ڕێکخراوی جاسەنە: ناکرێت داواکاری گشتیی لە ھێرشکردنەسەر چوار ڕۆژنامەنووس لە ھەولێر بێدەنگ بێت

13-11-2021 08:22

پەرەگراف

ڕێکخراوی جاسەنە ئیدانەی ھێرشکردنەسەر چوار ڕۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز دەکات لە کاتی ڕووماڵی ڕووداوێکدا لە شاری ھەولێر، داوا لە داواکاری گشتیی دەکات بێتە دەنگ.

جاسەنە لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە دەڵێت "چاو قائیمیەکی زۆرە چەند کەسێک گەر پشت ئەستور نەبن بەکەسانێکی بەرپرس کە بەرگریان لێبکات، ناتوانن لە یەک رووداو و لەیەک سات و لەیەک شوێندا دەستدرێژی بکەنە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز".

دەقی بەیاننامەکە

داواکاری گشتی و میدیاکان ناکرێت لەم دەستدرێژیە بیدەنگ بن

شەوی ١١ ی تشرینی دووەم لە شاری هەولێر لە شەقامی ٦٠ مەتری لە کاتێکدا ژمارەیەک رۆژنامەنووسی چەند کەناڵێکی جیاواز روماڵی سووتانی چێشتخانەیەک دەکەن، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشدەکرێتە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز ( نامۆ محەمەد لەکەناڵی NRT، هادی سەلیمی و زەردەشت لە کەناڵی رووداو، شفان هەرکی رۆژنامەنووسی ئەریبل لایڤ).

لە کوردستاندا هێندە لە کاتی رووماڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەر رۆژنامەنووسان، پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووسان بۆتە رووداوێکی ئاسایی و، دەستی خەڵکانێکی تریشی کردۆتەوە کە رێز لە پیشەو کاری رۆژنامەنووسی نەگرن و سڵ لەوەنەکەنەوە کە دەستدرێژی بکەنە سەر رۆژنامووسان، هێرشی سەر ئەو چوار رۆژنامەنووسەش دەچێتە ئەو خانەیەوە.

چاو قائیمیەکی زۆرە چەند کەسێک گەر پشت ئەستور نەبن بە کەسانێکی بەرپرس کە بەرگریان لێبکات، ناتوانن لە یەک رووداو و لەیەک ساتو لەیەک شوێندا دەستدرێژی بکەنە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز.

ئێمە لە رێکخراویی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا لەو باوەڕەداین کە دۆخی رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمدا خراپەو، ئێستا رۆژنامەنووسان هەر تەنها لە کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم رووبەڕووی دەستدرێژی نابنەوە، بەڵکو لە رووماڵی رووداوێکی ئاسایشدا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، وەک رووداوی روماڵی ئەو چێشتخانەیە.

رێکخراوی جاسەنە داوا لە داواکاری گشتی هەرێم دەکات کە لەسەر ئەو رووداوە بێنە دەنگ، بەپێی یاسایی کاری رۆژنامەنووسی ٣٥ ساڵی٢٠٠٧ کە لە بڕگەیەکیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە "دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووس لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت"، داوای یاسایی دژی دەستدرێژیکاران بجوڵێنن.

هەروەها ( جاسەنە) داوا لەو کەناڵانەش دەکات کە رۆژنامەنووسەکانیان رووبەڕووی توندتیژی بوونەتەوە داوای یاسایی لەسەر دەستدرێژیکار تۆمار بکەن و داکۆکی لەمافی رۆژنامەنووسەکانیان بکەن و بێدەنگ نەبن.

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنییە رۆژی ٦ ی ئایار ٢٠٢١ لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا

١٣ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١