لاهور شێخ جەنگی بۆ چارەسەری كێشەكان بانگەوازێك ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەكات

21-11-2021 04:06

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی بانگەوازێكی ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی كە بە "براكانم" ناوی بردن دەكات و داوایان لێ‌ دەكات ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی بكەنە ڕۆژی ئاشتەوایی و دەستی برایەتی درێژ بكەن. دەشڵێت "با كێشەی ناوخۆی یەكێتی لە ڕێگەی ئۆرگانەكانی حیزبەوە چارەسەر بكەین، ئەگەر كێشەیەكی یاسایش هەیە، فەرموون ئەوە دادگا".

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی، لە نیوەڕۆخوانێكدا كە بۆ كەسوكاری شەهیدانی حیزبەكەی ڕێكخستبوو، سەبارەت بەو تۆمەتانەی كە دراونەتە پاڵی وتی "هەموو ئەو تۆمەتانەی باسی دەكەن پڕوپووچن، بە بێمنەتی لێرە وەستاوم و سەرم بە ئێوە بەرزە".

لاهور شێخ جەنگی باسی لە هۆكاری بێدەنگیی خۆی كرد و وتی "زۆرتان پرسیارتان لا دروست بووە دەڵێن: باشە ئەم لاهوورە زمانی لەدەمدا نییە؟ بۆ قسەیەك ناكات كە ئەم هەموو تۆمەتەی ڕووبەڕوو دەكرێتەوە؟ هەمووتان باش دەزانن بەرانبەر نەیارەكانم زمانم زۆر درێژە، بەڵام كێشەی من لەگەڵ نەیار نییە، لەگەڵ برا و كەسوكار و حیزبەكەی خۆمە".

هەر سەبارەت بە هۆكاری بێدەنگیی، ڕوو لە كەسوكاری شەهیدانی حیزبەكەی وتی "من لە ئێوە دەپرسم: ئەم برایانەی خۆم بڕیاریان داوە هێز بجووڵێن بەرانبەر بە من، دەكرێت من هێز بجووڵێن بەرانبەر ئەوان و كوڕی خەڵك بێباوك بكەم؟ ئێوە لێم قبووڵ دەكەن لەپێناو پۆستی خۆی ئەو كارە بكەم؟ نابێت لێم قبووڵ بكەن.

"من وەكو ئەوان ناكەم، چونكە پێم وایە كات هەموو شتەكان چاك دەكات و ئەوانیش بەخۆیاندا دەچنەوە".

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەش كرد كە "ئەو كەسانەی ئەمڕۆ لەسەر تەلەفزیۆنی نەیارەكانمان ئەو قسە پڕوپووچانە دەكەن، ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڤاڵی ئێمە بوون و خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن، بەداخەوەم بۆیان".