جەلال پەرێشان: داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان دەکەم

09-11-2021 12:33

پەرەگراف

جەلال پەرێشان پەرلەمانتاری پارتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا داوای لێبوردنی کرد لەسەر ئەو قسە نەشیاوەی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا کردی، ھەرچەندە ھێشتا سوورە لەسەر ئەوەی کە قسەی وای نەکردووە.

"لە کۆبوونەوەی پێشووی پەرلەماندا بە ھەڵە ھەندێک قسەو گوزارشت دەربڕاوەو بەشێوەی دیکە گەیشتووەتە ناو خەڵک، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیش من ڕوونم کردەوە کە قسەی وام نەکردووەو دوورە لە ئەخلاقی ئێمە، ئەگەر خەڵک بە شێوەی دیکە وەری گرتووە، داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان و ئێوەی بەڕێز دەکەم" جەلال پەرێشان وای وت.

جەلال پەرێشان لە کۆبوونەوەی پێشووتری پەرلەمانداوتی "ھەر کەس قسە بە پارتی بڵێت... بابی دەبم"، ئەو قسەیە کاردانەوەی فراوانی خەڵک و فراکسۆنەکانی پەرلەمانی لێکەوتەوەو داوای سزادانی کرا.

ھەرچەندە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەنگی جەلال پەرێشان دەبیسترێت کە ئەو قسەیە دەکات و فراکسیۆنی پارتیش بە فەرمیی داوای لێبوردنی کرد، بەڵام خۆی ھێشتا ئینکاریی لێدەکات و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دەڵێت گوێیان لێ نەبووە.

ڕۆژێک دوای ئەو قسەیەی جەلال پەرێشان، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا وتی: خوا وەکیلە تا ئێوارەکەی نەمزانیوە شتیوا وتراوە، کە گوێم لێی بوو شۆک بووم، قسەیەکی نەشیاوە ناشایستەو ھەڵەیە، ئێوەی پەرلەمانتاران کە گوێتان لێ بوو بۆ بە ئێمەتان نەگوت؟ ئەوەندە بێھەڵوێست نیم گوێم لە قسەیەکی وابێت و ھیچ ڕایەکم نەبێت.

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد، شتێک کە ڕوودەدات ڕاستەوخۆ بیزانن ئیجرائات دەکەن، داواشی لە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کرد داوای لێبوردن بکات و ڕووەو پەرلەمانتاران وتی: ئەگەر ئیجرائاتێکی دیکە ھەیە لاریمان نییە، ڕێککەوتنی لەسەر بکەن ناڵێین با وانەبێت، بەڵام ئەوە لە دەستی ئێوەدایەو لە دەستی سەرۆکایەتیدا نەماوە، چونکە لە ساتی خۆیدا ئێمە ئاگامان لێی نەبووە.

پاشتریش ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە کەناڵی ڕووداو، لەبارەی "قسە نەشیاوەکەی جەلال پەرێشان" وتی: نە گوێمان لە قسەی وا بووە، چەندین جاریش ھەوڵمانداوە لە ڕووی تەکنیکی و فلتەرینیشەوە بۆ ئەوەی ھەقیقەتی ئەم قسەیەمان بۆ دەربکەوێت کە کردوویەتی یان نا؟ ئێمە بە سەراحەت ڕایدەگەیەنین کە قسەی وا نەکراوە.