لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتیدا ناڕەزایی دروست بوو؛ چەند ئەندامێك كۆبوونەوەكەیان جێهێشتووە

04-03-2020 08:12
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیدا كێشە لەسەر كاندید بۆ بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی ئەو حیزبە دروست بوو، سەركردایەتییەكی گەرمیان دەڵێت: ئەوان‌و كوڕێكی كۆسرەت ڕەسوڵ نیگەران بوون‌و كۆبوونەوەكەیان جێهێشتووە.

ناڕازییەكان دەڵێن، پۆڵا سیروان تاڵەبانی كە وەك بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان هەڵبژێردراوە مافی ئەوەی نەبووە خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات، بەڵام پۆڵا تاڵەبانی دەڵێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو مافەی هەبووەو هیچ دەقێك نییە ڕێگەی خۆپاڵاوتنی لێبگرێت.

كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی بە سەرپەرشتی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەو حیزبە بەڕێوەچوو، تێیدا هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی مەڵبەندەكانی یەكێتی ئەنجام درا.

میقداد شێخ بەهادین، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە بازنەی گەرمیان یەكێك بووە لە ناڕازییەكان كە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بەجێهێشتووە، ئەو بۆ پەرەگراف هەڵبژاردنی بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی بە "پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی" ناو برد‌و باسیلەوە كرد سەركردایەتیی یەكێتی لەسەر بنەمای چەند بازنەیەك هەڵبژێردراوەو نەدەبوو كەسێك لە بازنەیەكەوە خۆی بۆ پۆستی بازنەیەكی دیكە كاندید بكات لە كاتێكدا بازنەكە خۆی كاندیدی هەبێت.

"گەرمیان لە هەموو ڕوویەوەكەوە هەقی خۆیەتی لەو 6 ئەندامی سەركردایەتییەی كە هەیەتی یەكێكیان ببێتە بەرپرسی مەڵبەندەكەی، لە كاتێكدا خۆمان دوو كاندیدمان هەبووە، بەڵام چەند جارێك كێشەمان بۆ دروست بوو، جارێك یەكێكیان دەهێنا لە دووزخورماتوو جارێك لە خانەقینەوە، ئەمڕۆ لە ژوورێكی تەنگ‌و تاریكدا كەسێكی تریان دەستنیشان كرد لە بازنەی بەغداوە هێنابوویان كە لەوێ هیچ ڕكابەری نییەو هێنایان فەرزیان كرد بەسەر ئێمەداو كردیان بە بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان" میقداد شێخ بەهادین وای وت.

شێخ میقداد خۆی یەكێك بووە لە كاندیدەكان بۆ بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان لەگەڵ كەسێكی دیكە(شیرین شێخ حسێن)، ئەو نیگەرانەو دەڵێت"حساب بۆ كاندید بوونمان نەكرا، ژمارەیەك لە هەڤاڵان زیاتر لە 7 كەس بووین هاتینە دەرەوەو كۆبوونەوەكەمان جێهێشت".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف كە ئایا كوڕەكانی كۆسرەت ڕەسوڵیش ناڕازیی بوون‌و كۆبوونەوەكەیان جێهێشتووە، شێخ میقداد وتی"بەڵێ كاك دەربازی كاك كۆسرەتیش هاتە دەرەوەو هەر لەسەر ئەوەی گەرمیان بوو".

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیدا، بەرپرسی سەرجەم مەڵبەندەكانی ئەو حیزبە گۆڕدران بە خەڵكی نوێ، ئەوەش لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی خۆڕێكخستنەوە لە دوای ئەنجامدانی كۆنگرە.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی لەبارەی نیگەرانییەكان لە خۆپاڵاوتنی ئەو بۆ لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان، بە پەرەگرافی وت"بیروبۆچوونی جیاواز هەبوو، هەندێك هەڤاڵ دەیانوت بە گوێرەی پەیڕەو نابێت، بەڵام دواتر لەلایەن سكرتێری ئەنجومەن‌و بەڕێز هاوسەرۆكەوە بۆیان ڕوونكرایەوە كە شتەكە پەیڕەوییەو هەر هەڤاڵێك لەهەر شوێنێكەوە دەتوانێت خۆی كاندید بكات".

پۆڵا تاڵەبانی تەئكید لەوە دەكاتەوە، هیچ بڕگەیەكی پەیڕەی ناوخۆی یەكێتی نییە ڕێگریی لە خۆكاندید كردنی ئەو كردبێت، وتی"بەپێی پەیڕەو هەر هەڤاڵێك ئازادە لە هەر شوێنێك خۆی كاندید بكات، لەبەرئەوەی تۆ هەڵبژێردراوی بە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەندامی سەركردایەتی بەغداو سلێمانی نیت، هیچ بڕگەیەكی پەیڕەو نییە ئەوە قەدەغە بكات".

