سەدر مەرج بۆ بەشداریی دۆڕاوەكان لە حكومەتدا دادەنێت؛ سێ‌ سەرۆكایەتیی عێراقیش دەستپێشخەرییان هەیە

18-11-2021 09:34

پەرەگراف

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكانی كردە مەرج بۆ ئەو هێزە سیاسییانەی كە خواستی بەشدارییكردنیان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا هەیە و دەڵێت "ئەوەی ئێستا دەیكەن زیاتر خەڵكیان لێ دوور دەخاتەوە". سێ‌ سەرۆكایەتیی عێراقیش تاوتوێی دەستپێشخەرییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكەن.

موقتەدا سەدر كە هاوپەیمانییە سیاسییەكەی بە ناوی سائیروون، پێشەنگی هێزە براوەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە نەجەف داوای لە و هێزە سیاسییانە كرد كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەت دەكەنەوە، ئەگەر بڕیاریان دا بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، ئەوا پێویستە بە یەكجاری گرووپە چەكدارەكان هەڵبوەشێننەوە و چەكەكانیان لە ڕێگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە ڕادەستی حەشدی شەعبی بكەن.

سەدر وەك ئاماژەیەك بە ناڕەزایەتییەكانی ئەو لایەنانە سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وتیشی "پێویستە هێزە سیاسییەكان بەخۆیاندا بچنەوە تاوەكوو لە داهاتوودا خەڵكی متمانەیان پێ بكەنەوە، ئەوەی ئێستا دەیكەن زیاتر خەڵكیان لێ دوور دەخاتەوە"،

"ئەگەر دەتانەوێت بەشداری لە حكومەتدا بكەن، پێویستە لێپێچینەوە لەو كەسانە بكەن كە سەر بە ئێوەن، ئەوانەی كە گومانی گەندەڵیان لێ دەكرێت و رادەستی دادگایان بكەن"، سەدر ڕوو لە لایەنە دۆڕاو و ناڕازییەكان وا دەڵێت.

ڕێبەری ڕەتی سەدر جەختی كردەوە كە "ئەگەر ئێوە لە قسەكانی من ڕازی بوون، ئەوا ئێمە هاوبەش دەبین لە پرۆژەی چاكسازییدا، پێكەوە وڵات دروست دەكەین و بەبێ توندوتیژی و بە بەرگی جەماوەرییەوە بەرەو چاكسازی و بنیاتنان هەنگاو دەنێین".

هەر ئەمڕۆیش لە كۆشكی سەلامی سەرۆكایەتیی كۆمار، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و حاكم فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی كۆمار "لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە پێویستیی بەھێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، پتەوكردن و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی، سازان و یەكخستنی دید و بۆچوونەكان، گفتوگۆ و پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی، پابەندبوون بە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری، بەگەڕخستنی ھەوڵەكان بە ئاڕاستەی ھێنانەكایەوەی داوا ڕەواكان و باشتركردنی دۆخی بژێوی ژیانی خەڵك كرایەوە".

"لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە باس لە پێویستیی یەكلایكردنەوەی تانە و سكاڵاكان كرا لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بە پێی بنەماكانی یاسا و بە ڕەچاوكردنی كاری پیشەیی و بە بێلایەنانە، بە جۆرێك متمانەی دەنگدەران بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان بەھێزتر بكات لە ھەمان كاتدا دەرچەیەكی یاسایی و دەستووری بێت بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان"، سەرۆكایەتیی كۆمار وا دەڵێت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە تاوتوێ دەستپێشخەرییەكان كرد كە ئاڕاستەی ھێز و لایەنە سیاسییەكان بكرێت وەك بەڵگەنامەیەك لەسەر بنەمای چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی ھاتووەتە ئاراوە، ڕووەو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی عێراق، بە پێكهێنانی حكومەتێكی كارای كاریگەر كە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بپارێزێت".

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە ١٠ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو بەڕێوە چوو، هاوپەیمانیی سائیروونی باڵی سیاسیی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر، بە بەدەستهێنانی ٧٣ كورسی لە كۆی ٣٢٩ كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران، براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە بوو.

هەروەها لیستی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٣٨ كورسی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر ٣٤ كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەست هێناوە.

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری كە چەتری سیاسیی گرووپە چەكدارەكانە، تەنها ١٦ كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەست هێناوە لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا بە بەدەستهێنانی ٤٨ كورسی بووە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكە بوو.