مانیفێستی حیزبێکی سیاسی نوێ لە کوردستان ڕاگەیەندرا

17-11-2021 07:45

پەرەگراف

کۆنگرەی ژینگەو دیموکراتی،  مانیفێستی خۆی وەک حیزبێکی سیاسی نوێ لە کوردستان بڵاوکردەوەو دەڵێت، دیدێکی تەواو جیاواز بۆ سیاسەت و ئەرکی پارتێکی سیاسی دەخاتە روو.

کۆنگرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت "ئێمە نامانەوێ بە شێوە کلاسیکییەکە بە بڵاوکردنەوەی بەیانێکی کتوپڕ پارتێکی سیاسی رابگەیەنین، چاویشمان لەوە نییە ببینە بەشێک لەم سیستمە حکومڕانییە شکستخواردو و داڕزاوە، هێندەی مەبەستمانە پێش هەر شتێک بیرو باوەڕو تێگەیشتنمان رابگەیەنین و بگاتە هاووڵاتیان و خۆیان رۆڵیان هەبێ لە گفتوگۆو دروستبوون و گەشەو بەردەوامیماندا".

عەبدوڵای مەلا نوری، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئەم حیزبە نوێیەیەو ڕاگەیەندراوەکەی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە، ھێشتا نازانرێت کەسایەتییەکانی دیکەی حیزبەکەو دامەزرێنەرانی کێن و ڕاگەیەندراوەکە ناوی کەسی لەسەر نییە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

وەڵامێکی مێژوویی بەم قۆناغە کارەساتبارەی گەلەکەمان...

مانیفێستی بوژانەوە

ئەم مانیفێستۆیە، گوزارشتە لە دیدی ئێمە، لە دەستنیشانکردنی ڕیشەو هۆکاری کێشەو قەیرانەکانی هەرێم و رێگای چارەسەرکردن وبوژاندنەوەی؛ بە ڕاشکاوی پەنجەی لەسەر برینەکان داناوە، نەک لێکەوتەکان.

هاووڵاتیانی وەک چەقی گۆڕانکاری وەرگرتووە و پێی وایە: دەبێ ئێمەی تاکە پەرتەوازەکراوەکان، لە سەر دارو پەردوی ئەو کەوتن و تێکشکانە هەمە لایەنەی کە ئێستا تێدا دەژین، خۆمان دروست بکەینەوەو خۆمان بێینە پێش و جەنگاوەری بەدیهێنەری خەون و سەندنەوەی مافە زەوتکراوەکانمان بین.

دیدێکی تەواو جیاواز بۆ سیاسەت و ئەرکی پارتێکی سیاسی دەخاتە روو، کە تێیدا مانای راستیی سیاسەت وەک کردەیەکی کۆمەڵایەتی وئەخلاقی رون دەکاتەوە؛ ئەو تێگەیشتنە باوەش رەت دەکاتەوە، کە ژیانی کۆمەڵگە بە ژیانی تاکە کاریزمایەکەوە ببەسترێتەوە و چاوەڕوانی سەرکردەی ڕزگارکەر بین.

دژی ئەوەیە کەسێک بکرێت بە بت، هەرکە ئەو شکا هیوای هەمووان وردو خاش ببێ، هەرکات ئەو پێکەنی هەمووان پێبکەن، هەرکات دڵتەنگ وبێدەنگ بوو هەموان کەساس و بێدەنگ بن!

چاوی لەوەیە، بەردەوام تاکی پێشەنگ و بەرپرسیارو خاکی و بەهێز لە هەموو ناوچەیەکی کوردستاندا دروست بکات، کە هەڵقوڵاوی ناو گەل بن و لە هەناوی گەلدا بمێننەوە و هەست بە ئازار و کێشەکانیان بکەن.

نەخشەڕێگای دروستکردنی هێزێکی سیاسیە، کە بە بیرو بڕیارو کردار هی هاووڵاتیانی بادینان و هەولێرو سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان و سۆران و هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بێت.

مانیفێستۆی گێڕانەوەی رۆڵێکی پڕ رێزو بەهایە بۆ ژنان لە ناو کایەی سیاسەتدا؛ گوزارشتە لە سۆزو خەون و چاوەڕوانییەکانی رەوەندی کوردستانی؛ کارکردنە لە سەر خولقاندنی فەرهەنگێکی نوێی سیاسی و کەرامەت و خۆناسین و لێبوردەیی؛ کارکردنە لە سەر کاری هەرەوەزی مرۆڤە ئازاو دڵسۆزەکانی ئەم وڵاتە، لە پێناو بنیاتنانی داهاتوماندا.

ئەم مانیفێستە باوەڕی بە رق و سڕینەوەو کاردانەوە نییە، بەڵکو پرۆژەی خۆی وەک پێداویستییەکی مێژوویی قۆناغەکە بنیات دەنێت و کار لەسەر ئیرادەو رابون و هەستانەوەو رێکخستن و پەروەردە دەکات.

کار بۆ ئەوە دەکات ئەو فۆرمە کوشندەو کلاسیکییە تێپەڕێنین، کە حیزب بۆ ئەوەی هەبێ دەبێت: عەمیلی وڵاتێک بێت، پارەو پرۆژەی ناشەرعیو بارەگای گەورەی هەبێت.

