كۆرۆنا بە خێرایی لە ئێران تەشەنە دەكات؛ زەنگی مەترسیی گەورە لێدەدرێت

06-03-2020 07:21


پەرەگراف

كۆرۆنا لە ئێران بە خێرایی تەشەنە دەكات، تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە ژمارەیەكی بەرزتری تۆمار كردو چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە زەنگی مەترسیی گەورە لێدەدەن.

بەرپرسانی ئێران پێشبینیی جیاوازیان هەیە؛ ئەندامێكی لیژنەی پەتای نیشتمانی ئێران پێشبینی دەكات تا دوو هەفتەی دیكە لەسەدا 30 بۆ 40ی دانیشتووانی تارانی پایتەخت تووشی كۆرۆنا ببن، بەڵام ئەندامێكی لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا پێیوانییە تاران بەوجۆرە مەترسیی لەسەر بێت. پەرلەمانتارێكی ئێرانیش داوادەكات تاران كەرەنتینە بكرێت تا وەك شاری ووهانی چینی لێنەیەت.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) هەزارو 234 تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا لە ئێران تۆمار كراوەو ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتووەتە 4 هەزارو 747 كەس، ئەمەش بەپێی دواین ئامار كە كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند.

جەهانپوور ئەوەشی خستە ڕوو، هەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 19 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ 124 كەس.

هەروەها 913 كەس كە هەڵگری كۆرۆنابوون لە ئێران چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووەو نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. بەڵام 15 هەزارو 981 كەسی دیكە بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە نەخۆشخانەكاندا خەوێندراون.

ئێران زۆرترین تووشبوو و مردووی بە كۆرۆنا ھەیە لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست، لە زۆریی ژمارەی مردن بەو ڤایرۆسە ئێران لە دوای چین‌و ئیتاڵیا پلەی سێیەمی هەیە لە دونیادا.

لە ناو تووشبووان‌و مردووان لە ئێران بەرپرسانی باڵا هەن، زیاتر لە 20 پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە تووشی كۆرۆنا بوون كە دەكاتە لەسەدا 8ی پەرلەمانتاران.

مەسعود مەردانی، ئەندامی لیژنەی پەتای نیشتمانی ئێران، پێشبینی دەكات تاوەكو 20ی ئەمە مانگە، لەسەدا 30 بۆ 40ی ئەو كەسانەی لە تارانی پا‌یتەخت دەژین توشی كۆرۆنا ببن.

مەردانی كە لە هەمانكاتدا پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەكانە، لە لێدوانێكیدا بۆ ِۆژنامەی ئێران كە دەزگای پەخشی فەڕمی حكوومەتی ئەو وڵاتەیە، باس لە خێرایی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە دەكات‌و دەڵێت"'كەسێك كە توشی كۆرۆنا (Covid-19) بووە دەتوانێت لە هەمان كاتدا چوار كەسی دیكە توش بكات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەتای نیشتمانی ئێران، ئەوەش دەخاتە ڕوو، لەسەدا 80ی حاڵەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، ''ڕەنگە هەندێ لەو نەخۆشانەی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن سێ بۆ پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی نیشانەكانیان تێدا دەربكەوێت، چاكببنەوە''.

بە پێچەوانەی مەسعود مەردانی، ئەندامێكی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران، پێیوانییە ئەو ڕێژە زۆرەی دانیشتووانی تاران لەبەردەم مەترسیی تووشبوون بە كۆرۆنادا بن.

حەمید سوریی، دەڵێت: ئەگەر ئەو كارانەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكرێن بە هەمان شێوە بەردەوام بن، "ڤایرۆسەكە تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت‌و كۆتایی پێدێت".

ئەو ئەندامەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران، لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی حكومیی وڵاتەكەی، ئاماژە بەوەدەكات، گرنگترین هۆكار بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پەتاكە، پابەندبوونە بە ڕێنمایی و یاساكانی تەندروستیی، "دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لە بەریەككەوتن، بەتایبەتی لە بەریەككەوتنی نزیك. دەبێت خەڵكی دوور بكەونەوە لە ئاهەنگ، پرسە و خوانی بەكۆمەڵ''.

لەبارەی ئەگەری توشبوونی ‌سەدا 40ی دانیشتوانی تارانی بە ڤایرۆسەكە، حەمید سوریی دەڵێت"'پەتاكە وردە وردە كەم دەكات. ئەگەر هەنگاوی كاریگەر نەگیرێتەبەر ئەوا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات. ئەگەری توشبوونی سەدا 40ی دانیشتوانی تاران بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سفرەوە نزیكە''.

شاری قوم كە گەورەترین ناوەندی ئاینییە لە ئێران شوێنی سەرەكیی بڵاوبوونەوەو گەشەی ڤایرۆسەكەبوو لەو وڵاتە، بەڵام ئێستا چەندین پارێزگای دیكەی گرتووەتەوە لە ناویاندا تارانی پایتەخت‌و شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش.

لە درێژەی هۆشدارییەكاندا، محەمەد ڕەزا نەجەفی پەرلەمانتاری ئێران لە پارێزگای تاران، نامەیەكی ئاراستەی سەرۆككۆمارو سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیری تەندروستی كردووەو داوادەكات لە سەرانسەری تارانی پایتەخت كەرەنتینە ڕابگەیەنرێت‌و ژیانی گشتیی ڕابگیرێت.

نەجەفی لە نامەكەیدا هۆشداریی دەدات‌و دەڵێت: ئەگەر دەسەڵاتداران هەمان كەمتەرخەمیی پارێزگای قوم لە تاران دووبارە بكەنەوە، ئەوا چارەنوسی وەكو شاری ووهانی چین دەبێت‌و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە تاران ئەستەم دەبێت.

بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، لە چەندین پارێزگای ئێران، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە، ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایانە بە مادەی پاككەرەوەو دژە ڤایرۆس خاوێن دەكرێنەوە.

لەسەر ئاستی جیهانیش ڤایرۆسەكە بە خێرایی تەشەنە دەكات‌و لە زیاتر لە 70 وڵات‌و ناوچە تۆمار كراوە، تووشبووانی كۆرۆنا نزیكبوونەتەوە لە 100 هەزار كەس كە زیاتر لە سەدا 80یان لە چینن، دوای چین زۆرترین تووشبوو لە كۆریای باشوورە كە 6 هەزارو 500 كەسی تێپەڕاندووەو دوای ئەویش ئێران پاشان ئیتاڵیا دێت.

مردن بەو ڤایرۆسە لە جیهاندا 3 هەزارو 400 كەسی تێپەڕاندووەو زۆرینەیان لە چینن، دوای چین زۆرترین حاڵەتی مردن لە ئیتاڵیایە كە 148 حاڵەتەو پاشان ئێران پلەی سێیەمی هەیە.