مەسعود بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەوە

15-11-2021 04:01

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردو لە كۆبوونەوەیەكدا تەئكیدیان لە گرنگی یەك گوتاریی كورد لە بەغداد‌و پڕۆژەی هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردەوە.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە بڵاویكردەوە، "جەختكرایەوە لەسەر پڕۆژەیەكی ھاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ كۆی پرسە سیاسییەكان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری".

دەقی ڕاگەیەندراوی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی كۆبوونەوەكە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كرد لە سەلاحەدین و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتووێی دواین پێشھاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانی ھەرێم و عێراق و ناوچەكە كراو بەشداری كورد لە حكومەتی داھاتووی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسییەكان بەوردی گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی و پرسە هەنووكەییەكان، جەخت لە یەكڕیزیی نیشتمانی كورد و یەكخستنی ھەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان كرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قۆناغی نوێی عێراق و دوای ھەڵبژاردنەكان ھەڵوەستەی لەسەر كرا و گرنگی یەك گوتاری كورد لە بەغدا بە پێویست زانرا و پەرۆشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەكڕیزی و تەبایی ماڵی كورد دووپاتكرایەوە و جەختكرایەوە لەسەر پرۆژەیەكی ھاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ كۆی پرسە سیاسییەكان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری.