یەكەم حاڵەتی مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمار كرا

04-03-2020 11:15


پەرەگراف

ئەو مامۆستا ئاینییەی ئەمڕۆ لە سلێمانی تووشبوونی بە كۆرۆنا ڕاگەیەندرا، گیانی لەدەستدا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەندروستی سلێمانی تۆماركردنی شەشەم حاڵەتی كۆرۆنای ڕاگەیاندو ئاشكرایكرد: تووشبووەكە بەساڵاچووەو باری تەندروستیی ناجێگیرە. دوای دوو كاتژمێر وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند"بەداخەوە یەکەمین نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 تەمەن 63 ساڵ لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا".

ئەو تووشبووە مامۆستایەكی ئاینیی بووەو بەهۆی كاریگەریی ڤایرۆسەكەوە گیانی لەدەستدا. وەزارەتی تەندروستی پێشتر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند: ئەو كەسە دوای نەخۆش كەوتنی و سەردانی پزیشك گومانی لێكراوەو دواتر لە پشكنین دەرچووە كە تووشبووی كۆرۆنایە.

ئەوە یەكەم حاڵەتی مردنە بە كۆرۆنا لەسەر ئاستی عێراق لە كۆی 32 كەسی تووشبوو كە 6 یان لە سلێمانی بوون‌و ئێستا 5 یان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.