زانیاری دەربارەی بارودۆخی ئێستای كۆچبەران؛ ئایا دووشەممە دەرگای ئەورووپا بە ڕوویاندا دەكرێتەوە؟

13-11-2021 04:50

پەرەگراف

بارودۆخی كۆچبەران لەسەر سنووری بیلاڕووسیا-پۆڵەندا "زۆر خراپە و خەڵك بۆ لەتە سەموونێك شەڕ دەكات". هیچ بڕیارێكی فەرمیش بۆ دەربازبوونیان بەرەو وڵاتانی ئەورووپا لەئارادا نییە. ئەمشەویش كۆچبەران پەیامێك بڵاو دەكەنەوە.

نەبیل مودریك، كۆچبەر لەسەر سنووری بیلاڕووسیا-پۆڵەندا، بە پەرەگرافی وت "بارودۆخمان باش نییە و زۆریش نائومێدین، بە تایبەت خێزان و منداڵەكان بارودۆخیان زۆر خراپە. خەڵك بۆ لەتە سەموونێك و دەبە ئاوێك شەڕ دەكات".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن ڕۆژی دووشەممە ڕێگە بۆ كۆچبەران دەكرێتەوە تا بگەنە وڵاتانی ئەورووپا، نەبیل مودریك وتی "ئەوەی كە دەوترێت ڕێگامان بۆ دەكرێتەوە، شتێكی ڕەسمی نییە و باوەڕمان پێی نییە.

"هەرچی كە لەم ماوەی ڕابردوودا لەلایەن پەرلەمانتاران و چالاكانەوە بە ناوی ئێمەوە وتراوە، هیچی ڕەسمی نییە و تەنیا دەنگۆن"، ئەو كۆچبەرە بۆ پەرەگراف وای وت.

نەبیل ئاشكرای كرد كە ئەمشەو پەیامێك سەبارەت بە بارودۆخیان بە ناوی هەموو كۆچبەرانەوە بڵاو دەكەنەوە و جەختیشی كردەوە كە "بارودۆخی دەروونیشمان زۆر خراپە، هەندێك بە درۆ ئەمەل بە خۆیان دەبەبخشن".

دەربارەی حاڵەتە تۆماركراوەكانی مردن و باری تەندروستیی كۆچبەران، نەبیل مودریك وتی "لای ئێمە نەخۆش هەیە و هەندێك باری تەندروستییان خراپە، بەڵام حاڵەتی مردن نەبووە، بەڵكوو زیاتر لە سنووری لیتوانیا و شاری برێسك كە هەر لەناو بیلاڕووسیادایە، تۆمار كراون. دەگوترێت لەو سنوورانە سەربازە بیلاڕووسییەكان زۆر بێڕەحمانە ئازاری پەنابەران دەدەن".

* تراژیدیای كۆچبەرانی كورد لە سنووری بیلاڕووسیا-پۆڵەندا؛ برسێتی‌ و سەرما ڕووبەڕووی مەرگیان دەكاتەوە