توركیا كردنە ئامانجی یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكەی لە ئۆپەراسیۆنێكدا ڕاگەیاند

18-11-2021 04:31

پەرەگراف

سوپای توركیا و دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە (میت) ڕایانگەیاندووە كە "یەكێك لە درێژخایەنترین ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان لە باكووری عێراق ئەنجام داوە و تێیدا عەلی حەیدەر كایتان كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لە چالاكی خستووە"، ئەمە بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسە توركییەكە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوونێكی درێژخایەن بۆ چاودێریكردنی ئەو بەرپرسەی پەكەكە، "میت و سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لە باكووری عێراق ئەنجام داوە".

"دوا بەدوای ئۆپەراسیۆنەكە لە ڕێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە دەركەوت كە عەلی حەیدەر كایتان لەنێو ئەو كەسانەدایە كە لە چالاكی خراون"، ئەنادۆڵ وا دەڵێت.

لە چالاكی خستن، دەستەواژەیەكە كە توركیا بۆ پێكان و بە ئامانجگرتنی گەریلاكانی پەكەكە بەكاری دەهێنێت، كە مانای كوژران یان برینداربوونی كەسەكە دەگەیەنێت، ئەوەش لە حاڵەتێكدا بەكار دەهێنێت كە دڵنیا نەبێت لەوەی كە كەسەكە گیانی لەدەست داوە یاخود تەنیا بریندار بووە.

بەپێی ئاژانسەكە، عەلی حەیدەر كایتان ناوە نهێنییەكەی (فوئاد)ـە و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پەكەكە، هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بووە كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە. باس لەوەش كراوە كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وا وەسفی كردووە كە "لە دوای خۆی خاوەن بڕیار بووە لە پەكەكەدا".

بەپێی ئەو زانیارییەی كە ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت لە سەرچاوە ئەمنییەكانەوە دەستی كەوتووە "بۆ لە چالاكی خستنی كایتان كە یەكێك لە درێژخایەنترین ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دراوە".

"بۆ ئەو چالاكییە، لێكۆڵینەوەیەكی هەواڵگریی هەمەجۆر لەلایەن میتەوە لەسەر كەیتان ئەنجام درا كە بەردەوام لە ترسی ئۆپەراسیۆن شوێنی دەگۆڕی. لە كاتێكدا لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكەدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكار دەهێنرا، لە ڕێگەی هەواڵگریی جیاوازیشەوە لە گۆڕەپانەكەدا زانیاری كۆدەكرایەوە"، ئەنادۆڵ وا دەڵێت.

تا ئێستا پەكەكە و میدیاكانی هیچ لێدوان و هەواڵێكیان لەبارەی دروست یان نادروستیی ئەو هەواڵەی میدیای توركیا بڵاو نەكردووەتەوە.