مەلا بەختیار: غەدرێكی گەورە لە من‌و بافڵ تاڵەبانی‌و وەستا حەسەن كراوە

13-11-2021 02:54

پەرەگراف

مەلا بەختیار دوای وەرگرتنی چارەسەری ژەهرخواردكردنی لە ئەڵمانیا، گەڕایەوە سلێمانی، لەبارەی ژەهرخوارد كردنی سەركردەكانی یەكێتی ڕایگەیاند: غەدرێكی گەورە لە من و بافڵ تاڵەبانی‌و وەستا حەسەن كراوە.

"ناتوانم سوپاسی ئەو كەسە نەكەم كە سەرچاوەی ڕاستەقینەی دۆزینەوەی ئەم تاوانە بوو بەرامبەر بە من‌و وەستا حەسەن، ڕۆژێك دێت وردەكارییەكانیشی باس دەكەم" مەلا بەختیار وای وت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە كرد، كاتیك لە عەممانی پایتەختی ئوردن بووە بۆ پشكنین، تیگەیشتووە چی بەسەر هاتووە، وتی "دكتۆرەكان لە نەخۆشخانەی خالدییە پێیان گوتم ماوەیەكی كەم لەبەردەم ژیانتدا ماوە فریا بكەوە".

"تەلەفۆنم بۆ هەڤاڵ قوباد كرد وتم ئەمە سەرگوزشتەی منەو تكایە بە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و جەنابی سەرۆكی هەرێم بڵێن، 5 دەقیقەی نەبرد سەرۆكی هەرێم تەلەفۆنی بۆكردم‌و بۆ ئەویشم گێڕایەوە، دوای 8 دەقیقە خاوەنشكۆ مەلیكی ئوردن هاتەسەرخەت وتی تۆ میوانی منیت، نوێنەرەكانی خۆی نارد بۆلام، دەستبەجێ منیان برد بۆ پشكنین‌و ڕەزامەندی وەرگیرا بە زووترین كات لە پشكنینی تایبەتی دەریبخەن من چیمە".

مەلا بەختیار وتیشی "ئێجگار سوپاسی جەلالەتی مەلیكی ئوردن دەكەم‌و بێڕادە سوپاسی سەرۆكی هەرێم دەكەم كە مەگەر جەنابی مام جەلال زیندوو بكەیتەوە ئەوەم بۆ بكات".
لە وەڵامی ئەو كەسانەی ژەهرخوارد كردنی بە "سیناریۆ" ناودەبەن، مەلا بەخیتار وتی "كەس سیناریۆ بە ژیان‌و مەرگی خۆی ناكات، ئەوە شەرمەزارییەكی گەورەیە سیناریۆ دروست بكەم بۆ بەدەستهێنانی سۆزی خەڵك‌و من پێویستم بەوە نییە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی باسی لە دۆخی ناوخۆی حیزبەكەی كرد بە تایبەت لە دوای كۆنگرەی چوارەمیان، "جاران خۆمان بە كوشت دەدا بۆ ئەوەی هاوڕێیەكمان دەست دوژمن نەكەوێت. بەداخەوە لە دوای چوارەمین كۆنگرەی یەكێتییەوە وای لێهات خەڵك خواخوای بێت هاوسەنگەرەكانی لەناوبچن یان خۆی هەوڵی لەناوبردنی بدات".

مەلا بەختیار تەئكیدی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لە دژایەتی گەندەڵی‌و ئەوانەی ناخی میللەتیان بریندار كردووەو ساڵانی ڕابردوو چۆن بووە هەروا دەبێت‌و كەس چاوەڕوانی ئەوەی لێ نەكات هەڵوێست‌و بیروباوەڕی بگۆڕێت.

ڕووەو ڕۆژنامەنووسانیش وتی، وردەكاریی‌و وەڵامی پرسیارەكانتان هەڵدەگرم بۆ كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سبەینێم لەسەر مەزاری مام جەلال.