چوار دەستگیركراوی دیكەی بادینان حوكمدران؛ تیمی پارێزەران تووشی شۆك بوون

08-11-2021 04:03

پەرەگراف

دادگاییكردنی چوار دەستگیركراوی بادینان لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەرچواریان حوكمدران، بەڵام بەو پێیەی دوانیان ماوەی حوكمەكەیان لە زیندان تەواو كردووە ئازاد دەكرێن، دوانەكەی دیكەش لە زیندان دەمێننەوە.

هەریەكە لە مەسعود شەنگالی بە سی ساڵ‌و شەش مانگ زیندانیی‌و شیروان تەها بە دوو ساڵ‌و شەش مانگ زیندانیی حوكمدران، كارگەر عەباس‌و بەندەوار ئەیوب هەریەكەیان بە ساڵێك‌و دوو مانگ زیندانیی حوكمدران بەڵام لەبەرئەوەی ئەو ماوەی حوكمەیان لە زیندان بەسەر بردووە ئازاد دەكرێن.

ئەوان بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان حوكمدران كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایش‌و سەقامگیریی كوردستان.

بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای هەولێر، پارێزەران‌و كەسوكاری حوكمدراوان‌و پەرلەمانتارانی تووشی شۆك كردو بە نایاسایی ‌و نادادپەروەرانە لە قەڵەمی دەدەن.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە تۆمارێكی دەنگیی كرد كە مەسعود شەنگالیی پێ حوكمدراوە، وتی "گەورەترین سەرپێچی یاسایی ئەوەبووە خیتامی دانیشتن بۆ دانیشتنی دادگا كۆتایی هاتووە پاشان بەڵگەیان ناردووە كە ئەو دەنگە ڕەوانەی بەڵگەی تاوان دەكەن بزانن ئەو دەنگە دەنگی ئەوانە یان نا، هیچ ئامێرێكی دەنگیی نییە بڵێت ئەوە دەنگی فڵان كەسە، كاتێك كەسەكە وتی دەنگی من نییە بەڵگەی تاوان بۆی نییە بڵێت ئەوە دەنگی ئەوە، با بەڵگەی تاوان بیسەلمێنێت بە چ ئامێرێك دەنگی شێروانی پێواوە كە ئەوە دەنگی شێروانە، بەڕاستی كارەساتە هەر دامودەزگایەك ڕووی تێدەكەیت بەرەو گەندەڵی دەڕوات.

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان، ئەوەشی خستەڕوو"دادگا پشتی بە نامەیەكی مەسعود شنگالی بەستووە كە بۆ باڵیۆزی ئەمریكای نووسیوە و دەڵێ داوا دەكەین كە پشتگیری كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بكەن، بەڵام نازانم ئەوە چ سەرپێچییەكی تێدایە كە دادگا لەم دانیشتنە پشتی پێبەستووە".

"سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ مەسعود شنگالی ئێمەی تووشی شۆك كرد، هەروەها دوو ساڵ و شەش مانگ بۆ شێروان تەها كە هەموو ژیانی خۆی لەنێو ڕێكخراوەكان بەسەربردووە و مامۆستای زانكۆیە‌و پەیوەندی بە حیزبەكانەوە نەبووە ئێمەی تووشی شۆك كرد" بەشدار حەسەن وای وت، ئاماژەی بەوەش كرد، تانە لە بڕیارەكەی دادگا دەدەن‌و تەمیزی دەكەنەوە.

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، باوكی مەسعود شەنگالی، وتی "حوكمدانی كوڕەكەم زوڵمە و تێكەڵی بابەتی سیاسیی كراوە. دەڵێن كوڕەكەم نامەی بۆ باڵیۆزی ئەمریكا نووسیوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنییە كە مەسعود داوا لە خەڵك بكات خۆپیشاندان بكەن‌و هەرێمی كوردستان تێكبدات، ئەوە كفرە، بەس بزانم ئەو حوكمدانە چییە".

ئەو حوكمدراوانە ساڵی ڕابردوو لە هەڵمەتێكی فراوانی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیر كران كە دەیان ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی گرتەوە، ئەوەش پاش خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی هات لە 19ی ئابی 2020، كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

دەستگیركراوان بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی" ڕوبەڕوی دادگا دەكرێنەوەو تا ئێستا ژمارەیەكیان حوكمدراون‌و دەیانی دیكەیان بەبێ حوكمدان لە زیندانەكاندا ماونەتەوە، دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوە.