نەوەی نوێ‌ بۆچوونی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ڕاگەیاند

16-11-2021 06:47

پەرەگراف

نەوەی نوێ‌ پرۆژە و پێشنیازی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕاگەیاند. كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان، هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی "سەربەخۆ و دوور لە پشكپشكێنەی حیزبی"، هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنی و ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەكان، هەڵبژاردنی نۆ دادوەری بێلایەن بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران بەشێكن لە پرۆژەی جوڵانەوەكە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆمەڵێك پێشنیازی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان خستووەتە ڕوو كە پێی وایە "ئەو پێشنیازانە لە بەرژەوەندیی خەڵك و پرۆسەیەكی خاوێنی هەڵبژاردن و پەرلەمانێكی بەهێزە".

تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، نەوەی نوێ‌ پێشنیاز دەكات "هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت. ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كەم بكرێتەوە بۆ ١٠٧ كورسی".

تایبەت بە پێكهاتەكانیش نەوەی نوێ‌ پێشنیاز دەكات ژمارەی كورسییەكانیان بۆ حەوت كورسی كەم بكرێتەوە بەم شێوەیە "سلێمانی: یەك كورسیی مەسیحی. گەرمیان: یەك كورسیی توركمان. هەولێر: دوو كورسیی مەسیحی، دوو كورسیی توركمان. دهۆك: یەك كورسیی مەسیحی".

"پێكهاتەكان لیستی تایبەت بە خۆیانیان دەبێت و تەنها هاووڵاتییانی ئەو پێكهاتانە بۆیان هەبێت دەنگ بدەن بە لیستی خۆیان. تۆماری دەنگدانی خۆیان جیاواز بێت و هاووڵاتی دەرەوەی پێكهاتەكان بۆیان نەبێت دەنگ بدەن بە لیستی پێكهاتەكان"، نەوەی نوێ‌ وا دەڵێت.

لە پرۆژەكەی نەوەی نوێدا پێشنیاز كراوە كە دەنگدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی و بایۆمەتری بێت و تەنها ئەوانە دەنگ بدەن كە كارتی بایۆمەترییان هەیە. ژماردنی دەنگەكانیش بەشێوەی ئەلكترۆنی بێت، دواتریش كاتی داخستنی سندووقەكان، تەواوی سندووقەكانی دەنگدان بەدەست بژمێردرێتەوە و بەراورد بكرێتەوە لەگەڵ ژمارەی دەنگە ئەلكترۆنییەكان".

هەروەها نەوەی نوێ‌ دەڵێت "كاتژمێر ٦ی ئێوارە سندووقەكانی دەنگدان دادەخرێن و بە هیچ شێوەیەك كات درێژ ناكرێتەوە. پێویستە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان ڕابگەیەندرێت و لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕابگەیەندرێت".

"دەستەیەكی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەكان دروست دەكرێت لە پێنج دادوەری بێلایەن كە هیچ كاری حیزبییان نەكردبێت، ئەنجامی كۆتایی لەلایەن ئەو دەستە دادوەرییەوە پەسەند دەكرێت. هەڵبژاردنی ئەو دادوەرانە لە پەرلەمانی كوردستان دەبێت و پێویستە بەڕێژەی ٢|٣ پەسەند بكرێت"، نەوەی نوێ‌ وا دەڵێـت.

هەر لە پرۆژەكەی نەوەی نوێدا هاتووەكە دەنگدانی تایبەت و گشتی لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام بدرێت. لە ڕێی كۆمسیۆنی عێراق و حكومەتی عێراقەیشوە داوا بكرێت كە هەڵبژاردن بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی و یونامی بێت. سێ مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و كۆچكردووان پاك كرابێتەوە.

سەبارەت بە یاسای كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمیش، جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێشنیاز دەكات "ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن نۆ ئەندام دەبن. دەنگدان لەناو كۆمیسیۆن و پەسەندكردنی ئەنجامەكان و هەموو بڕیارێكی تر بە ڕێژەی ٢|٣ پەسەند دەكرێت (واتە پێویستی بە دەنگی شەش ٦ ئەندام هەیە). هەموو كۆمیسیارەكان دادوەر دەبن و دوور دەبن لە ئینتیما و پشك پشكێنەی حیزبی".

سەبارەت بە پەسەندكردن و هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنیش لە پەرلەمانی كورستان، نەوەی نوێ‌ دەڵێت "پێویستی بە دەنگی ٢|٣ی ڕەهای پەرلەمانی كوردستان هەیە (واتە پێویستی بە دەنگی ٧٤ پەرلەمانتار هەیە)".