سەرۆكی دەزگای لووتكە: دۆخی كۆچبەران خراپە و ڕۆیشتن بۆ بیلاڕووسیایش بەردەوامە

09-11-2021 08:16

پەرەگراف

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت "دۆخی كۆچبەران لە بیلاڕووسیا وەكوو خۆی خراپە و تا ئێستایش ڕێگەی ڕۆیشتن بۆ بیلاڕووسیا هەیە". دەشڵێت "هیچ نوێنەرێكی هەرێم لە هیچ شوێنێكی وڵاتانی ئەورووپا هاوكاریی كۆچبەر و كەسوكاری قوربانی نەكردووە".

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "كێشەی كۆچبەران لەسەر سنووری بیلاڕووسیا - پۆڵەندا وەكوو خۆی ماوەتەوە. ئەو كۆمەڵە كۆچبەرە كە زیاتر لە دوو هەزار كەس دەبن، بەشێكی بەرچاویان هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانن".

سەبارەت بە هەوڵی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی ئەو پەنابەرانە، سەرۆكی دەزگای لووتكە دەڵێت "هیچ شتێكمان لە حكومەتی هەرێم نەبیستووە بۆ چارەسەری كێشەی ئەو پەنابەرانە. وەكو نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا هیچ نوێنەرێكی هەرێم لە هیچ شوێنێكی وڵاتانی ئەورووپا هاوكاریی كۆچبەر و كەسوكاری قوربانی و دەزگای لووتكەی نەكردووە بە هیچ شێوەیەك".

ژمارەی كۆچبەرانی كورد لە بیلاڕووسیا تا ئێستا ڕوون نییە. ئاری جەلال بۆ پەرەگراف وتی "هیچ ئامارێكی ورد سەبارەت بە ژمارەی كۆچبەرانی كورد لە بیلاڕووسیا نییە، ئەوەی كە دەوترێت بە نزیكەییە. دەبێت ئەو كۆچبەرە بگات بە یەكێك لە وڵاتانی ئەورووپا و داوای مافی پەنابەری بكات و تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵەوە بێت، ئینجا دەتوانین قسەی لەسەر بكەیت".

"ئەوەی حكومەتی عێراق كردوویەتی، چارەسەر نییە و خەڵك ڕێگەچارەی دیكە دەدۆزنەوە، بۆ نموونە دەچن لە توركیا ڤیزای بیلاڕووسیا وەردەگرن. بەڵی تا ئێستایش ڕێگە بۆ ڕۆیشتن بۆ بیلاڕووسیا هەیە و لە نووسینگەكان مامەڵەی ڕۆیشتن دەكرێت"، ئاری جەلال وای وت.

سەبارەت بە چارەسەر بۆ دۆخی پەنابەران لە بیلاڕووسیا، سەرۆكی دەزگای لووتكە پێی وایە "پێویستە وڵاتان چارەسەرێكی سەرەتایی یان كۆتایی بۆ ئەو بارودۆخە بدۆزنەوە، ئەو كۆچبەرانە لەو جێگەیە و لەو كەشوهەوا ساردەدا نەمێنن".

"چارسەر ئەوەیە تەواوی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرانبەر چارەنووسی ئەو كۆمەڵە كۆچبەرەی كە لەو دۆخەدان. ژمارەی كۆچبەرەكان ئەوەندە زۆر نییە كە نەتوانن وەڵامی داخوازییەكانیان بدەنەوە، دەتوانن دابەشیان بكەن بەسەر وڵاتانی ئەورووپادا".

بۆ بەرگرتن بە كۆچی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی دەزای لووتكە وتی "چارەسەر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئەم وڵاتە جێنەهێڵن و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە، ئەوەیە كە بارودۆخیان باش بكرێت، هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت و دامەزراندن و خزمەتگوزاری هەبێت".