لە دۆسیەی ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیاردا كەسێك دەستگیر كراوە

13-11-2021 11:13
وێنەی ئەمڕۆی مەلا بەختیار لە فڕۆكەخانەی ئەستەنبوڵ لە توركیا، لەوێوە گەڕایەوە بۆ سلێمانی، بەپێی سایتی چاودێر سەربە مەلا بەختیار.

پەرەگراف

كەسێك لە دۆسیەی ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیاردا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانییەوە دەستگیر كراوە، بەرلەوەی ئەمڕۆش بگاتەوە سلێمانی دوای وەرگرتنی چارەسەر لە ئەڵمانیا، مەلا بەختیار سەردانی توركیای كردووەو چەند ڕۆژێك ماوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار بۆ پەرەگراف، "ئەو كەسەی دەستگیركراوە پێشووتر زۆر نزیكبووە لە مەلا بەختیار‌و لەگەڵیدا بووە. هێشتا ڕوون نییە پەیوەندیی ئەو كەسە بە ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیارەوە چییەو چۆنە، بەڵام دەستگیركراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".

سەرچاوەكە وتیشی "ئەو کەسە ماوەیەکی زۆرە لای مەلا بەختیار نەماوە".

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی یەكێتی، دوای چەند ڕۆژێك مانەوەی لە ئوردن‌و ئەڵمانیا بۆ پشكنین‌و وەرگرتنی چارەسەر، ئەمڕۆ گەیشتەوە سلێمانی.

"بەرلەوەی بگەڕێتەوە سلێمانی، مەلا بەختیار چەند ڕۆژێك لە توركیا ماوەتەوە، ڕوون نییە هۆكاری مانەوەكەی چی بووەو ئایا لەوێش پشكنین‌و چارەسەری هەبووە یان بۆ گەشتوگوزار ماوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی توركیای بینیوە" سەرچاوەكە وای وت.

مەلا بەختیار دوای گەیشتنی بە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی‌و لایەنگرانییەوە پێشوازیی لێكرا، پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ژەهرخوارد كردنی سەركردەكانی یەكێتی، وتی: غەدرێكی گەورە لە من و بافڵ تاڵەبانی‌و وەستا حەسەن كراوە.

"ناتوانم سوپاسی ئەو كەسە نەكەم كە سەرچاوەی ڕاستەقینەی دۆزینەوەی ئەم تاوانە بوو بەرامبەر بە من‌و وەستا حەسەن، ڕۆژێك دێت وردەكارییەكانیشی باس دەكەم" مەلا بەختیار وای وت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی یەكێتی، باسی لەوەش كرد، كاتیك لە عەممانی پایتەختی ئوردن بووە بۆ پشكنین، تێگەیشتووە چی بەسەر هاتووە، وتی "دكتۆرەكان لە نەخۆشخانەی خالدییە پێیان گوتم ماوەیەكی كەم لەبەردەم ژیانتدا ماوە فریا بكەوە".

"تەلەفۆنم بۆ هەڤاڵ قوباد كرد وتم ئەمە سەرگوزشتەی منەو تكایە بە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و جەنابی سەرۆكی هەرێم بڵێن، 5 دەقیقەی نەبرد سەرۆكی هەرێم تەلەفۆنی بۆكردم‌و بۆ ئەویشم گێڕایەوە، دوای 8 دەقیقە خاوەنشكۆ مەلیكی ئوردن هاتەسەرخەت وتی تۆ میوانی منیت، نوێنەرەكانی خۆی نارد بۆلام، دەستبەجێ منیان برد بۆ پشكنین‌و ڕەزامەندی وەرگیرا بە زووترین كات لە پشكنینی تایبەتی دەریبخەن من چیمە".

مەلا بەختیار وتیشی "ئێجگار سوپاسی جەلالەتی مەلیكی ئوردن دەكەم‌و بێڕادە سوپاسی سەرۆكی هەرێم دەكەم كە مەگەر جەنابی مام جەلال زیندوو بكەیتەوە ئەوەم بۆ بكات".

لە وەڵامی ئەو كەسانەی ژەهرخوارد كردنی بە "سیناریۆ" ناودەبەن، مەلا بەخیتار وتی "كەس سیناریۆ بە ژیان‌و مەرگی خۆی ناكات، ئەوە شەرمەزارییەكی گەورەیە سیناریۆ دروست بكەم بۆ بەدەستهێنانی سۆزی خەڵك‌و من پێویستم بەوە نییە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی باسی لە دۆخی ناوخۆی حیزبەكەی كرد بە تایبەت لە دوای كۆنگرەی چوارەمیان، "جاران خۆمان بە كوشت دەدا بۆ ئەوەی هاوڕێیەكمان دەست دوژمن نەكەوێت. بەداخەوە لە دوای چوارەمین كۆنگرەی یەكێتییەوە وای لێهات خەڵك خواخوای بێت هاوسەنگەرەكانی لەناوبچن یان خۆی هەوڵی لەناوبردنی بدات".

مەلا بەختیار تەئكیدی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لە دژایەتی گەندەڵی‌و ئەوانەی ناخی میللەتیان بریندار كردووەو ساڵانی ڕابردوو چۆن بووە هەروا دەبێت‌و كەس چاوەڕوانی ئەوەی لێ نەكات هەڵوێست‌و بیروباوەڕی بگۆڕێت.

ڕووەو ڕۆژنامەنووسانیش وتی، وردەكاریی‌و وەڵامی پرسیارەكانتان هەڵدەگرم بۆ كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سبەینێم لەسەر مەزاری مام جەلال.