڵنەبژاردنی وەكو سەرۆك یاك سكرتێری یەكێتی.

ب- تۆڵە سەندنەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر پشتیوانی نەكردنی لە رووی سیاسیەوە.
ھەروەھا سەرۆك كۆمار ویستی پەیامێك بنێرێ بۆ سەركردایەتی كورد كە مافی كورد و شایستەكانی لای ئەو یەكلادەبێتەوە.

٣- ھەروەھا عامریش ئامانج و ئەجێندای تایبەت بە خۆی ھەبوو، لەگەڵ سەدر رێكەوتنی كردبوو كە حكومەتەكەی عەللاوی كاتی دەبێت و سەدر وەعدی پێدابوو كە حكومەتی داھاتوو بە سەرۆكایەتی عامری دەبێت.

٤- ھەروەھا سەدر ئەجێندای تایبەت بە خۆی ھەبوو، ویستی دامودەزگاكانی دەوڵەت پر بكات لە كادرەكانی خۆی لە ماوەی حكومەتەكەی عەللاوی. ھەروەھا لە لێدوانەكانی ئاماژەكانی خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناغێكی مەترسیدار بەدی دەكرا لە عێراقدا، بە ھەرەشەكردن لە پێكھاتەكان و ناو ھێنانی پێشمەرگە بە میلیشیا كە دەستوور ھەبوونی سەلاماندووە، لێدوانەكانی سەدر لە خزمەت پرۆسەی سیاسی و ئاشتی كۆمەڵایەتی نەبوو لە عێراو دوای ئەو قۆماغە خوێناویەی شەڕی ناخۆی تایفی كە دەیان ھەزار بێتاوان بوونە قوربانی تێدا لە گشت پارێزگاكانی عێراق.

ئەوەی كە ئاماژەمان پێكرد كۆدەتایەكی سپی بوو لەسەر پرۆسەی سیاسی و شەراكە لە عێراقدا.

خودی محەمەد تۆفیق عەللاوی لەسەر بنەمای نا سروشتی ھەلسوكەوت مامەڵەی دەكرد بە استخارەو پەنا بردن بۆ منجمین و لەبەر رۆشنایی ئەوانە مامەڵەی دەكرد لەگەڵ پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت. عەللاوی ئەو قەناعەتەی لا گەڵاڵە بوو كە ئەو رزگاركەری عێراقەو بە ئیرادەیەكی ئیللاھی راسپێردراوەو موعجیزە دروست دەكات، لەبەر ئەوە تووشی غرور بوو وە بریاری دا تەنھق مامەڵە لەگەڵ ئەوانەدا بكات كە ئاماژەمان پێكردووەو نا واقعی بوو لە خوێندنەوەی بۆ كێشەكانی عێراق و پرۆسەی سیاسی و نەیتوانی قەناعەت بە پێكھاتەكانی عێراق بكات بە شیعەو سوننەو كوردەوە بۆ پشتیوانی كردنی لە پێكھێنانی حكومەتەكیدا.

سەرۆك مەسعود بارزانی و سەركردە نیشتمانێكانی عێراق بەرچاو روونیان ھەبوو لەسەر مەترسی ئەو پلانەی دارێژراوە، بۆیە بە ئامرازی دیموكراسی و وتووێژ ئەو پلانەیان پووچەڵ كردەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی سیاسی و رێگریكردن لە چوونە تونێلێكی تاریكەوە كە یەكێك لە ئامانجە سەرەكێكانی كیانی سیاسی و دەستووری ھەرێمی كوردستان بوو، جگە لە بە ئامانگرتنی پێكھاتەی سوننەو حزب و لایەنە نیشتمانێكانی ناوماڵی شیعە، كۆی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق كەوتبۆ مەترسیەوە، دەستپێكی لە ھەرێمی كوردستانەوە بوو بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

بێگومان رۆڵی حزب و فراكسیۆنە كوردستانێكان شەرەفمەندانەو بەرپرسانە بوو لە ماوەی رابردوو پەیوەست بە ئالیەتی پێكھێنانی حكومەتی نوێ لە بەغداد، ئەوەش جێگەی تەقدیری گەلی كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانیە. بێگوومان ھێزە سیاسێكانی كوردستان لە رووانگەی بەرپرسیارێتی بەرانبەر ھەموو پێكھاتەكانی عێراق ھەڵوێستیان ھەبووەو مامەڵەیان كردووە، پاراستنی ئاسایش وسەقامگیری عێراو و پرۆسەی دیموكراسی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقیە.

عێراق ووڵاتێكی فرە نەتەوەو كەلتورە، بۆ زامنكردنی ئاسایش و سەقامگیری دەبێ لەسەر پایەكانی ھاوبەشی و سازان و ھاوسەنگی بونیاد بنرێت، وە بۆ زامنكردنی بوژانەوەی دەبێ ئاسایش و ئاشتی لەلایەن ھەموو پێكھاتەكانەوەو پێكەوە بەرقەرار بكرێت.

بۆ قۆناغی داھاتوو لە پێكھێنانی حكومت و پرۆسەی سیاسی ھەلی گونجاو ھەیە بۆ:

١- چاكسازی لە دامودەزگاكانی دەوڵەت، چاكسازی دارایی و كارگێری

٢- چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئەمنی ئابورێكان و راگرتنی پێشێلكردنی دەستووری عێراق.

٣- بەرجەستەكردنی بنەماكانی ھاوبەشی وسازان و ھاوسەنگی ( الشراكە والتوافق والتوازن) لە بەرێوەبردنی دەولەتی عێراقدا.

لە كۆتاییدا، ئەنجامی پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت لە قازانجی گەلانی عێراقدا بوو، چونكە بە ھەوڵی ھەموو لایەك توانرا ھەژموون و بیری تاكڕەوی و سەپاندنی ئیرادە لە پرۆسەی سیاسی لاواز بكرێت لە عێراق.