دیدار لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام درا؛ تەندروستیی چۆنە؟

03-03-2020 11:22


پەرەگراف

دەسەڵاتدارانی توركیا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێگەیان بە خانەوادەی عەبدوڵا ئۆجەلان‌و زیندانییانی دیكەی ئیمراڵییدا سەردانی زیندان بكەن‌و چاویان بە زیندانییەكان بكەوێت.

نووسینگەی یاسایی ئەسرین، کە پارێزەرەکانی کەیسی ئۆجەلان و زیندانییەکانی دیکەی پەکەکە لە ئیمرالی بەڕێوەدەبەن، لە تویتێكدا بۆ ڕایگشتیی ئاشكرا كرد كە ئەمڕۆ خانەوادەكانیان چوونەتە ئیمراڵیی‌و چاویان بە زیندانییەكان كەوتووە.

محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان سەردانی كردووەو چاوی پێی كەوتووە، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا زانیاریی لەبارەی سەردانەكەوە بۆ ڕایگشتی ئاشكرا بكات. لەبارەی دۆخی تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجەلان، عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) بە ڕووداوی ئینگلیزیی وتووە "باش دیاربوو".

هەفتەی ڕابردوو ئاگر لە دارستانێكی دورگەی ئیمراڵیی كەوتەوە، ئەوەش نیگەرانییەكانی لەبارەی دۆخی ئۆجەلان‌و زیندانییان زیاتر كردو گوشارەكان چڕ بوونەوە تا ڕێگەی دیداریان بدرێت.

لەو كاتەوەی لە ساڵی 1999وە كە ئۆجەلان لە ئیمراڵیی زیندانیكراوە، بەرپرسانی توركیا بە زەحمەت ڕێگەیان بە دیداری داوەو سەدان جار داواكاریی بینینی ئۆجەلان ڕەتكراوەتەوە كە خانەوادەكەی‌و پارێزەرەكانی پێشكەشیان كردووە.

دواینجار كە پارێزەرەكانی چاویان بە ئۆجەلان كەوتووە 7-8-2019 بوو، محەمەدی براشی 5 ڕۆژ دواتر سەردانی كرد.

پەكەكە دەیان ساڵە لە شەڕێكی درێژدایە لەگەڵ توركیا، بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 40 هەزار كەس لە هەردوولاو خەڵكی مەدەنی كوژراون.

ئۆجەلانی تەمەن 72 ساڵ، 15ی شوباتی 1999 لە كینیا ڕفێندرا بۆ بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە ناوچەی بندرما لە باكووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، لەو كاتەوە ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دەریای مەڕمەڕە لە زینداندایە، پێشتر عوسمان ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان‌و سەركردەی پێشووی پەكەكە وردەكاریی ئەو ڕۆژەی بۆ پەرەگراف گێڕایەوە كە ئۆجەلانی تێدا ڕفێندرا.

 

*ئەو ڕۆژەی ئۆجەلان ڕفێندرا، لە زاری عوسمانی برایەوە بۆ پەرەگراف