جێگرەكەی بەغدادی نهێنییە گەورەكانی داعش ئاشكرا دەكات؛ چۆن زیاتر لە ملیارێك دۆلاری بۆ داعش كۆكردووەتەوە؟

15-11-2021 06:11

پەرەگراف

لە دانپێدانانەكانی سامی جبووری، جێگری ئەبووبەكر بەغدادیی سەركردەی ڕێخراوی تیرۆرستیی داعش، چەندین نهێنیی سەرنجڕاكێش ئاشكرا دەبێت، لەبارەی پەیكەری ڕێخراوەكە لە سەردەمی دەسەڵاتە فراوانەكەیان لە عێراق و سووریا لە نێوان ساڵانی 2014-2018.

بەر لە چەند هەفتەیەك، عێراق دەستگیركردنی جبووریی ڕاگەیاند، ئەوەش لە ئۆپراسیۆنێكی هەواڵگریدا كە لە دەرەوەی وڵات ئەنجام درابوو، بێ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكرێت.

جبووری لەناو داعشدا بە حاجی حامید یاخود ئەبو ئاسیا ناسراوە، یەكێك بووە لە ئەندامە دیارەكانی چەند گرووپێكی تیرۆرستی كە لە عێراق چالاك بوون، وەك "بزووتنەوەی تەوحید و جیهاد، ڕێكخراوی قاعیدە" تا دەگاتە داعش و لەوێ دەبێتە پیاوی دووەمی گرووپەكە لەدوای ئەبووبەكر بەغدادییەوە.

جبووری كە بە ڕەگەز عێراقییە، لەناو داعشدا چەند بەرپرسیارێتییەكی هەبووە، لەوانە "سەرۆكی دیوانی دارایی، بەرپرسی بەرهەمەكانی نەوت، دابەشكردنی پاداشت، كاروباری بۆمب ڕێژكردن".

حاجی حامید لە دانپێدانانەكەیدا وتوویەتی، لە هاوینی 2014وە كە داعش بەشێوەیەكی ستراتیژی هێرشەكانی بۆ سەر پارێزگاكانی باكوور و ناوەڕاست و ڕۆژئاوی عێراق دەست پێ كرد، ئەم كەسێكی نزیك بووە لە بەغدادی.

باسی لەوە كردووە بەغدادی خۆی سەركردەی میحوەرەكانی دیاری كردووە، بۆ كۆنترۆڵكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، ماڵی دەوڵەمەندەكان، كۆگاكانی چەك و كەرەستەی سەربازی لەگەڵ كەلوپەلی كۆمپانیاكان.

ئەو جێگرەی بەغدادی ئاشكرای كردووە، هەزاران دەستگیركراوی ئەو پارێزگایانەیان ئازاد كردووە بەرامبەر بە پێدانی ناوی ئەفسەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان، بۆ ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ بكەن و دواتر بیانكوژن.

مەترسیدارترین كۆبوونەوە

جبووری دانی بەوەدا ناوە، بەغدادی دوای وتارە بەناوبانگەكەی لە مزگەوتی نووری لە شاری مووسڵ، فراوانترین كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی داعش ئەنجام داوە.

لە كۆبوونەوەكەدا فەرمانی پێ كردوون بە دانانی بەربەست و خاڵی پشكنین لە سەرجەم ناوچەكەدا، لەگەڵ دروستكردنی پەیكەری ئیداریی ڕێكخراوەكە وەك "دیوانەكانی دادوەری، سەربازی، تەندروستی، پەروەردە، لێپێچینەوە، دارایی، غەنیمە، سامانەكان"، هەر یەكێك لەوانەش وەك وەزارەتی حكومەت كاریان كردووە.

"والی سامانەكان" بە یەكێك لە گرنگترین ئەو پۆستانە دادەنرێت كە جبووری لە سەردەمی كاركردنی لەگەڵ داعشدا وەریگرتووە، كە هاوشێوەی وەزیری نەوتە.

جبووری دەڵێت "كرام بە بەرپرسی سامانەكان لە ڕێكخراوەكەدا، ئەو دیوانە دەستی كرد بە قۆستنەوەی هەلی یەدەگی نەوتی بیرەكانی عێراق و سووریا، بۆ ئەوەی زامنی مانەوە و بەردەوامیی ڕێكخراوەكە بكەین و گەشەی پێ بدەین، لەو دامەزراوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار 500 كەس كاریان دەكرد، بەسەر كێڵگە و وێستگەكانی نەوتدا دابەشكرابوون، نەوت و بەرهەمەكانی لە كێڵگەی "گیارە و عەلاس" لە بەشی عێراق و كێڵگەكانی "تەنك، عومەر، شولە، سەعیوە، كۆناكۆ" لە بەشی سووریا دەردەهێنران.

"هەموو ئەو نەوتە دەبرایە دەرەوەی ویلایەتەكە، بەشێكیشی لە بازاڕی ڕەشدا لە ناوچەكەكانی ژێر دەسەڵاتمان تەنێكی بە 180 دۆلار دەفرۆشرا، لە دوو ساڵی كاركردنم لە دیوانی سامانەكان داهاتی داعش گەیشتە ملیارێك و 250 ملیۆن دۆلار، ساڵانە دەدرا بە دیوانی دارایی بۆ ئەوەی مامەڵەی پێوەی بكەن".

دواتر لە ساڵی 2016 جبووری دەكرێتە بەرپرسی دیوانی دارایی، لەو كاتەشدا یەكێكە بووە لە نزیكترین كەسەكان لە بەغدادییەوە.

وردەكاریی بوودجەی داعش

بەپێی دانپێدانەكەی جبووری، بوودجەی گشتیی داعش لەو كاتەدا كە پۆستەی وەرگرتووە، بەم شێوەیە بووە "گەنجینەكەی 250 ملیۆن دۆلار و سێ تەن ئاڵتوونی تێدا بووە، لەژێر ماڵ و نەفەقەكانی بەشێك لە فەرمانبەرانی دیوانی دارییدا هەڵگیرابوون، زۆرینەی لە داهاتی نەوت و غەنیمەكان كۆكرابوونەوە، هەروەها لەو دزییانەی لە دەرەوەی سنووری ڕێكخراوەكە دەكرا، یاخود ڕفاندنی بازرگانەكان و ئازادكردنیان بە پارە.

دواتر سامی جبووری سەرپشك دەكرێت لە خەرجكردنی پارە تایبەتەكانی دەوڵەتەكەی داعش.

"دیناری ئیسلامیمان دەركرد، لە ئاڵتوونی پوخت دروستكرابوو، بۆ ئەوەی لەناو زەوییەكانی ڕێكخراوەكەدا مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت"، جێگرەكەی بەغدادی وا دەڵێت.

ئەو سەركردەیەی داعش باسی لەوەش كردووە، هەر هێرشێك كە بۆ سەر سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامیان داوە، نزیكەی 30 هەزار دۆلاری تێچووە، "دیوانی دارایی" ئەو پارەیەی بەپێی پێویستیی ناوچەكان بە ئەنجامدانی هێرش دابەش دەكرد.