بارزانی ‌و مەلا بەختیار بە تەلەفۆن باسی پرسی ژەهرخواردكردنەكەیان كرد

15-11-2021 03:55

پەرەگراف

مەسعود بارزانی‌و مەلا بەختیار پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام داو باسی ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیاریان كرد، میدیا مەلا بەختیار دەڵێت: جەختیانكردەوە كە بە سزادانی توندی تاوانباران، وابكرێ جارێكی تر هیچ كەس و تاقمێك بیر لەتاوانی وا نەكەنەوە.

ماڵپەڕی چاودێر، سەربە مەلا بەختیار، بڵاویكردەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەمەبەستی هەواڵپرسین لەدۆخی تەندروستی، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، لەگەڵ مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، وێڕای ئەوەی لە هەواڵی تەندروستی پرسیی، دڵخۆشیشی نیشاندا، كە تەندروستی بەرەو باشتر دەڕوات.

میدیاكەی مەلا بەختیار دەڵێت، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، جەختیانكردەوە "ئەم تاوانی ژەهرخواردكردنانە، نابێت‌و ناكرێت ببێ‌ بەنەریت لەناو حزبە سیاسییەكاندا، چونكە لە ئەنجامدا‌و لەسەر ئاستی دونیا، دەبێ‌ بە مایەی پەڵەیەكی ناشرین لەسەر كوردو هەرێمی كوردستان! بەپێچەوانەشەوە هەموولایەك خەبات بكەین ڕێگە لەهەر تاوانێكی لەم شێوەیە بگیرێت و بە سزادانی توندی تاوانباران، وابكرێ جارێكی تر هیچ كەس و تاقمێك بیر لە تاوانی وا نەكەنەوە".

مەلا بەختیار، سوپاسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە‌و پەرۆشیی هەواڵپرسینەكەی مەسعود بارزانی كردووە.

مەلا بەختیار دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، زانیاریی لەبارەی ژەهرخواردكردنی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، لەناو یەكێتیدا ژەھرخوارد كراوە دوو سێ مانگ پێش ڕووداوەكانی ٨ی تەموز، لە دەزگای زانیاریی یەكێتییەوە زانیاریی پێدراوە لەبارەی ژەھرخواردكردنی.

وتیشی، هیچ تەمومژێك لە ژەهرخواردكردنیدا نییەو ڕاپۆرتی پزیشكیی بۆ ڕایگشتی بڵاودەكاتەوە.