مەزڵووم كۆبانێ‌ هەڵوێستی ئەمریكا و ڕووسیا دەربارەی هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ئاشكرا دەكات

10-11-2021 11:31

پەرەگراف

مەزڵووم كۆبانێ‌، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، ڕایدەگەیەنێت كە هەریەكە لە ئەمریكا و ڕووسیا دژی هێرشی سەربازیی توركیان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. دەشڵێت "توركیا و پارتی دیموكرات دژی گفتوگۆی ئێمە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردین".

فەرماندەی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەمریكا لە لووتكەی وڵاتانی جی 20 بە ئەردۆغانی ڕاگەیەندووە كە قبووڵ ناكەن هێرش بكرێتە سەرمان". سەبارەت بە هەڵوێستی ڕووسیایش دەڵێت "ڕووسەكان پێیان وتین بە توركیامان وتووە نامەنەوێت لەوە زیاتر خاكی سووریا داگیر بكەن".

كۆبانێ‌ نایشارێتەوە كە ڕۆیشتن و نەڕۆیشتنی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بۆ ئەوان گرنگ نییە و "10 ساڵ"یشە هەر ئەوە هەڵوێستیان بووە، بەڵكو جەخت دەكاتەوە كە "ئەوەی گرنگە چارەسەرێكە بۆ ناوچەكەمان و تەواوی سووریا، ئەگەر چارەسەر لەگەڵ ئەسەدە، ئێمە دژی نین".

فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) پێی وایە "ئەگەر گەلی سووریا و حكومەت و خاوەن بەرژوەندییە نێودەوڵەتییەكان بگەنە ڕێككەوتن، توركیا ناچار دەبێت لە سووریا بكشێتەوە".

سەبارەت بە گۆڕانی سیاسەت و هەڵوێستەكانی پارتی گەلی كۆماریی توركیا (جەهەپە) دژی پارتەكەی ئەردۆغان و بەرانبەر بە دۆزی كورد، مەزڵووم كۆبانێ‌ دەڵێت "كارەكانی ئەم دواییەی پارتی گەلی كۆماری توركیا ئاماژەی باش و هەنگاوی گرنگن، هێمایە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەكان لە توركیا بەرەو گۆڕانكاری دەچن، ئەوەش هیوامان پێ‌ دەبەخشێت".

"دەتوانین پارتی گەلی كۆماری بانگهێشت بكەین بۆ سەردانی ڕۆژئاوا، ئەوە شتێكی باشە"، فەماندەی هەسەد وا دەڵێت.

مەزڵووم كۆبانێ‌ بۆ گەشەكردنی ئابووری ڕۆژئاوی كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دەڵێت "دەمانەوێت بە بڕیارێكی فەرمی، سزاكانی ئەمریكا لەسەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەی هەر كەسێك كە ویستی لێرە بازرگانی بكات، ڕێگای پێ بدرێت".