هاوپەیمانیی كوتلە عێراقییەكان.. بەهێزی؛ كورد بەرەو چ لایەنێك دەبات؟

11-11-2021 06:59

پەرەگراف

كوتلە كوردستانییەكان بە زیاتر لە 60 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بوونەتە هێزێك پشتگوێخستنیان مەحاڵە، بەجۆرێك ببنە هاوپەیمانی هەر لایەنێك ئەگەر هەیە بیكەنە زۆرینە، چونكە كوردەكان بەیەكەوە خاوەنی دووەم زۆرترین كورسین لەدوای كوتلەی سەدرییەكان كە خاوەنی 73 كورسین.

لەگەڵ ئەوەدا كوردەكان تا ئێستا یەكگرتوو نین، نازانرێت دەبنە یەك كوتلەی بەهێز یاخود بەجیا دابەش دەبن، كە ڕەنگە ئەوە خاڵی لاوازیان بێت.

فەهد زێباری، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان كە زۆرترین كورسی كوردەكانی هەیە، دەڵێت "پارتی دەیەوێت بە یەك كوتلەی یەكگرتووەوە بچینە ناو گفتوگۆكانەوە، ئەوەش لەپێناو داواكارییەكانی كورد".

ئەگەر پارتی بتوانێت كوردەكان یەك بخات، ئەوا هێزێكی زیاتر دەدات بە داواكاریی كوردەكان كە بە ڕای زێباری گرنگترینیان بریتین لە "كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، دەروازە سنوورییەكان، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، گرەنتیی گەیشتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم".

هەریەكە لەو داواكارییانەی سەرەوە دۆسییەكی جیاوازە، كاریگەری و لێكەوتەكانی بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام بووە.

زێباری باسی لەوە كردووە، پارتی نزیكە لە كوتلە گەورەكانی پەرلەمانەوە، ئەگەر هەیە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ بكات، لەوانە سەردییەكان، تەنانەت دەوڵەتی یاساش كە بە ڕای ئەندامەكەی پارتی "ئاماژەیان ناردووە كە دەیانەوێت لە چوارچێوەی تەنسیقی هێزە شیعەكان بكشێنەوە" (كە پێكهاتوون لەو حیزبانەی خاوەنی هێزی چەكدارن، هاوپەیمانیی حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم، هاوپەیمانیی نەسری حەیدەر عەبادی، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی).

ژمارەی كورسییەكان ئەو چوارچێوە شیعییە نزیكەی 50 كورسییە، بەڵام بە ڕای فەهد زێباری "دروستكرنی چوارچێوەیەك بۆ ڕازیكردنی چەند حیزبێكی دیاریكراو كە كورسییەكی زۆریان نەبردووەتەوە، كارێكی عەمەلی نییە".

"كورد لایەنە یەكگرتووەكانی دەوێت بۆ ئەوەی دانوستانیان لەگەڵ بكات، بۆ ئەوەش داوایان لە وەفدێكی هاوپەیمانیی عەزم (بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر) كردووە، لەگەڵ كوتلە سوننییەكانی وەك هاوپەیمانیی تەقەدوم (بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی) ڕێك بكەون، پێش ئەوەی قسە لەسەر هاوپەیمانیی كورد و سوننە بكەن"، ئەندامەكەی پارتی وا دەڵێت.

ڕێككەوتنی حیزبە كوردییەكان

پارتی دیموكراتی كوردستان 33 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەیە، بەوەش بووتە خاوەنی زۆرترین كورسی و دەنگی كوردەكان. ئەوان داوای پۆستی سەرۆككۆمار دەكەن، كە پێشتر بە شێوەیەكی تەقلیدی پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.

فەهد زێباری ڕایدەگەیەنێت "ئەوە یەكێكە لە ئاستەنگەكانی ڕێكنەكەوتنی تەواو لە نێوان دوو حیزبەكەدا"، بەڵام "ئێمە دوای چوونە دەرەوەی ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی، ڕێككەوتنێكی زیاترمان هەیە لەگەڵ یەكێتی، تێڕوانینی هاوبەشمان هەیە، لە كوردستانیش هاوبەشین"، ئەو قسانەشی وەك ئاماژەیەكە بۆ نزیكبوونەوە لە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی.

