هەوڵی تیرۆركردنی كازمی؛ نامەیەك بە تامی خوێن بۆ ئەوانەی لە ڕووی میلیشیاكاندا دەوەستنەوە

09-11-2021 11:38

پەرەگراف

هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی لە كاتێكدابوو، هێزە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، كەوتبوونە جووڵە، دەیانویست بە هەر شێوازێك بێت پارێزگاری لە دەسەڵات و هەژموونی خۆیان بكەن، ئەوەش دوای ئەو شكستە سیاسییەی عێراقییەكان لە هەڵبژاردندا پێیاندان.

هەوڵی تیرۆركردنەكە دەنگدانەوە و ئیدانەكردنێكی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، خودی كازمی باسی لەوە كرد ئەوەی لە پشت هەوڵەكەوەیە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی نییە، بەڵكو لایەنێكی سیاسییە و بەشدارە لە پرۆسەی سیاسیدا، بەڕای چاودێرانیش ئەوە ئاماژەیەكە بۆ تۆمەتباركردنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران.

جەناراڵە ئێرانییەكە لە بەغداد چی كرد؟

ڕۆژێك دوای هەوڵی تیرۆركردنەكە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای ئێران بە سەردانێكی چاوەڕوان نەكراو گەیشتە بەغداد، ڕاستەوخۆ سەردانی مستەفا كازمی كرد، نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە دەربڕیوە و داوای لێكردووە بەدوای ئەنجامدەرانەوە بێت تەنانەت ئەگەر سەر بە لایەنێكی نزیك ئێرانیش بن، چونكە لێدان لە ئاسایشی عێراق لێدانە لە ئاسایشی ئێران.

فەرماندەی فەیلەقی قودس دوای كازمی سەردانی لایەنە چەكدارەكانی كردووە، داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە و قبوڵكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و یەكخستنی ماڵ شیعەی لێكردوون، لە كۆبونەوەشیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح پشتگیری ئێرانی پێڕاگەیاندوون و ئامادەی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ بەشداریكردن لە لێكۆڵینەوەكان.

مەترسی و پەیامی هەوڵی تیرۆركردنەكە

لەیس شبر پسپۆڕی عێراقی ڕایدەگەیەنێت "چەندین جار جەختمانكردەوە لەسەر ئەوەی میلیشیاكان بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن نەكەن، چونكە ئەنجامەكان قبوڵ ناكەن ئەگەر لە بەرژەوەندیان نەبێت، ئەگەر كۆمسیۆنیش بە داواكارییەكانیان قایل نەبێت چەكەكانیان بەڕووی ئاسایش و سەقامگیردا بەرزدەكەنەوە".

"ئەوان دەتوانن ئەوە بكەن، لە ساڵی 2019وە سیاسەتی ئەوان هەڕەشەكردن بووە لە حكومەت و دامەزراوەكانی، بەتایبەت كاتێك بەڕووی كردار و ئەجینداكانیاندا دەوەستینەوە كە لە دەرەوە پێیان دەگات، بۆیە ئەوەی دوای هەڵبژاردن ڕویدا شتێكی سەیر نەبوو، هەوڵی تیرۆركردنی كازمیش بەڵگەیەكی دیاری ئەوەیە" شبر وادەڵێت.

ئەو سیاسییە جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی ئەمەی ڕویداوە سەرەتایە، ئەوە پەیامێكی ئاشكرای بۆ هەركەسێك بەڕوویاندا بووەستێتەوە، بەتایبەت كە حكومەت لاوازە و یاسا بونی نییە.

محەمەد عەیدان پسپۆڕی سیاسی باسی لەوەكردووە، ئەوەی لە پشت هێرشەكەوەیە ویستوێتی بەم كارە هەڵوێستی خۆی بەهێز بكات لەهەموو ڕووەكانەوە، بۆ ئەوەی هەمووان تێبگەیەنێت كە حساباتی سەر سندوقی دەنگدان شتێكە و حساباتی مەیدانی شتێكی دیكە.

"ئامرازێكی فشارە بۆ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كۆمەڵێك وەرەقەی تر هەیە كە دەكرێت یاری پێبكرێت، ئەوە شێوازێكی تەقلیدی كاركردنە، بۆ سەلماندنی ئەوەی خاوەنی هێزێكی زیاتری بەرامبەر ڕكابەرەكانت" عەیدان وادەڵێت.

ئەو پسپۆڕە سیاسییە جەختیكردۆتەوە لەسەر ئەوەی عێراق بەرگەی گرژی زیاتر ناگرێت، لەبارەی كازمیشەوە ئاماژە بەوەكردووە هاوكێشەی هاوسەنگی هێزە هاوپەیمان و نەیارەكانە، بۆیە پێویستە پشتگیری بكرێت و هیچ لایەنێك فشاری نەخاتە سەر تا ئەو كاتەی دەزانرێت لە حكومەتی داهاتوودا بەردەوام دەبێت یاخود سەرۆكوەزیرانێكی نوێ دادەنرێت.

دیاریكردنی سێ تۆمەتبار

بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە سێ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو بەرەو ماڵی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز هەڵدران، هەرچەندە دووانیان خرانە خوارەوە، بەڵام یەكێكیان توانی ئەو موشەكانەی هەڵیگرتووە بەریبداتەوە بۆ سەر ماڵی كازمی.

لە هێرشەكەدا كازمی سەلامەت بوو بەڵام چەند پاسەوانێكی بریندار بوون و زیان بەر ماڵ و ژمارەیەك لە ئۆتۆمبیلەكانی كاروانەكەی كەوت.

بەپێی زانیارییەكان هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان سێ كەسیان وەك تۆمەتباری سەرەكی هەوڵی تیرۆكردنەكە دیاریكردووە، بێ ئەوەی ئاشكرای بكەن ئەو كەسانە كێن و سەر بە چ لایەنێكن، بەڵام جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی نزیكن لە لایەكێكی چەكداری عێراقییەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت ڕایگەیاندووە، ئەو فڕۆكە و تەقەمەنیانەی لە هێرشەكەدا بەكارهاتوون دروستكراوی ئێرانن.