قوباد تاڵەبانی: لێدوانەكەی عەتا سەراوی دەربارەی مەسرور بارزانی پەسەند نییەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت

10-11-2021 06:17

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، لێدوانەكەی عەتا سەراوی دەربارەی مەسرور بارزانی تەعبیر لە ڕای سەركردایەتی یەكێتی ناكات‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان لێكۆڵینەوە لەگەڵ سەراویی دەكەن.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە لێدوانێكدا دەڵێت، كوردستان لەبەردەم دۆخێكی هەستیاردایە، بۆیە گرنگە هەموو بەرپرسە سیاسیەكانمان كار بكەن لە پێناو یەكڕیزی گەلەكەمان و دروستكردنی بەرەیەكی نیشتیمانی نەك قوڵتركردنی درزەكانی نێوانمان.

"لێدوانی عەتا سەراوی دەربارەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە هیچ شێوەیەك تەعبیر لە ڕای سەركردایەتی یەكێتی ناكات و پەسەند نیە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكانمان بۆ ئەم مەبەستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ناوبراو دەكەن" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

پێشتر عەتا سەراوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لە چاوپێكەوتنێكدا، مەسرور بارزانیی تۆمەتبار كرد بەوەی "لە پشت ھەوڵێكی كوشتنیەوە بووە لەڕێی ژەھرخواردكردنییەوە".

ئەوەش كاردانەوەی سەرۆكی حكومەتی بەدواداهات‌و نووسینگەی مەسرور بارزانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "كەسێك بەناوی عەتا سەراوی كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، لە چاوپێكەوتنێكدا بە شێوازێكی ناڕێك و ئاست نزم، كۆمەڵێك تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، هەرچەند ئەو كابرایە، خۆی ماوەیەك لە مەوبەر بە ئاشكرا ڕایگەیاند، كە لە لایەن هاوسەرۆكێكی پێشووی یەكێتی هەڕەشەی تیرۆركردنی لێ كراوە، كەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەركردەكانی حیزبەكەی، لە بیر خەڵك بباتەوە، بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماكانی، ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێ لە بەردەم دادگادا باجی قسە هەڵبەستراوەكانی بدات".