بەرپرسێکی گۆڕان لە وەڵامی مەسرور بارزانی دا: ڕاکردن لەم واقیعە تاڵە بە خەڵک ڕەوا نابینێت

16-11-2021 10:43
ستەم کامیل ڕێکخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان - مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران

پەرەگراف

بەرپرسێکی گۆڕان ڕەخنە لە وتەکانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی دەگرێت لەبارەی کۆچبەرانی کوردو ھۆکاری کۆچکردنیان، ڕووەو سەرۆکی حکومەت دەڵێت: ئەم ڕاکردنە لە نیشتیمان پەیوەندی بە بێئومێدییەکی قوڵی خەڵکەوە هەیە لە کۆی شێوازی حوکمڕانی.

ستەم کامیل ڕێکخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکی نووسراودا کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، دەڵێت "گرفتی گەورەی قسەکانی سەرۆکوەزیران دەربارەی پرسی کۆچکردنی بەشێک لە خەڵک ئەوەیە کە کۆی دنیابینی لەسەر ئینکاریکردنی تەواوی واقیعی تاڵی ژیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بونیادنراوە تا جێگەیەک کە ڕاکردن لەو واقیعە تاڵەش بە خەڵک ڕەوا نابینێت و وەک یارییەکی سیاسی ئەیبینێت".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان، لەبارەی کۆچکردنی خەڵکی کوردستانەوە، دەشڵێت "ئەم ڕاکردنە لە نیشتیمان پەیوەندی بەوەوە نیە کە ئەمە یاریەکی سیاسییە، ئەم ڕاکردنە پەیوەندی بەوە نیە کە ئەو خەڵکە لە لایەن هەندێک نوسینگەی گەشتیاریەوە هەڵخەڵەتێنرابن. بەڵکو ئەو ڕاکردنە لەنیشتیمان پەیوەندی بە بێئومێدیەکی قوڵی خەڵکەوە هەیە لە کۆی شێوازی حوکمڕانی و شێوازی تەوزیعکردنی داهات و دەرفەتەکانی کارکردن و بەرەوپێشچون و ژیانکردنەوە".

مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لە كۆڕبەندی زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك، باسی لەوە كرد، بەشێک لەوانەی كۆچیانكردووە "فریودراون لەلایەن قاچاخچییەكانەوە"‌و ئەو كەسانە لەبەر هیچ فشارێك كوردستانیان جێنەهێشتووەو ئازادانە كۆچیان كردووە، وتیشی: ڕاستە كێشەی ئابوریمان هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێم هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئابوریی نییەو زیاتر لە 100 هەزار هەلی كارمان ڕەخساندووە.

سەرۆکوەزیران وتیشی، نیگەرانم بۆ دۆخی كۆچبەران لە سنووری بیلاڕووسیاو پۆڵەندا، هەركۆچبەرێك خواستی گەڕانەوەی هەبێت هاوكاریی دەكەین‌و كار بۆ گەڕانەوەی كۆچبەرە كوردەكان دەكەین.

بەڵام ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە وەڵامی سەرۆکی حکومەتدا، پێیوایە "ئینسانی کورد لە ژێر فشارێکی زۆری هەستکردن بە نا دادپەروەریسیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا ئەژی. بەشێکی زۆری خەڵک نا ئومێدە لەوەی کە سبەی لە ئەمڕۆ باشتر بێت. ئەوەی پاڵ بە خەڵکەوە ئەنێت شکستی حوکمڕانیە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم هەرێمەیە لەوەی کە تا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک بکەن کە ئینسانی کورد هەست بەپارێزراوی کەرامەتی بکات، تا ئێستا تاکی کورد نازانێت ژیانێکی شەرەفمەندانە واتای چی!".

ستەم کامیل دەشڵێت "داننان بە گرفتەکاندا، بینینیان وەک خۆی، بەشێکە لە چارەسەر. بەڵام بەداخەوە، جارێکی تر و دوای سەدان جار، ئێمە ڕوبەڕوی ئەو واقیعە ئەبینەوە کە زۆرینەی زۆری دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە واقیعەکە وەک خۆی نابینن".

زیاتر لە هەفتەیەكە كۆچبەران کە زۆرینەیان خەڵکی ھەرێمی کردستانن و زیاتر لە نیوەیان ژن‌و منداڵن، لەناو دارستانەكانی سەر سنووری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا دەمێننەوەو لە كەشێكی زۆر ساردی خوار پلەی سفری سەدیی‌، بەبێ خواردن‌و خواردنەوەی پێویست، شەو و ڕۆژ بەڕێدەكەن.

حكومەتی عێراق ئامادەكاریی كردووە بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران بە خواستی خۆیان، بۆ ئەوەش ڕۆژی پێنج شەممە یەكەم گەشتیان بۆ ڕێكدەخرێت، حكومەتی هەرێمیش ئامادەیە هاوكاریی ئەو كۆچبەرانە بكات كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.