خۆپیشاندانی خوێندكاران و توندووتیژیی دەسەڵات؛ دەرماڵە چەند بوودجەی پێویستە و هەڵوێستی پەرلەمان چییە؟

22-11-2021 06:48

پەرەگراف

خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ داواكردنی دەرماڵە لە چەندین ناوچەی هەرێم بەڕێوە چوو. بەكارهێنانی توندوتیژی بەرانبەر خوێندكاران، كاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ‌ كەوتووەتەوە. ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵایش دەڵێت "لەبارەی داواكاریی ئەو خوێندارانەوە كە یاساییە و بوودجەیەكی 10 ملیار دیناریی پێویستە، یاداشتمان داوەتە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەڵام پشتگوێ‌ خراوە".

ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی وت "یاداشتێكمان بە واژووی 48 پەرلەمانتار پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردبوو تا بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دوێنێ‌ بەرنامەی كارەكە ڕاگەیەندرا و یاداشتەكەی ئێمەی تێیدا نییە".

"بەشێكی زۆر لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان جگە لە فراكسیۆنی پارتی و كەمینەكان، پشتگیریی یاداشتەكە دەكەن. لەناو لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵایش هەموو ئەندامەكان پشتگیری ناكەن، چونكە هەندێكیان پارتی و پێكهاتەكانن"، ئاشنا عەبدوڵڵا وا دەڵێت.

هەر ئەمشەویش خوێندارانی زانكۆی سلێمانی بۆ داواكردنی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانیان دەست پێ‌ كردەوە و شەقامی بەردەم زانكۆیان داخست. خوێندكارێك بە پەرەگرافی وت "پاش خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ، ئەمشەو ئاویان لە بەشەناوخۆییەكان بڕیوە و وەكوو گاڵتە پێكردنیش كارەبا دەبڕن و هەڵی دەكەنەوە".

ئەمڕۆ بۆ دووەم ڕۆژی لەدوای یەك، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان، بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و داوای پێدانی دەرماڵەكانیان دەكەن.

هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە پەیامێكدا بۆ خوێندكارانی خۆپیشاندەر دەڵێت "پەیام و داواكارییەكانی ئێوەمان گەیاندووەتە وەزیری خوێندنی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەخوازین بەزوترین كات وەڵامی داوا ڕەواكانتان بدرێتەوە، پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئەركی هەموومانەو پارێزەری هەر چالاكی و ڕێگایەكی مەدەنییانە دەبین كە بە ئاشتییانە گوزارشت لە داخوازییەكان بكات".

لە خۆپیشاندانی بەردەم زانكۆی سلێمانی، ھێزە ئەمنییەكان توندوتیژییان بەكار ھێنا. بەهۆی لێدان و بەكارهێنانی داری كارەبایی و گازی فرمێسكڕێژەوە چەند خوێندكارێك بریندار بوون.

ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، دەڵێت "بارودۆخی خەڵك خراپە و پێدانی 100 هەزار و 60 هەزار وەكوو دەرماڵە، بۆ قوتابیان زۆرە و دەتوانن بەشێك لە پێویستییەكانی خۆیانی پێ‌ پڕ بكەنەوە، ئەم بەرپرسانەی هەرێم وا دەزانن ژیانی خۆیان چۆن دەگوزەرێت، لای خەڵكیش وایە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕەخنە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەگرێت و دەڵێت "ئێمە زانیمان نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەلایەن خوێندكارانەوە هەیە و پێش بابەتەكە كەوتین، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەكوو وەزارەتۆچكە و بەڕێوەبەرایەتییەكی حكومەت مامەڵە دەكات، بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی هەڵناسێت".

هاوكات جەخت دەكاتەوە كە لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەماندا "خاڵی پەیڕەوی و قسە"یان دەبێت لەسەر پاساوی نەخستنە بەرنامەی كاری یاداشتەكەیان.

ئاشنا عەبدوڵڵا ئاماژە بەوەش دەكات كە بەپێی یاسای خیدمەی مەدەنیی ساڵی 1960/هەمواركراوی ساڵی 2014، هەروەها بەپێی یاسای بوودجەی 2021 كە مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم دێت، یاسا لە چوارچێوەی بوودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەو مافەی بۆ خوێندكاران دابین كردووە.

سەبارەت بە بڕی بوودجەی پێویست بۆ دەرماڵەی ئەو خوێندكارانە، ئەو پەرلەمانتارە بۆ پەرەگراف دەڵێت "پێویستی بە داتایەكی ورد هەیە. لە پەیمانگا و زانكۆكانی هەرێمدا 130 هەزار خوێندكار هەن، دیار نییە چەندیان خوێنكاری بەشەناوخۆییەكان كە دەرماڵەیان 100 هەزار دینارە و چەندیان خوێندكاری ناو شارەكانن كە دەرماڵەیان 60 هەزار دینارە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا 10 ملیار دیناری پێویستە".

دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ساڵی 2014ـەوە بە پاساوی شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشەبوودجەی هەرێمەوە بڕدراوە، بەڵام خوێنكاران و بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیان وایە ئێستا حكومەت توانای گێڕانەوەی ئەو مافەی بۆ خوێنداران هەیە، بە تایبەت كە بوودجەیەكی كەمی پێویستە.