ئەڵمانیا دەنگۆی ناردنی پاس بۆ گواستنەوەی کۆچبەرانی بیلاڕووسیا بۆ وڵاتەکەی بە درۆ دەخاتەوە
پەرەگراف
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتێکدا کە بە زمانی کوردی و چەند زمانێکی دیکە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن، گوایە ئەڵمانیا پاسی ناردوون بۆ هێنانی خەڵکی لە بێلاروسیاوە لە ڕێی پۆلۆنیا راست نین.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەشڵێت: ئەوەی لەم جۆرە درۆیانە بڵاو دەکاتەوە، خەڵکی دەخاتە مەترسییەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کۆچبەران چەند ڕۆژێکە لە دۆخێکی خراپدان و سەرماو برسێتیی تەنگی پێ ھەڵچنیون. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەو دەنگۆیە بڵاوکراوەتەوە.
ھەرلەبارەی چارەنووسی کۆچبەران، نەبیل مودریك، كۆچبەر لەسەر سنووری بیلاڕووسیا-پۆڵەندا، ئەمڕۆ بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "شەوی ڕابردوو هەواڵێكی خۆشمان پێ گەیشت بە بڵندگۆی ئاگاداركردنەوە كە ئەڵمانیا ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ وەرگرتنمان و پۆڵەندایش ڕێگەمان پێ دەدات بە سنووری وڵاتەكەیدا بچین بۆ ئەڵمانیا".
ئەو كۆچبەرە وتیشی "بڵندگۆكە بە زمانی بادینی پەیامەكەی ڕاگەیاند، تەنیا ئەوەندەی وت و وەستا، دوای ئەوە بوو بە هاوار و خۆشی دەربڕین".
نەبیل مودریك ئاماژەی بەوە كرد كە "پێشتر لە ڕێگەی ئەو بڵندگۆی ئاگاداركردنەوانەوە داوایان لێ دەكردین كە ئێرە جێبهێڵین و ڕێگە نادرێت بچینە ژوورەوە".