داوا لە كۆچبەرانی كورد لە بیلاڕووسیا دەكرێت بچنە كەمپەوە

16-11-2021 04:42

پەرەگراف

دۆخی سەخت‌و دژوار كۆچبەران كە زۆرینەیان كوردن لەسەر سنوری بیلاڕووسیاو پۆڵەندا بەردەوامەو ئەمڕۆ گرژیی‌و پێكدادان لەگەڵ پۆلیسی پۆڵەندی ڕوویدا، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان‌و ڕەوەندی كوردی لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە كۆچبەرە كوردەكان دەكات بچنە ئەو كەمپانەی بۆیان ئامادە دەكرێن، تا ژیانيان لە سەرماو سۆڵەو برسییەتی ڕزگارببێت.

پەرلەمانتار ڕێبوار بابكەیی، لە پەیامێكدا لە فەیسبووك نووسویەتی، "حكومەتی بیلاڕووسیا داوای كردووە پەنابەران لە كەمپ بكرێن، لێرەوە بە كۆچبەرانی خۆمان دەڵێم، ئەوانەی پرسیاریان كردووە كە ئایە بچنە كەمپەكان یان لە شوێنی خۆیان بن؟ بچن بۆ كەمپەكان تا ژیانتان لە سەرماو سۆڵە و برسییەتی ڕزگار بێت. لەوێ بن باشتر دەستمان پێتان دەگات بۆ ھێنانەوە تا لە دارستانەكان".

كۆچبەرانی كورد ئەمڕۆ بە بەرد هێرشیان كردەسەر هێزە ئەمنییەكانی پۆڵەندا لەسەر سنوور، هەوڵی تێكشكاندنی بەربەستەكانیان دەدا بە ئامانجی تێپەڕبوون بە خاكی ئەو وڵاتەدا، پۆلیس بە ئاوپرژێن‌و گازی فرمێسكڕێژ ڕووبەڕوویان بووەوە.

وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا، لە تویتەر ڤیدیۆی هێرشی كۆچبەرەكانی بۆسەر هێزەكانیان بڵاوكردووەتەوە‌و كۆچبەران بە "شەڕانگێز" ناودەبات‌و هێزەكانی بیلاڕووسیا تۆمەتبار دەكات بە هاندان‌و پشتیوانیكردنیان بۆ هێرشكردنەسەر پۆلیسی پۆڵەندیی.

وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا، لە تویتێكی دیكەدا دەڵێت: شەوی ڕابردوو چوار ئەفسەری بێلاڕووسا هەوڵی تێكشكاندنی تەلبەندی سنوورەكەیان داوەو گوشاریان خستووەتەسەر 11 كۆچبەر بۆ ئەوەی بەزۆر بیاننێرنە پۆڵەندا، بەڵام هەوڵەكەیان شكستیپێهێندراوە.

زیاتر لە هەفتەیەكە كۆچبەران لەناو دارستانەكانی سەر سنووری ئەو دوو وڵاتە دەمێننەوەو لە كەشێكی زۆر ساردی خوار پلەی سفری سەدیی‌و بەبێ خواردن‌و خواردنەوەی پێویست شەو و ڕۆژ بەڕێدەكەن، كۆچبەران زیاتر لە نیوەیان ژن‌و منداڵن.

حكومەتی عێراق ئامادەكاریی كردووە بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران بە خواستی خۆیان، بۆئەوەش ڕۆژی پێنج شەممە یەكەم گەشتیان بۆ ڕێكدەخرێت، حكومەتی هەرێمیش ئامادەیە هاوكاریی ئەو كۆچبەرانە بكات كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

لە نوێترین هەڵوێستدا، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لە كۆڕبەندی زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك، وتی، نیگەرانم بۆ دۆخی كۆچبەران لە سنووری بیلاڕووسیاو پۆڵەندا، هەر كۆچبەرێك خواستی گەڕانەوەی هەبێت هاوكاریی دەكەین‌و كار بۆ گەڕانەوەی كۆچبەرە كوردەكان دەكەین.

سەرۆكی حكومەت باسی لەوە كرد، ئەوانەی كۆچیانكردووە فریودراون لەلایەن قاچاخچییەكانەوە‌و ئەو كەسانە لەبەر هیچ فشارێك كوردستانیان جێنەهێشتووەو ئازادانە كۆچیان كردووە، وتیشی: ڕاستە كێشەی ئابوریمان هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێم هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئابوریی نییەو زیاتر لە 100 هەزار هەلی كارمان ڕەخساندووە.