
پەرەگراف
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و داواكاریی خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیامانگاكان تاوتوێ دەكات. وەزیری ئاوەدانكردنەوە دەڵێت "هەموو هەوڵەكان بە ئاڕاستەی ئەوەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەرژەوەندیی خوێندكاران بڕیار بدات".
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم، بە میدیای حیزبەكەی ڕاگەیاندووە "سبەی چوارشەممە (24/11/2021) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و بەشێكی گرنگی ئەجێندای كۆبونەوەكە تایبەت دەبێت بە خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان".
ئەو وەزیرەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كردووە كە "هەموو هەوڵەكان بە ئاڕاستەی ئەوەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەرژەوەندیی خوێندكاران بڕیار بدات، كە داواكاریی سەرەكییان خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندنە".