شەوی ڕابردوو لە ماڵی كازمی چی ڕووی دا؟ كێ بەرپرسیارە لە هێرشەكە؟

07-11-2021 05:47

پەرەگراف

شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا. كازمی بەر لە هێرشەكە ماڵەكەی چۆڵ كردووە و تەنیا بووە هۆی برینداربوونی چەند پاسەوانێكی و هەندێك زیانی ماددی. ئەو ڕووداوە كاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و دەرەكیی بەدوادا هات.

چیرۆكی ڕووداوەكە

سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكرا لە كەناری ڕووباری دیجلە و نزیك پردی كۆماری لە بەغدادی پایتەخت كە بەرامبەر ناوچەی سەوزە، بە ئاڕاستەی ماڵی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەڵدران.

لەگەڵ دەركەوتنی سێ فڕۆكەكە لە ناوچەكە، پاسەوانەكانی سەرۆكوەزیران دەست دەكەن بە تەقەكردن، دوان لە فڕكەكان دەكەونە خوارەوە، بەڵام یەكێكیان دەگاتە ناوەڕاستی ماڵی كازمی و بۆ ماوەی سێ خولەك بە ئاسمانەوە دەمێنێتەوە، هەرچەندە تەقەی زیاتری لێ دەكرێت، بەڵام فڕۆكەكە دەتوانێت سەركەوتوو بێت لە بەردانەوەی ئەو مووشەكانەی هەڵیگرتووە.

هێرشەكە پاش كاتژێر دووی شەو بووە. بەپێی سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەكان، سیستمی بەرگریی مووشەكیی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەو كاتەدا كەوتووەتە كار و دوو فڕۆكەیانی خستووەتە خورەوە، بەڵام فڕۆكەی سێیەم دەربازی بووە و هەوڵی پێكانی ئامانجەكەی داوە.

مەودای نێوان ماڵی كازمی و باڵوێزخانەی ئەمریكا هۆكار بووە بۆ نەخستنە خوارەوەی فڕۆكەی سێیەم، چونكە سیستمی بەرگریی مووشەكیی C-RAM ئەركی پاراستنی باڵوێزخانە و باڵەخانەكانی چواردەورێتی.

لە هێرشەكەدا كازمی هیچ زیانێكی بەرناكەوێت، چونكە دەڵێن كەمێك پێش كەوتنە خوارەوەی مووشەكەكان ئاگادار كراوەتەوە و توانیوێتی خۆی ڕزگار بكات، بەڵام چەند پاسەوانێكی بریندار دەبن و زیان بە ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلەكانی دەگات.

دوای ڕووداوەكە، مستەفا كازمی لەڕێی تویتێك و پەیامێكی ڤیدیۆییەوە جەختی لە سەلامەتیی خۆی و هاوكارەكانی كردەوە، داوای دانخۆداگرتنی كرد و وتی "هێزە ئەمنییەكان كار دەكەن بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق، مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ترسنۆكانە، نیشتمان و داهاتوو دروست ناكەن، بەڵام ئێمە كار بۆ بونیادنانی وڵاتەكەكان دەكەین لەڕێی ڕێزگرتن لە دەوڵەت و دامەزراوەكان و بونیادنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ هەموو عێراقییەكان".

ماڵەكەی كازمی پێشتر بارەگای دامەزراوەی بیر بووە كە خۆی سەرۆكایەتیی كردووە و گرنگی بە كۆكردنەوەی بەڵگەنامە عێراقییەكان دەدات، هاوكات شوێنەكەش نزیكە لە ماڵی نووری مالكیی سەرۆكوەزیرانی پێشتری عێراق.

كێ بەرپرسیارە؟

تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتیی خۆی لە هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكوەزیران ڕانەگەیاندووە، بەڵام هێرشەكە لە دوای ناڕەزایەتییەكانی لایەنەكانی حەشدی شەعبی و نزیك لە ئێران دێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەتایبەت دوای خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی هەینی كە گرژی و ئاڵۆزیی لێ كەوتەوە و دوو خۆپیشاندەر كوژران و زیاتر لە 120 كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەو لایەنانەی سەرپەرشتیی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد، چەكدارن و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، بەڵام لە هەڵبژاردندا بەشێكی زۆری كورسییەكانیان لەدەست دا.

شڤان ڕەسووڵ، توێژەری سیاسی، دەڵێت "شتێكی شاراوە نییە كە ماوەی ساڵێكە درۆنەكان بە فراوانی لە هێرشەكانی عێراقدا بەكار دێن، بەتایبەت بۆ پێكانی ئامانجی بیانی و دیپلۆماسی، هەروەها هێرشەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكە سەربازییە عێراقییەكان، ئەوەش بە ئامانجی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق".

"هەمووان دەزانن ئەوانەی ئەو هێرشانە دەكەن، درێژكراوەی لایەنە سیاسی و سەربازییە عێراقییەكانی سەر بە ئێرانن، كە دەیانەوێت عێراق بكەنە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی كێشەكان"، توێژەرەكە وا دەڵێت.

شڤان ڕەسووڵ باسی لەوەش كردووە، دوای هەڵبژاردنەكان لە هەڕەشەكانی ئەو لایەنانە دیاربوو بەو فڕۆكانە هێرش ئەنجام دەدرێت، ئەگەر گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا نەكرێت و بەشداری دەسەڵات نەبن.

لە ماوەی ڕابردوودا ئاشكرا بوو مەترسی لەسەر ژیانی مستەفا كازمی هەیە، بەتایبەت دوای ئەو بەڵێنانەی دابووی بە گەنجان و خۆپیشاندەران بەتایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها سەرجەم ئەو فشارانەشی ڕەت دەكردەوە كەلایەن میلیشیا چەكدارەكانەوە دەكرایە سەری لە دۆسیە جیاوازەكاندا، هەروەها فشار خستنە سەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هەموو ئەو هەڵوێستانە وای كرد پێگە و داهاتووی سیاسیی بەرزتر بكەنەوە.

بەترا لامی، چالاكوانی عێراقی، ئاماژەی بەوە كردووە كە بە شكستی ئەو لایەنانە لە هەڵبژاردندا، بەختی داهاتووی سیاسیی كازمی زیاتر بوو، بەتایبەت وەك كەسایەتییەكی سیاسی كە لە شارەكانی عێراق و لەنێوان گەنجاندا لایەنگری زۆری هەیە، ئەو هەموو تۆمەت و هەڕەشانەش كە لایەن هێزە شكستەكانی هەڵبژاردنەوە ئاڕاستەی دەكرا، هەروەها خۆپیشاندانەكان بەرەو ناوچەی سەوز و هەوڵی نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی كە زیاتر لە كودەتا دەچوو، دەری دەخات كێ لە پشت هێرشەكەوەیە.

ئیدانەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی

هێرشكردنە سەر ماڵی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەنگدانەوەیەكی ناوخۆی و جیهانیی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە ئەمریكا لەڕێی نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئیدانەی كرد و بە هێرشكردنە سەر دڵی دەوڵەتی عێراق وەسفی كرد.

دواتر عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران هێرشەكەی بە "تیرۆرستی" وەسف كرد و بە فیتنەیەكی نوێ ناویبرد كە بیانییەكانی لە پشتە.

بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمار دوای ئیدانە كردن، سەردانی كازمیی كرد. مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەڕێی بەیاننامەوە بە توندی ئیدانەیان كرد.

موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر و براوەی هەڵبژاردنەكانی 10 تشرینی یەكەمی ڕابردوو، هێرشەكەی بە "تیرۆرستی" ناو بردووە و دەڵێت "بەئامانجگرتنی عێراق و گەلەكەیەتی، ئەوانەش ئەو كارەیان كردووە دەیانەوێت عێراق بگێڕنەوە دۆخی ناسەقامگیری و تیرۆر و دەستێوەردانی دەرەكی".

بەڵام هێزەكانی حەشدی شەعبی و لایەنەكانی نزیك لە ئێران بەشێوەیەكی گشتی لە بایەخی هێرشەكەیان كەم كردووەتەوە، بەشێكیان لایەنی دەرەوەیان تۆمەتبار كردووە و هەندێكیشیان بە سیناریۆ ناوی دەبەن.

ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئەمنیی هێزەكانی حیزبوڵڵا، دەڵێت "كەس ئامادە نییە درۆنێك بكاتە قوربانی بۆ هێرشكردنە سەر ماڵی سەرۆكوەزیرانی پێشوو، ئەوەش دەیەوێت زیان بەو كەسە بگەیەنێت ڕێگای ئاسانتر و كەمتێچووتر هەیە".

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیدانەی هێرشەكەیان كردووە، بەشێكی سەرۆك و كەسی یەكەمی وڵاتەكان بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیرانەوە كردووە.