مەلا بەختیار: لەناو یەکێتی ژەھرخوارد کراوم و لە دەزگای زانیارییەوە پێمگوترا

14-11-2021 11:15
مەلا بەختیار ڕاپۆرتی پزیشكی بەرزكردەوە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا.

پەرەگراف

مەلا بەختیار ڕایگەیاند، لەناو یەکێتیدا ژەھرخوارد کراوە دوو سێ مانگ پێش ڕووداوەکانی ٨ی تەموز، لە دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە زانیاریی پێدراوە لەبارەی ژەھرخواردکردنی، وتیشی: ھەر ئەو سەرچاوەیە پێی گوتم بە وەستا حەسەنیش بڵێ ئاگای لەخۆی بێت.

مەلا بەختیار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی لەبارەی ژەهرخواردكردنی خستەڕوو، وتی، هیچ تەمومژێك لە ژەهرخواردكردنیدا نییەو ڕاپۆرتی پزیشكیی بۆ ڕایگشتی بڵاودەكاتەوە.

"بەبێ ئەملاو ئەولا دەیڵێم لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژەهرخوارد كراوم، دوو سێ مانگیش پێ 8ی تەموز ئەم تاوانە بەرامبەر بە من كراوە. زانیاریم بۆ هاتووە لە زانیارییەوە كە ئەمكارە بەرامبەر بە من كراوە، وەنەبێت بڵێم سەرئەنجامی پشكنین ئەمەم بۆ دەركەوتبێت، سەرئەنجامی پەرۆشیی ئەو كەسانەی پەرۆشی خەڵكی وەكو ئێمەن، دزەیان بە زانیارییەكە كرد مەلا بەختیار فریای خۆت بكەوە، دوای هەفتەیەك هەر ئەو سەرچاوەیە بە منی وت بەڵكو بە وەستا حەسەنیش بڵێی ئاگای لە خۆی بێت" مەلا بەختیار وای وت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی یەكێتی، ئەوەشی خستەڕوو، هیچ هۆكارێكم شك نەدەبرد تاوانی لەم جۆرە بەرامبەر بە من بكرێت، بۆیە سێ هەفتە زانیارییەكەم فەرامۆش كردو لێكمدەدایەوە كە بۆ ئەم كارە بەرامبەر بە من كراوە؟

مەلا بەختیار وتیشی، بە كەسم نەگوت جگە لە خێزان‌و چەند كەسێكی نزیكم، وا پێویستی دەكرد بچم پشكنین بكەم، كە چوومە عەممان ئەنجامی پشكنینەكەم نارد بۆ هەڤاڵ بافڵ‌و دەزگای زانیاریی‌و ئاسایشی هەرێم.

دوای گەڕانەوەی لە عەممان، مەلا بەختیار دوو جار بافڵ تاڵەبانی‌و دواتر بەرپرسی دەزگای زانیاریی بینیوە‌و لەسەر وردەكارییەكەی قسەیان كردووە، پاشان چووەتە ئەڵمانیا بۆ باشترین نەخۆشخانە، "وەڵامی هەموویان هاتووەتەوەو ڕاپۆرتی پڕۆفیسۆرەكەم لە سڵاو یەكەمەوە تا كۆتا ماڵئاوایی تێدایە كە دواتر بە ئینگلیزی‌و كوردی بڵاوی دەكەمەوەو یەك تۆز گومان‌و تەمومژ لە ژەهرخواردكردنەكەمدا نییە".

"ژەهرخواردكردنی من‌و بافڵ تاڵەبانی‌و وەستا حەسەن لە یەك سەرچاوەوەیە، بەڵام بە كەسایەتی جیاواز كراون، ئەوەی بافڵ بۆ منی گێڕاوەتەوە جیاوازە لەوەی بەرامبەر بە من كراوە، ئەوەی بەرامبەر بە من‌و وەستا حەسەن كراوە یەك سەرچاوەیە، ئەوەی وەستا حەسەن كەم فریای كەوتوون بەرامبەر بە من زۆرتر فریاكەوتوون" مەلا بەختیار وای وت.

وتیشی: پەنجەی تۆمەت بۆ كەس درێژ ناكات تا نەسەلمێندرێت، ئامادەیە ئەو كەسەش ببورێت كە ئەو تاوانەی بەرامبەر كردووە ئەگەر بچێتەلای‌و دانی پێدا بنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕێگەی خواردنەو ژەهرەكەی پێدراوە، بەڵام چەندجارو چۆن‌و كەی بووە؟ ئەوە ئاشكرا ناكات، چاوەڕوانیشە یەكێتی بیسەلمێنێت كە بێبەرییە لەو تاوانە.