كۆبوونەوەكانی مەسرور بارزانی و بەرپرسانی وڵاتان؛ ئەمریكا دەربارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم چی دەڵێت؟

20-11-2021 07:26

پەرەگراف

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەراوێزی كۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین، زنجیرەك كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان ئەنجام دا. گرنگترینیان كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریكا بووە كە تێیدا جەخت لە "هاوبەشیی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، بەردەوامیی پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی" كراوەتەوە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، پاش كۆبوونەوە لەگەڵ مەسررور بارزانی لە تویتێكدا ڕایگەیاند "پێزانینی قووڵی خۆم بۆ هاوبەشیی بەردەوام و بەشدارییە بەنرخەكانی پێشمەرگە كوردەكان لە شەڕی دژی داعش دەربڕی".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمیش سەبارەت بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە دەڵێت "وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە ڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مەسعود بارزانی كرد لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان، هاوبەش و هاوپەیمانێكی گرنگی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، دووپاتیشی كردەوە كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش".

هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم "جەختی لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی و هەبوونی هەماهەنگیی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كردەوە".

"دایەلۆگی ستراتیجیی ئەمریكا و عێراق و گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو"، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.

دواتریش مەسرور بارزانی لەگەڵ برێت مەكگورك، ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە كۆشكی سپی، كۆبووەوە.

بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم، گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، تاووتوێ كراون.

لە دیدارەكەشدا "جەخت لە برەودان بە هەماهەنگی و هاریكاری لەپێناو ئارامی و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەكە" كراوەتەوە.

كۆبوونەوەیەكی دیكەی مەسرور بارزانی لەگەڵ میگێل بێرگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بوو. تێیدا گفتوگۆ دەربارەی "پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان و دۆخی كۆچبەران لەسەر سنووری بیلارووسیا و پۆڵەندا" كراوە.

"وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا، سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕێكارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن و ڕێگریكردن لە كۆچكردنی نایاسایی و كارئاسانیكردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی كۆچبەران بۆ هەرێمی كوردستان"، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە داوە كە "هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە هەر هاریكاریی و هەماهەنگییەك لەگەڵ وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا دەكات بۆ بەهاناوەچوون و چارەسەركردنی كێشەی كۆچبەرانی سنووری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا".

هەر ئەمڕۆ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی، "دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندیی كۆمكاری عەرەبی و هەرێمی كوردستان"یان تاووتوێ كردووە. لە كۆبوونەوەكەدا "جەخت لە گرنگیی هاریكاری و هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشە و ئاستەنگە هەرێمییەكان" كراوەتەوە.

مەسرور بارزانی لەگەڵ شازادە سەلمان بن حەمەد ئالخەلیفە، شازادەی جێنشین و جێگری فەرماندەی گشتیی هیزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی پێشخستنی ئابووریی بەحرەینیش كۆبووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی شانشینی بەحرەین لە گەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەهێزكردن و ڕەخساندنی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان كردەوە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وەبەرهێنانی بەحرەین".