ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سلێمانی دەستگیرکرابوون ئازادکران

25-11-2021 01:55

پەرەگراف

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکاندا لە سلێمانی دەستگیر کرابوون، ئەمڕۆ ئازادکران.

نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ پەرەگراف وتی "کاک قوباد لەسەر خەت بوو تا سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووسانەیدەستگیرکرابوون بە ڕێککاری یاسایی ئازاد کران".

ھەریەکە لە بەرھەم لەتیف و بڕوا ئەسعەد لە ماڵپەڕی ڕۆژنیوز، عەباس محەمەد لە کەناڵی بەغدادیەو ڕاژان ماجد لە كەناڵی ئەشراقی عەرەبیی، لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی سلێمانی دا دەستگیرکرابوون.

قوباد تاڵەبانی پێشووتر چەندینجار تەئکیدی لەوە کردووەتەوە کە زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووسان نییەو ڕێگەنادەن ڕۆژنامەنووس زیندانیی بکرێت، بەڵام ئەو چوار ڕۆژنامەنووسە شەوێکیان لە زیندان بەسەر برد.

ڕۆژنامەنووسان ڕوبەڕوی پێشێلکاریی و توندوتیژی بوونەوە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کاتێک ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، دەڵێت "ئەمرۆ لە سەرجەم شارەكانی كوردستانەوە، سكاڵامان پێدەگات، دوژمنكارانەتەماشای رۆژنامەنوس و زومی كامێرەكانیان دەكەن، وێنەگرتن و روماڵی راستەوخۆو ناراستەوخۆ قەدەغەیە، ئەوەی راپۆرت ئامادە بكاتیەكسەر دەستبەسەر دەكرێن وەك ئەوەی نیوەڕۆی ئەمرۆ لە شاری هەولێر بەرامبەر بە تیمی "میدیایی ئێستا" كرا، تیم و كەرەستەوئۆتۆمبێلەكەیان راپێچ كرد، نازانین بۆ كوێ بروان".