لاھور شێخ جەنگی: ھاوسەرۆکم و ھیچ بیرو بۆچوونێکم نییە بچمە دەرەوەی یەکێتی

19-11-2021 05:06

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی بڕیاری دەرکردنی لە یەکێتی بە نایاسایی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، ئێستاش ھاوسەرۆکی یەکێتییەو ئەو حیزبە لە دڵ و دەروونیدایەو ھیچ بیرو بۆچوونێکی نییە بچێتە دەرەوەی یەکێتی.

لاھور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ لە سلێمانی قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو باسی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و کوردستانی کرد، سەرسوڕمانیی خۆی دەربڕی کە سەرکردایەتی یەکێتی کۆنابێتەوە لەکاتێکدا کێشەی ناوخۆییان ھەیەو ھەڵبژاردنێکی گرنگ کراوەو دەنگەکانیان کەمی کردووە، باسی لەوەش کرد، ئەو بڕیارانەی دراون لە دەرەوەی پەیڕەی یەکێتی بووە.

"ئێستاش خۆم بە خاوەنی یەکێتی دەزانم و ھیچ بیروبۆچوونێکی وام نییە بچمە دەرەوەی یەکێتی، یەکێتی لە دڵ و دەروونمدایە، بەڵام ئەوەکەوتووەتەسەر ئەوەی ئایا یەکێتی منی دەوێت یان پێویستی بە من ھەیە یان نا، من لەھەر شوێنێک بم لە بەرەی گەل دەبم و بڕیارمداوە ڕوبەڕوی ئەم گەندەڵکارانە دەبمەوە کە ٣٠ ساڵە لەم وڵاتە خوێنی میللەتەکە دەمژن" لاھور شێخ جەنگی وای وت.

لەبارەی دروستکردنی لیست بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی ئەوەی ڕەت کردەوەو وتی "ھەمیشە لەگەڵ ئەوەبووم بەرەیەکی نیشتمانی دورست بکرێت، یەکێتی دەبێت بەشێک بێت لەو بەرەیە، ئەگەر یەکێتی دەیەوێت بەردەوامیی بە حیزبەکەو سیاسەت بدات دەبێت بێتەوە بەرەی گەل چونکە ساڵانی ڕابردوو ئێمە بەشێک بووین لەو نەھامەتییەی بەسەر میللەتەکەمان ھێناوە، ناتوانین خۆمان لەوبەرپرسیارێتییە بدزینەوە".

لاھور شێخ جەنگی وتیشی "سیاسەت خەریکە قێزەون دەبێت، ئینسان کە ئەم بارودۆخە دەبینێت و کۆچی ئەو گەنج و پیرانە دەبینێت کە ھەڵدێن و وڵات بەچێدەھێڵن لەدەست لە ئێمەی سیاسی، مرۆڤ قێزدەکاتەوە لەوەی کە سیاسییە، سیاسییەکان ئەوەندە بێویژدانی دەکەن خەڵکەکە خەریکە بەجێی دەھێڵێت".