دۆسیەی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق دوای هەوڵی تیرۆركردنی كازمی چی بەسەر دێت؟

16-11-2021 07:17

پەرەگراف

گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی عێراق، بەتایبەت هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران، گەڕانەوەی میلیشیاكانیش بۆ چوارچێوەی ئەنجامدانی توندوتیژی، گومانی خستووەتە سەر ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە واشنتۆن ستراتیژێكی جیاوازی هەیە لەبارەی بیرۆكەی كشانەوە لە عێراق، بەجۆرێك بەو شێوە تەقلیدییە نابێت كە لە ئەفغانستان ڕووی دا، چونكە ئاسایشی عێراق یەكێكە لە ئەولەویەتەكانی واشنتۆن بۆ پاراستنی بەرژوەندییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت بەهۆی تەمومژاویبوونی ئەنجامی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران لەبارەی دۆسیە ئەتۆمییەكەی.

ڕۆژی شەممە، گریگۆری گیلۆت، سەركردەی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند كە فڕۆكەوانە ئەمریكییەكان لە ناوچەكە دەمێننەوە.

پێش چەند ڕۆژێكیش، تەحسین خەفاجی، وتەبێژی هێزە هاوبەشەكان لە عێراق، باسی لەوە كرد كە وڵاتەكەی چەند هەنگاوێكی ناوە بۆ كۆتایی پێهێنانی كاری هێزە نێودەڵەتییە جەنگییەكان لە مانگی كانوونی یەكەمدا.

خەفاجی ئاماژەی بەوە كرد، دوو هەزار و 100 باری تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازیی هاوپەیمانان گواستراوەتەوە، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ كشانەوەی ئەو هێزانە.

وتەبێژی هێزە هاوبەشەكان جەختی كردەوە لەسەر پابەندبوونی هەردوو لا لەسەر كاری هاوبەش، بەجۆرێك هاوپەمانییەكە پتیشوانی هێزە عێراقییەكان دەبێت لە جەنگی دژی داعش.

هێزەكانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی كشانەوەدا، هەزار و 800 زرێپۆش و ڕافیعە و بارهەڵگر و چەند كەرەستەیەكی دیكەی پێشكەشی سوپای عێراق كردووە.

ئەو هاوكارییە بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات كە مانگی تەمووزی ڕابردوو ئەنجام درا، تێیدا كۆتایی بە ئەركی جەنگی سوپای ئەمریكا هێنرا، بنكە سەربازییەكانیشیان دەكرێنە بنكەی عێراقی و بە یاسای عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت كە تایبەت كراوە بە یارمەتییەكانی جەنگی دژی داعش.

جۆری كشانەوەكە

فازیڵ بەدرانی، مامۆستای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی، باس لە ئاماژەكانی دوو بەرپرسی ئەمریكی دەكات، بەوەی هێزە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن (كە ئێران پشتگیرییان دەكات) لە پشت هەوڵی تیرۆركردنی كازمییەوە بن.

ئەو پسپۆڕە پێی وایە ئەمریكا بەو ئاماژەدانە دەیەوێت لەژێر هەر ناوێكدابێت، لە عێراق بمێنێتەوە، چونكە لە زۆر دۆسیەدا ئەو هێزانە كۆنترۆڵی كاروباری عێراقیان كردووە.

بەدرانی پێی وایە ئەمریكا دەمێنێتەوە و لەژێر ناوی پشتیوانیی لۆجستی و هەواڵگری و ڕاهێنان لە عێراق بوونی دەبێت.

تاكتیكێكی نوێ

عەمید سەمیر ڕاغب، پسپۆڕی ستراتیژی، ئاماژەی بەوە كردووە كە هۆكارێكی دیكە هەیە هانی ئەمریكا بدات بۆ مانەوە، ئەوەش دانوستانە چاوەڕنكراوەكانی ڤییەنایە كە لەم مانگەدا لەگەڵ ئێران ئەنجامی دەدات، لایەنی بەرامبەریش دەیەوێت ئاسایشی عێراق وەك كارتێكی فشار بەرامبەر واشنتۆن بەكار بهێنێت.

لەبارەی شێوەی داهاتووی بوونی ئەمریكا لە عێراق، ئەو پسپۆڕە دەڵێت "گۆڕینی ئەركی هێزەكان بێ كەمكردنەوەی ژمارەیان كە دوو هەزار و 500 سەربازە، هەروەها گواستنەوەی ڕاهێنانەكان لە مەیدانەوە بۆ ناو بنكە سەربازییەكان، هاوكات گۆڕینی ناوی هێزە شەڕكەڕەكان بۆ ڕاهێنەر و ڕاوێژكار، پشتبەستنی ئەمریكا بە سەربازە خانەنشینەكان بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی، ئەمە جگە لەوەی هێزەكانی بەسەر چەندین ناوچەدا دابەش دەكات بۆ ئەوەی لە هێرشی درۆنەكان پارێزراو بن".

ڕاغب پێی وایە ئەركی ئەمریكا بەرزكردنەوەی توانای هێزە عێراقییەكان دەبێت، لەگەڵ دابینكردنی فڕۆكەی ئێف 16، لەگەڵ هاوكاریی هەواڵگری بۆ دابینكردنی ئاسایشی سەر سنوور.

بیرۆكەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی باراك ئۆباما، كە دەبوو لە سەردەمی سەرۆكایەتیی ئەودا بەشێوەیەكی تەدریجی بكشێنەوە، كە جەنگی داعش ڕێگربوو لەو كشانەوەیە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی كۆتایی داعش، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشوو بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ دوو هەزار 500 سەرباز.

پشتگیریی سیاسی

دوای هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی، پشتیوانیی ئەمریكا بۆی بە ئاشكرا دەركەوت، بەجۆرێك جۆ بایدن ڕێنمایی تایبەتی بۆ گرووپی ئاسایشی قەومی دەركرد تا یارمەتیی عێراق بدەن لە لێكۆڵینەوەكان لە هەوڵی تیرۆركردنەكە.

عەمید سەمیر ڕاغب پێی وایە، ئەو كارەی ئەمریكا "پێگەیاندنێكی سیاسی"یە بۆ پشتگیریی پێكهاتەكانی عێراق، بەجۆرێك لەسەر بەرژوەندیی لایەنێكی دیكە نەبێت، تاوەكو جارێكی دیكە وڵاتەكە نەكەوێتە بۆشاییەكی ئەمنی و میلیشیاكان بەسەر دۆخەكەدا زاڵ نەبن.