بەشیر حەداد هۆشداریی بە حیزبە كوردییەكان دەدات

13-11-2021 01:36
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

پەرەگراف

بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هۆشداریی بە لایەنە كوردییەكان دەدات كە ئەگەر بە یەكڕیزیی‌و یەكگرتووی نەچنە بەغداد، ئەگەر هەیە ئەوەشی بەدەستهاتووە لە دەستی بدەن.

ئەو وتانەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هات لە هەولێر، كە تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، ڕۆژ ڕۆژی لایەنی بەهێزەو هەر لایەك بەهێز نەبێت مافەكانی دەخورێت.

بەشیر حەداد لەبارەی یەكڕیزیی لایەنە كوردییەكان وتی "ئەگەر كورد بە یەكڕزیی‌و بەهێزترەوە نەچێتە بەغداد، نەك مافەكانی بەدەست ناهێنێت، ئەوەی تا ئێستاش بەدەست هاتووە ڕەنگە لە دەست بچێت".

حەداد باسی لە دۆخی عێراق لە دوای هەڵبژاردن‌و ناڕەزایی لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنەكە كرد، ئاماژەی بەوە كرد، عێراق بەرەو ئاڕاستەیەكی نادیار دەڕوات.

كورد لە هەڵبژاردنەكەدا 63 كورسیی بەدەست هێنا، ئەگەر حیزبە كوردییەكان بتوانن لە هاوپەیمانییەكدا كۆببنەوە ئەوا لە دوای سەدرییەكان گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەبن لە ئێستادا.

پارتی‌و یەكێتی لە دوای هەڵبژاردن چەند جارێك ڕایانگەیاندووە كە دەیانەوێت بە یەكگرتووی بچنە بەغداد بۆئەوەش سەردانی یەكتریی‌و سەردانی لایەنەكانی دیكەشیان كردووە، بەڵام هێشتا ئەو دوو حیزبە بە شاندی جیا سەردانی لایەنە عێراقییەكان دەكەن.

نەوەی نوێ كە 9 كورسیی پەرلەمانی هەیەو سێیەم حیزبی هەرێمی كوردستانە، گفتوگۆ لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی ڕەتدەكاتەوەو پڕۆژەیەكی تایبەتی هەیەو ئامادەیە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بكات كە گرنگترین خاڵەكانی تایبەتن بە؛ ماف‌و شایستە داراییەكانی هەرێم، پێشمەرگەو كەركوك‌و ناوچە دابڕاوەكان.

پارتی و یەكێتی نیەتیان لێ هێناوە بەشداریی بكەن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كە لە نێوان سەدرییەكان‌و دەوڵەتی یاساو هاوپەیمانەكانی ململانێی لەسەرە، بەڵام نەوەی نوێ بەشداریی ناكات‌و دەڵی: ئێمە پۆست‌و پلەو پارەمان ناوێت.