ئەم مانیفێستە پێمان دەڵێت: حكومەتێکی باش و بەهێزو دیموکرات و دادپەروەر لە هەناوی پارتێکی سیاسی باش و بەهێز و دیموکرات و دادپەروەرەوە دێتە دەرێ، هەروەک پارتێکی لەم جۆرەش لە هەناوی تاک و کۆمەڵگەیەکی هوشیارو بەهێزو دیموکراتەوە دێتە دەرێ.

ئەم مانیفێستە تەبەنی بیرو ئاڕاستەی دیموکراسی کۆمەڵایەتی دەکات و دژی ئەو تاڵانکاریەیە، کە بە ناوی بازاڕی ئازادو کەرتی تایبەتەوەخەریکە هەموو ژیانمان قوت دەدات!

داوای سەربەستکردنی سەرمایەداران لە ژێر چەپۆکی گروپەکانی دەستڕۆیشتوی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت دەکات، داوای ئابورییەکی بەهێزی خۆژێنی ژینگە دۆست و دادپەروەری هەژار دۆست و ئازادی یاسایی دەکات.

ئەم مانیفێستە نوێنەرایەتی کارتۆنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی مەسیحی و ئێزیدی و کلدو ئاشوری و تورکمان، لە ناو پەرلەمان وحکومەتدا رەت دەکاتەوەو داوای نوێنەرایەتییەکی ئازاو ئازادو راستەقینەیان بۆ دەکات.

گەر دەپرسی بۆچی کۆنگرە؟ بۆچی ژینگە؟ بۆچی دیموکراتی؟ یان هەر پرسیارێکی ترت لا دروست بووە، ئەوا لە ئانی خوێندنەوەی مانیفێستی بوژانەوەدا وەڵامت دەستدەکەوێت.

ئێمە نامانەوێ بە شێوە کلاسیکییەکە بە بڵاوکردنەوەی بەیانێکی کتوپڕ پارتێکی سیاسی رابگەیەنین، چاویشمان لەوە نییە ببینە بەشێک لەم سیستمە حکومڕانییە شکستخواردو و داڕزاوە، هێندەی مەبەستمانە پێش هەر شتێک بیرو باوەڕو تێگەیشتنمان رابگەیەنین و بگاتە هاووڵاتیان و خۆیان رۆڵیان هەبێ لە گفتوگۆو دروستبوون و گەشەو بەردەوامیماندا.

چونکە ئەوە بیرو باوەڕێکی تۆکمەو رونە، یەکێتی بیرو ئامانجە، یەکێتی قسەو کردارە دەتوانێ خزمەتی کۆمەڵگەکەمان بکات و ببێتە هێزی گەورەی گۆڕانکاری و بگاتە مەنزڵ، نەک بە تەنها راگەیاندنی هێزێکی بێ روئیا، لە چەشنی چێشتی مجێور.

دەقی مانیفێستۆکە بە فراوانی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان و هەندەراندا، بڵاو کراوەتەوەو دەکرێتەوە و بۆ هەموو کەسێکە؛ هاوکات بە پەرۆشیەوە چاوەڕوانی راو سەرنجی ئێوەی بەڕێزین.

گەر بیرو بۆچونەکانمان باش بوون دەتوانن باشتریان بکەن، گەر هەڵەو کەموکورتیمان هەبوو، دەتوانن بە پێشنیازو رەخنە بنیاتنەرەکانتان راستمان بکەنەوە.

هەوڵیش ئەدەین لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان لە نزیکەوە گفتۆگۆ لە گەڵ ئەو کەسانەدا بکەین، کە مانیفێستەکە دەخوێننەوەو گوێ لە راوسەرنجیان دەگرین.

بۆیە داوامان ئەوەیە خۆتان راستەوخۆ لە ڕێگەی خوێندنەوەی مانیفێستەکەمانەوە بمانناسن، نەک لە ڕێگەی ترەوە.

ئێمە بە باوەڕێکی بتەو و هیوایەکی گەورەوە دەستمان داوەتێ، کار لە سەر رێگای سێیەم دەکەین؛ وا بۆ دوو ساڵ دەچێ لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم لە ناو کارو رێکخستن و ئامادەسازیداین.

بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە هەموو ئەو مرۆڤە پاك و دڵسۆزانەی کە خۆیان لەم پرۆژەیەدا دەبیننەوە، دەتوانن بەشدارو خانەخوێبن لە گەشەو بەهێزکردنیدا.

هەروەک بە رێزو گرنگییەوە دەستی دۆستایەتی و هاوکاری و هاوپەیمانی بۆ هەر دەستەو گروپ و هێزێک درێژ ئەکەین، کە بێ دوودڵی و پێچوپەنا خەونی دەستکاری ریشەیی ئەم سیستمی حکومڕانی و بارودۆخەیان هەبێت.

رێکخستنەکانی

کۆنگرەی ژینگەو دیموکراتی - لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم

١٧ی ١١ی ٢٠٢١