حكومەتی هەرێم دەڵێت پەرۆشی كۆچبەرانی بیلاڕووسیان‌و ئەوەی دەیبینن كارەساتە

10-11-2021 03:17
كۆچبەرانی كورد لەسەر سنوری بیلاڕووسیاو پۆڵەندا/9-11-2021. وێنە؛ ئاریان زەڵمی/پەرەگراف

پەرەگراف

حكومەتی هەرێمی كوردستان دۆخی كۆچبەرانی كوردی لە سنوورەكانی بیلاڕووسیا تاوتوێ كرد، دۆخەكە بە كارەسات ناودەبات‌و دەڵێت: زۆر جددی‌و پەرۆشین بۆ چارەسەركردنی.

دوای كۆبوونەوەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: دیاردەی كۆچ‌و كۆچكردن سروشتییەو سەرجەم ناوچەكەی گرتووەتەوە، دۆخی هەرێم بەراورد بە دەوڵەتانی دەوروبەرو ناوچەكە زۆر باشترە‌و كۆمەڵێك فاكتەر هەن كە وادەكەن ڕێژەی كۆچكردن زیاتربێت، هەرچەندە بەراورد بە ساڵانی دیكە ڕێژەی كۆچكردن ئەمساڵ كەمترە.

لە كۆبوونەوەكەدا هۆكارەكانی كۆچكردن دیراسە كراون‌و پێشنیارەكان لەوبارەیەوە ئامادە دەكرێن‌و چارەسەری دۆخەكە بە ڕاپۆرت بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەكرێتەوە.

وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری ئەمنیی‌و ئابوریی هەن، ئەوەشی خستەڕوو، ئەم كابینەیەی حكومەت هەر لەسەرەتاوە دركی بەو كێشەیە كردووە، وتی: كار كراوە بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 120 هەزار هەلی كارمان ڕەخساندووە.

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، باسی لەوە كرد، لەوەتەی مرۆڤایەتی هەیە كۆچكردن هەبووە، "لە ناو كوردستانیش مەڕدارەكان كوێستان‌و گەرمیان دەكەن بۆ بژێویی باشتر، ئەوە شتێكی سروشتییە، بەڵام كۆچكردنی ئاسایی‌و یاسایی هەیە لەگەڵ قاچاخ، خەڵكی ئێمە قوربانیی دەستی قاچاخچییەكانن كە ناوبانگی هەرێمیان ناشرین كردووە".

دزەیی وتیشی "ئەو وێنانەی لەسەر سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەنداو لیتوانیا دەیبینین كارەساتە. داوا لە هاوڵاتییان دەكەین قەدەری خۆیان نەدەنە دەست تۆڕەكانی بازرگانیی بە مرۆڤ‌و قاچاخچییەكان. لایەنگری گەڕانەوەی زۆرەملێ نین‌و ئەوەی بە خواستی خۆی بگەڕێتەوە هاوكاریان دەبین".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، ئەوەشی خستەڕوو كە دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووەو ئێستا تەرمەكانیان لە بیلاڕووسیان.

سەفین دزەیی چیرۆكی خێزانێكی كوردی بۆ ڕۆژنامەنووسان گێڕایەوە، وتی "خێزانێكی دووگیان لە نەخۆشخانەیەكی بیلاڕووسیا دووانەی بووە، یەكێكیان كۆچی دوایی كردووەو ئەوەی دیكەیان ماوەو خەرجییەكی زۆریان هاتووەتەسەر، نەخۆشخانەكە منداڵەكەی بە بارمتە گرتووەو دەڵێت: ئەگەر پارەكە نەدەن منداڵەكە دەدەینە خانەی بێسەرپەرشتان".

"خانەوادەیەك 15 بۆ 20 هەزار دۆلار دەدات‌و خۆی دووچاری چارەنووسێكی نادیار دەكات بەڕاستی ئەوە كارەساتە" سەفین دزەیی وای وت.