وەزارەتی پێشمەرگە بۆ خڵوسی ئاكار: عەقڵیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جوگرافیاكەی بە هیچ ئەنجامێك ناگات

21-11-2021 12:06

پەرەگراف

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرسوڕمانی خۆی "لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان" لەلایەن وەزیری بەرگریی توركیاوە دەردەبڕێت و دەڵێت "عەقڵیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی، هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات".

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "وتەكانی خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان، جێگەی سەرسوڕمانە. بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا ڕێگە بە خۆی بدات ئینكاریی واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات كە لە ڕاستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە".

"ئەو بەڕێزە خۆیشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟"، وەزارتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جیۆگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە، با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە، ئینجا بۆی دەردەكەوێ كوردستان هەیە یان نییە".

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەكاتەوە كە "عەقلیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی، هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات".

وەڵامەكەی وەزارەتی پێشمەرگە پاش ئەوە هات چەند ڕۆژێك لەمەوبەر خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا، لە پارلەمانی وڵاتەكەی كاتێك پەرلەمانتارێكی هەدەپە پرسیاری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە دژی پەكەكە لێ‌ كرد و ناوی كوردستانی هێنا، خڵوسی ئاكار توڕە بوو و وتی "پێویستە شتێك بڵێم، هیچ كوردستانێك نییە، نە لە توركیا و نە لە هیچ شوێنێك".

دواتر پارلەمانەكەی هەدەپە تەحەدای كرد و لێی پرسی "بۆ وا دەڵێی، ئەی هەرێمی كوردستانی عێراق نییە؟". كەچی وەزیری بەرگریی توركیا سوور بوو لەسەر قسەكەی خۆی و وتی "نا".

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ بەرپرسێكی هەرێم وەڵامی ئەو قسانەی خڵوسی ئاكاری نەدایەوە تا ئەوەی شەوی ڕابردوو ئەدهەم بارزانی وەڵامی خڵوسی ئاكاری دایەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردوو كە چاوەڕێی وەڵامی بەرپرسانی حكومی و حیزبیی هەرێم بووە.

ئەدهەم بارزانی لە پەیامێكدا بۆ وەزیری بەرگریی توركیا وتی "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوێبیستی لێدوانێكی ئێوە بووم لە پەرلەمانی توركیا كە دەڵێن هیچ شوێنێك نییە بە ناوی كوردستان، نە لێرە، نە لە عێراقیش. ئایە جەنابیشتان ئەم مافە بۆ ئێمە بە ڕەوا دەبینن كە بەرگری لە خاكمان بكەین و بڵێین جەنابی وەزیر، هیچ میللەتێك هەیە كە بێ خاك بێت؟! ئێمە كوردین و وڵاتەكەمان ناوی كوردستانە".

ئەدهەم بارزانی لە پەیامەكەیدا بۆ خڵوسی ئاكار دەشڵێت "باوەڕت هەبێ جەنابی ئاكار، من چاوەڕێی لێدوانی وەڵامدانەوەی بەرپرسانی حكومی و حیزبیی ئەم بەشەی باشووری كوردستان بووم، ئەگەر لێدوانیان هەبا، پێویستی بەم لێدوانەی من نە دەكرد".