میدیا جیهانییەكان چۆن باسی خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی هەرێم دەکەن؟

24-11-2021 09:00

پەرەگراف

ماوەی چوار ڕۆژە خۆپیشاندانی فراوانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دژی بڕینی دەرماڵەكانیان بەردەوامە. میدیا ناوخۆیی و عەرەبی و جیهانییەكان گرنگیی زۆریان بە بابەتەكە داوە و ڕووماڵێكی فراوانیان لەبارەوە كردووە.

ئەو توندوتیژییانەی لە خۆپیشاندانەكە كەوتەوە، هێندەی تر هەواڵەكانی بۆ میدیاكان گەرمتر كردووە و ڕووماڵەكەی فراوانتار كردوون، تاوەكو بەردەوام زانیاریی نوێ لەسەر دۆخەكە بەو كەسانە بگەیەنن كە دەیانەوێت هەواڵە گەرمەكانی هەرێمی كوردستان بزانن.

ئاژانسی فرانس ڕاپۆرتێكی وردی لەسەر خۆپیشاندانەكان كردووە، ئاماژەی بەوە كردووە كە بەشێوەیەكی كتوپڕ دەستی پێ كردووە، خوێندكاران داوای دەرماڵە و دابینكردنی خزمەتگوزاری و دانانی سنوورێك بۆ هەژاری دەكەن.

یەكێك لە خوێندكارەكان بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ئێمە زۆر پێویستیمان بەو بڕە پارە كەمە هەیە، خوێندكارمان هەیە بەهۆی نەبوونی پارەوە ناتونێت بەگەڕێتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی لە قەزا و ناحییەكان، خوێندكاری دیكەش هەیە ناتوانێت لە ڕۆژێكدا سێ ژەم نان بخوات".

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، وەزارەت ساڵانە پێویستی بە 70 ملیار دیناری عێراقییە كە دەكاتە نزیكەی 66 ملیۆن دۆلار، بۆ دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكاران لە تەواوی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان 135 هەزار خوێندكارە.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، دەبێت وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە بۆ خوێندنی باڵا دابین بكات تا بتوانین دەرماڵەكە بدەین.

ماڵپەڕی حوڕڕە كە میدیایەكی نزیك لە ئەمریكایە، هەوڵی داوە لێدوانی بەرپرسان لەسەر شێوازی مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ خوێندكاران و ئەو توندووتیژییانەی ئەنجام دراوە، بزانێت، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە.

حوڕڕە باسی لەوە كردووە، سەرۆكایەتییەكانی عێراق و هەرێم تا ئێستا هیچ لێدوانێكی فەرمییان لەوبارەیەوە نەبووە، بەڵام سەروەت سورچی ڕاوێّژكاری پێشووی بەرهەم ساڵح سەرككۆمار عێراق، ڕووداوەكانی بە سەركوتكردنی خوێندكاران ناو بردووە، لەكاتێكدا ئەوان داوای مافێكی سەرەتایی خۆیان دەكەن.

"جارێكی دیكە هاواری هاووڵاتیی چەوساوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ ستەمی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە"، سورچی وا دەڵێت.

لە بەغداد و شارەكانی دیكەی عێراق چالاكوانن پشتیوانیی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، هاوكات چەند حیزبێكی عێراقیش كە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دروست بوون، لەنێوانیاندا حیزبی ماڵی نیشتمانی، پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە.

ماڵپەڕی ئێرۆ نیوز لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كردووە، خۆپیشاندانەكان وێنەیەكی دیكەی هەرێمی كوردستانە كە هەمیشە هەوڵ دەدات وەك ناوچەیەكی ئارام و گەشەسەندوو لە ڕووی ئابوورییەوە دەربكەوێت.

ئێرۆ نیوز دۆخەكەی بەستووەتەوە بە هۆكارێك بۆ دروستبوونی قەیرانی كۆچ، كە بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی عێراق و بەتایبەت هەرێمی كوردستان بە شەپۆلی گەورە كۆچ دەكەن، دواترین دۆخیش ئەوەبوو كە لەسەر سنوورەكانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندا دروست بوو، هەزاران كەس لە سەرمایەكی زۆردا چاوەڕێی هەلێك بوون بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا، ئەوە دەنگدانەوەیەكی گەورەی جیهانیی لێ كەوتەوە، بەتایبەت خراپیی دۆخی ئەو كۆچبەرانە لەو سەرمایەدا.

ماڵپەڕی شەرقولئەوسەت جەخی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوەپێكردنی خوێندكارە خۆپێشاندارەكان بەكار هێناوە، دواتریش گوللـەیان بە هەوادا تەقاندووە وەك هۆشدارییەك بۆیان.

دەرماڵەی مانگانەی خوێندكاران لە نێوان 40 بۆ 100 هەزار دیناردایە، لە ساڵانی ڕابردوودا مانگانە دەدرا بە خوێندكارانی زانكۆی و پەیمانگاكان، بەڵام ساڵی 2014 دوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەغداد لەسەر بوودجە، هەروەها دەركەوتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، دەرماڵەمە بڕا، ماوەی چەند ڕۆژێكیشتە خوێندكاران داوای دووبارە خەرجكردنەوەی دەكەین.