یەكێتی لە 21-12-2019 چوارەم كۆنگرەی ژیانی سیاسیی بەست، ئەوەش دوای مێژوویەك لە دواخستن هات بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە، بەڵام كۆنگرە نەیتوانی كۆتایی بە كێشەو باڵباڵێن بهێنێت كە هەر لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرەدا ڕەنگیدایەوە، چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژانی داهاتووش گەڕێكی دیكەی تووندبوونەوەی ململانێكان بەڕێوەبچێت لە هەڵبژاردنی كارگێڕان‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەدا.

"ئەمڕۆ هەندێك خزم خزمێنە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دەخوات، ڕەنگە كاك پۆلا بە حوكمی ئەوەی هەم خزمی كاك بافڵ‌و هەم خزمی كاك لاهوورە ئەوەش كاریگەریی خۆی هەبووە" میقداد شێخ بەهادین وا دەڵێت.

ئەو ئەندام سەركردایەتییە كە بەهۆی ناڕەزاییەوە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی جێهێشتووە، لەبارەی چارەسەر بۆ نیگەرانییەكانیان وتی"هیچ چارەسەرێك نەماوە. ئێمە لە سەركردایەتی بەردەوام دەبین‌و دەچینە ناو كۆبوونەوەكان‌و ئەگەر شتێك ببینین كە پەیڕەو پێشێل بكرێت قسەی خۆمان دەكەین‌و دێینە جواب‌و ڕێگە نادەین هەروا بە ئاسانی پەیڕەو پێشێل بكرێت".

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا تەنها پۆڵا تاڵەبانی نەبووە كە لە بازنەیەكەوە خۆی بۆ بەرپرسی مەڵبەندی بازنەیەكی دیكە تەرخان بكات، مەڵبەندەكانی بەغدادو خانەقینی یەكێتیش بە هەمان شێوە بوون.

"لە ناوچەكانی دیكە كاتێك ئەم حاڵەتە ڕوویداوە بۆ نمونە؛ كاك هێرش لە بەغداوە هێنراوە بۆ خانەقین لەبەرئەوەی لە خانەقین كەس نەبووە خۆی كاندید بكات بۆ مەڵبەندەكە، لە بەغدا كەس نەبووە خۆی كاندید بكات بۆیە ڕابیحە خان نێردراوە" شێخ میقداد وای وت‌و سوورە لەسەر ئەوەی "پەیڕەو پێشێل كراوە".

بەڵام پۆڵا سیروان تاڵەبانی تەئكید لەوە دەكاتەوە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ڕێگەی لە كەس نەگرتووە بۆ خۆ كاندید كردن، "كاتێك هەڤاڵێك بۆی هەبێت لە بازنەیەكەوە خۆی بۆ بازنەیەكی دیكە كاندید بكات، هەمان ماف بۆ هەمووان هەیە".

بە پێچەوانەی میقداد شێخ بەهادین كە پێیوایە "دانانی بەرپرسەكان بە خزم خزمێنەو بە مەزاج بووە"، پۆڵا سیروان تاڵەبانی دەڵێت"كۆبوونەوەیەكی زۆر باش بوو هەڵبژاردنەكە زۆر شەفاف‌و ئازادانە بەڕێوەچوو، زۆربەی سەركردایەتی لەوێ بووەو هیچ كێشەیەكی تێدا نەبووە".

لێپرسراوی مەڵبەندەكانی یەكێتی كە ئەمڕۆ لە سەركردایەتی ئەو حیزبە هەڵبژێردران

جەزا سەید مەجید - لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی
دكتۆر ڕێبوار ئیسماعیل - لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر
محەمەد عوسمان - لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك
ئاراس جیهانگیر - لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆك
حاكم سابیر - لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵ
ڕابیحە محەمەد - لێپرسراوی مەڵبەندی بەغداد
پۆڵا سیروان تاڵەبانی - لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان
مەلا ئاری - لێپرسراوی مەڵبەندی ڕاپەڕین
عەبدوڵا ئیسماعیل - لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگە
مەلا كەریم - لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین
نەسروڵێ‌ سورچی - لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچوغ
داود جوندی - لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگال
سەرتیپ عەلی - لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوور
ئەبوزێد ساڵح - لێپرسراوی مەڵبەندی كۆیە
هێرش حەبیب - لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین
ڕێبوار جاف - لێپرسراوی مەڵبەندی چەمچەماڵ
زوبێر عوسمان - لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران