زیاتر لە ٤٠٠ کۆچبەر لە بێلاڕووسیاوە دەگەنەوە ھەولێر

18-11-2021 12:21
کۆچبەران لە فڕۆکەخانەی مێنسک پایتەختی بێلاڕووسیا چاوەڕوانی گەڕانەوەن

پەرەگراف

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە بێلاڕووسیاوە دەگاتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نزیکەى ٤٣٠ کۆچبەرى عێراقى و کوردستانى هەڵگرتووە کە ماوەیەکى زۆرە لە نێوان سنوورەکانى بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە، بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی ھەرێم.

ھەواڵەکەی حکومەتی ھەرێم لەبارەی گەڕانەوەی کۆچبەران دەڵێت:

ئەمڕۆ کاتژمێر شەش و نیوی ئێوارە، فڕۆکەیەک لە بێلاڕووس دەگاتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نزیکەى ٤٣٠ کۆچبەرىعێراقى و کوردستانى هەڵگرتووە کە ماوەیەکى زۆرە لە نێوان سنوورەکانى بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان کردبوو.

ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بە نیاز بوون بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و لە ڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا ولیتوانیا تابگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى ٢٠ هەزار کەسە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێ نادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوەبن بۆ نیشتمان.

بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵى چارەسەرى ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێک هێنرا.  نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تابگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق" و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانەکرا کە خوازیارى گەڕانەوەن لەودۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٦٠ پەناخواز ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە.

بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ى ئێوارە یەکەم فڕۆکە لە بێلاڕووسەوە بگاتە هەولێر کە تواناى هەڵگرتنى ٤٣٠ سەرنشینى هەیە و ئەو کۆچبەرانەى کە دەیانگەڕێنێتەوە، کوردستانى و عێراقین. دواى دابەزینى پەناخوازە کوردەکان لە هەولێر، فڕۆکە بیلاڕووسییەکە دەچێتە بەغدا بۆدابەزاندنى پەناخوازە عێراقییەکان.

بەشێکى ئەو پەناخوازانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، کێشەی پاسپۆرتیان هەیە، بەوەى کە لە سەفەرە نایاساییەکەیاندا پاسپۆرتەکانیان لەدەست داوە و بەشێکی تریشیان ڤیزاکانیان بە سەر چووە، هەر بۆیە جارێکی دیکە لەسەر فەرمانى لیژنە باڵاکەى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تیمێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕووسیا چوونەتە بێلاڕووس بۆ کارئاسانی بۆ ئەو پەناخوازانەى کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

تیمەکە، پاسپۆرتی پەڕینەوە بۆ پەناخوازەکان دروست دەکەن و هەروەها لێخۆشبوونیش بۆ ئەو سزایانە دەردەکەن کە ڤیزاکانیان لە بێلاڕووس بە سەر چووە و داواش لە حکومەتی بێلاڕووس کراوە کە ئەو پەناخوازانە خەرجی پشکنینی کۆڕۆناش لە فڕۆکەخانەکان نەدەن.

ئەو پەناخوازانەی کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندار لە حکومەتى هەرێم پێشوازییان لێدەکرێت و میدیاکانیش ڕووماڵی گەڕانەوەیان دەکەن.

ئەو پەناخوازانەى کە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بە خۆڕایی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لە هەولێر و بەغدا بۆ دەکرێت، بڕیاریشە تیمێکی وەزارەتی تەندروستی لە فڕۆکەخانە چارەسەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بکات، چونکە چەندین ڕۆژە لەسەر سنوورەکان ولەبەردەم سەرما و سۆڵەیەکى زۆر و لە دۆخێکى نەخوازراو و ناتەندرووست ماونەتەوە. هەر کۆچبەرێکیش پێویستی بەچارەسەر هەبێت، بەئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری خێرای بۆ ئەنجام دەدرێت.