هاوپەیمانیی كوردستان كە یەكێتی سەرۆكایەتیی دەكرد، خاوەنی 15 كورسییە لەگەڵ كورسییەكی سەربەخۆی كەركووك كە كاندیدەكە بەر لە هەڵبژاردن چوونە پاڵ یەكێتیی ڕاگەیاند، لە ناوچەكانی سلێمانی و كەركووك و مووسڵ لایەنگر و كاریگەریی خۆی هەیە.

دلێر زاخۆیی، چاودێری سیاسیی نزیك لە یەكێتی، دەڵێت "پێگەی یەكێتی تەنیا بە ژمارەی كورسی نییە، بەڵكوو كاریگەریی زۆری هەیە و هاوپەیمانیی سیاسی لەگەڵ چەند حیزبێكیش لە بەغداد هەیە".

"سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی زۆر گرنگە، هەرچەندە پۆستێكی ڕەمزییە، بەڵام وازهێنان لێی بۆ حیزبەكە زۆر قورس و ئەستەمە"، زاخۆیی وا دەڵێت.

لایەنی سێیەمی هێزە كوردییەكان، جووڵانەوەی نەوەی نوێیە كە خاوەنی نۆ كورسییە، زیاتر بە لایەنی ئۆپۆزسیۆندا دەڕوات و دەیەوێت لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە نزیك بێت.

سروە عەبدولواحید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نەوەی نوێ، ڕایدەگەیەنێت كە جووڵانەوەكە ڕێككەوتنی مەبدەئیی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیمتداد هەیە و دەیانەوێت پێكەوە كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن.

ئاماژەكانی ڕێككەوتنی داهاتوو

یاسین عەزیز، چاودێری سیاسی، ئاشكرای دەكات كەحیزبە كوردییەكان دەڵێن ئێمە وەك یەك لە هەمووانەوە نزیكین، بەڵام لەڕاستیدا "كوتلەی سەدری زیاتر لە كوردەوە نزیكە لەنێوان كوتلە شیعییەكاندا، بەتایبەت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان".

"ئەزموونی كورد لەگەڵ ڕەوتی سەدردا دەریخستووە ڕەوتەكە نەرمترە لە دۆسیەی دیاریكردنی سەرۆكوەزیراندا، كورد ئەزموونی سەرۆكەوتووی نەبووە لەگەڵ دوو سەرۆكوەزیرانی ڕابردوودا، نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی".

عەزیز نایشارێتەوە كە"فشار لەسەر حیزبە كوردییەكان هەیە، بەتایبەت لەلایەن ئێرانەوە، بۆ ئەوەی بەتەنیا هاوپەیمانی لەگەڵ سەدردا نەكەن و چاوەڕوانی ئەوە بن تاوەكوو شیعەكان بە یەك هەڵوێست دێنە دەرەوە".

هۆشەنگ هەورامی، چاودێری سیاسی، پێی وایە ئەوە دەبێتە هۆی لاوازیی هەڵوێستی كورد، چونكە ئەگەر شیعەكان بگەنە ڕێككەوتن ،پێویستیان بە كورسیی كوتلەكانی دیكە كەمتر دەبێت.

لە ڕووی تیرۆییەوە شیعەكان دەبێت بگەنە 120 بۆ 130 كورسی لە كۆی 200 كورسی بۆ پێدانی متمانە بە كابینەكەی سەرۆكوەزیران، ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ سوننەكانیشدا بكەن، ئەو ژمارە كورسییەی دەمێنێتەوە ئەوان پڕی دەكەنەوە، لەو كاتەدا كورد لە دەرەوەی هاوكێشەكە دەمێنێتەوە.

هەورامی پێی وایە مەحاڵە حاڵەتێكی لەو شێوەیە ڕوو بدات، چونكە كێشە و گرفتەكانی ئەو كوتلانە لەگەڵ یەكتر زۆر گەورترە لە گرفتەكانیان لەگەڵ كوتلەی كوردەكان.